شێواندنی خوێنه‌ر
وه‌ڵامێك بۆ بابه‌تی (ئه‌هلی زیمه)ی سه‌ردار عه‌زیز
فازڵ قه‌ره‌داغی
شه‌ممه-05-حوزه‌یران(مانگی 6)-2010
نیازم بوو زووتر له ئێستا ئه‌م وه‌ڵامه بنووسم، باسه‌كه‌ش ئێستا بنووسرێت یان دواتر كۆن نابێت چونكه بابه‌تێكه ئێستا نووسراوه‌و سبه‌ی دووباره ده‌بێته‌وه، نیازیشم بوو له‌سه‌ر بابه‌تی تری نووسه‌ری تر بنووسم كه وه‌كو ئه‌وه‌ی كاك سه‌ردار هه‌ڵه‌ی زانیاری‌و بۆچوونی هه‌ڵه‌یان تێدایه‌و خوێنه‌ری ئاسایی ئه‌گه‌ر وه‌ڵامێك نه‌بینێت واده‌زانێت ئه‌وه‌ی ده‌یڵێن ڕاستییه‌كی موناقهشهههڵنهگرهو له‌وه‌به‌دوا له مێشكیاندا جێگیر ده‌بێت.
كاك سه‌ردار عه‌زیز، كه گۆشه‌ی (ئێره‌و ئه‌وێ)ی له رۆژنامه‌ی (ئاوێنه)دا هه‌یه، بابه‌تێكی نووسیبوو (ژماره 209 له 2/2/2010، ل14) به‌ناوی (ئه‌هلی زیمه)، یان (ئه‌هلی زیممه) ئه‌گه‌ر له‌فزی وشه‌كه‌ی بۆ ڕاست بكه‌ینه‌وه، بابه‌ته‌كه‌ش وه‌كو هه‌موو بابه‌ته هاوشێوه‌كانی ئه‌و نووسه‌رانه‌یه كه هاوشێوه‌ی كاك سهردارنو وه‌كو بابه‌ته‌كانی ئه‌وانه‌شه كه ئاستیان له كاك سه‌ردار كه‌متره، ئه‌و بابه‌تانه وتنه‌وه‌ی هه‌ندێ قسه‌ی بێبه‌ڵگه‌ن، له‌وه‌ش خراپتر، وتنه‌وه‌ی زانیاریی شێوێنراو، له بابه‌ته‌كه‌ی كاك سهرداریشدا خراپتر هه‌یه: وتنی چه‌ند ئه‌نجامێكی ناته‌واو له‌سه‌ر بناغه‌ی زانیاریی هه‌ڵه ئه‌ویش به‌شێوه‌و پاساوی نامه‌نتقی.
هه‌ركاتێكیش ده‌وترێت نه‌نگییه مرۆڤ بێ شاره‌زایی له‌سه‌ر ئیسلام بنووسێت ده‌وترێت ئه‌مه قورخكردنی باسی ئیسلامه، با وا بێت‌و با وا بوترێت، به‌ڵام له‌كۆتاییدا گوناهی ئاشكرابوونی بێكه‌ڵكیی بابه‌ته‌كه به ملی خاوه‌نه‌كه‌یه‌تی.
((كاك سه‌ردار واتای زیممه ده‌شێوێنێت، زانیاریی هه‌ڵه‌ی له‌سه‌ر ئهنفالو سووره‌تی ته‌وبه‌و مێژووی ئایینی مهسیحیو جووله‌كه‌و مێژووی بزافی قه‌ومیی عه‌ره‌ب ده‌ڵێت))
|
كاك سه‌ردار ده‌نووسێت: ئه‌هلی كیتاب، واته جووله‌كه و مه‌سیحی و له‌هه‌ندێ دۆخدا زه‌رده‌شتی ده‌توانن له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامییدا بژین و ئاینی خۆیان بپارێزن و ئه‌وانه بۆ مانه‌وه‌یان و ژیانیان ده‌بێت پاره بده‌ن كه جزیه‌ی پێده‌وترێت، هه‌روه‌ها ده‌بێت خه‌راج بده‌ن له هه‌ر كارێك ده‌یكه‌ن.
ئه‌م چه‌ند رسته‌یه پێویستیان به چه‌ند راستنهوهیهك هه‌یه، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه بۆچی زاراوه‌ی ئه‌هلی كیتاب (له هه‌ندێ دۆخدا) زه‌رده‌شتییه‌كان (مه‌جووس) ده‌گرێته‌وه؟ مه‌جووس به‌پێی ده‌قی فه‌رمووده‌و كرده‌وه‌ی خه‌لیفه‌كان وه‌كو ئه‌هلی كیتاب جزیه‌یان لێ وه‌رده‌گیرا، ئێمه ده‌توانین باسی بۆچوونێكی فیقهی بكه‌ین كه ده‌یوت مه‌جووس كتێبێكی ئاسمانییان هه‌بووه، ئه‌وه‌ش (هه‌ندێ بۆچوون)ه نه‌ك (هه‌ندێ دۆخ).
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش چه‌ند دێڕێكی تر بخوێنینه‌وه ده‌زانین كاك سه‌ردار نه‌چۆته‌وه سه‌ر سه‌رچاوه فیقهییه ئه‌سڵییه‌كان به‌ڵكو له به‌شێكی بابه‌ته‌كه‌یدا پشتی به یوسف قه‌ره‌زاوی به‌ستووه، ئیعترازهكهش له‌وه‌دا نییه قه‌ره‌زاوی شاره‌زا نییه، به‌ڵێ شاره‌زایه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یبینین حاڵه‌تێكی دووبارهبوومان پیشان ده‌دات كه تێیدا قسه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كان‌و شتهكانو كه‌سه‌كان ده‌كرێت به‌پشتبه‌ستن به یه‌ك سه‌رچاوه یان دوان. ئه‌م براده‌رانه كتێبێكیان دێته بهردهستو له‌جیاتی ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌كی بۆ بكه‌ن، كه ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ش به‌بێ پاشخانێك له‌و بابه‌ته‌ی باس كراوه دروست نییه، قسه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كه خۆی ده‌كه‌ن.
كاك سه‌ردار ده‌ڵێت مرۆڤ كه سێ بوونی هه‌یه: ئاژه‌ڵی(فیزیكی)و ئابووری‌و سیاسی له‌و سیانه بوونی سیاسی ته‌نها شێوازه كه مرۆڤ تێیدا وه‌كو مرۆڤ دێته بوون، به‌ڵام چۆن؟ ئه‌و ده‌ڵێت: بۆ نموونه ئه‌گه‌ر كه‌سێك بوونی سیاسیی نه‌بێت ئه‌وا ناتوانێت هه‌رگیز داكۆكی له‌خۆی بكات له‌به‌رئه‌وه‌ی داكۆكیكردن ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ئه‌وانی تر كه مافی سیاسی‌یان هه‌یه.
سه‌رباری ئه‌م روونكردنه‌وه‌یه هێشتا قه‌ناعه‌تی پێ نه‌كردووین كه ته‌نها له بوونی سیاسی‌دا مرۆڤ وه‌كو مرۆڤ دێته بوون.
ئه‌وه‌شی له‌وه سه‌یرتر ئه‌وه‌یه ته‌نها سێ بوون جیاده‌كاته‌وه: ئاژه‌ڵی، ئابووری، سیاسی‌و به‌لای بوونی ئاینیدا ناچێت، راسته‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه ئه‌وه نه سه‌یره‌و نه له بیرچوونه‌وه‌یه، چونكه ئێمه خۆمان له‌به‌رده‌م بیركردنه‌وه‌یه‌كدا ده‌بینین كه له‌ناو فه‌زایه‌كدا ده‌ژی كه تێیدا ئاین یه‌كێك نییه له پێداویستییه‌كان.
وه‌ك چۆنیش ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و سێ بوونه هه‌ڕه‌مه‌كییه، كاك سه‌ردار به‌هه‌مان مه‌نتیقه‌وه ده‌گاته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه به‌بێ بوونی سیاسی مرۆڤ خاوه‌نی هیچ بوونێك نییه، چۆنیش؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی كه ئه‌هلی زیممه پێویسته پاره بده‌ن بۆ خۆی وته‌نی (زیممهكردن)، كه ئه‌وه‌ش نه‌بوونی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر بوونی ئابووریدا ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌مه‌ش پاساوێكی سه‌یره بۆ ئه‌نجامێكی وه‌كو خۆی سه‌یر چونكه هه‌قمانه بپرسین: چۆن‌و بۆچی كاتێك به‌رامبه‌ر به شتێك پاره بده‌م ئیتر ده‌سه‌ڵاتم به‌سه‌ر بوونی ئابووریی خۆمدا نه‌ما؟ ئایا ئه‌و كه‌سه رۆژئاواییه‌ی باجێك ده‌دات كه له‌و بڕه پاره‌یه زۆرتره كه كاك سه‌ردار وته‌نی بۆ (زیممهكردنه) ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر بوونی ئابووریی خۆیدا نه‌ما؟
به‌داخه‌وه كاك سه‌ردار ویستبووی بگاته ئه‌نجامێك ئیتر رێگه‌كه چۆن ده‌بێت با ببێت، ئه‌وه‌ش به‌مه‌رجێك ئه‌نجامه‌كه خۆی دروست نییه. ئیتر له‌م كه‌ینوبه‌ینه‌دا پێناسه‌كه‌ی بۆ زیممه ون ده‌بێت، ون ده‌بێت كاتێك لێی ده‌كۆڵیته‌وه ئه‌گینا ئه‌گه‌ر هه‌ر خوێندنه‌وه‌ی خێرا‌و ساده بێت ئه‌و پێناسه‌یه زه‌ق دهردهكهوێتو تۆش ده‌پرسی: ئایا راسته زیممه واتا (ئاگا لێبوون، پاراستن، پارێزگاریكردن)ه؟
((بابه‌ته‌كه‌ی سه‌ردار عه‌زیز وه‌كو بابه‌تی تری نووسه‌ری هاوشێوه‌ی تر هه‌ڵه‌ی زانیاری‌و بۆچوونی هه‌ڵه‌ی تێدایه))
|
ئه‌و واتایانه ده‌رئه‌نجامی (زیممه)ن ئه‌گینا زیممه خۆی واته عه‌هد یان په‌یمان، هه‌روه‌ها واتای ئه‌مانیش ده‌دات، كاتێكیش ده‌ڵێیت ئه‌و كه‌سه ئه‌هلی زیممهیه مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه كه‌سێكه په‌یمانت له‌گه‌ڵدا به‌ستووه، له‌ده‌رئه‌نجامی ئه‌و په‌یمانه‌ش ئهمانو پاراستن‌و پارێزگاریكردن دێن، بێگومان له‌گه‌ڵ ئیمتیازاتی تر وه‌كو ئه‌وه‌ی سه‌ربازیی زۆره‌ملێی به‌سه‌ردا نه‌سه‌پێنی، یان جێبه‌جێكردنی حوكمی ئاینه‌كه‌ی خۆی وه‌كو چۆن له فیقهدا ئه‌و موسڵمانه‌ی شه‌رابی كه‌سێكی ناموسڵمان بڕێژێت پێویسته پاره‌كه‌ی ببژێریت هه‌رچه‌نده شه‌راب له ئیسلامدا حه‌رامه.
به‌داخه‌وه ههڕهمهكییهتو سه‌پاندنی ئه‌نجامێكی خواستراو له‌رێگه‌ی پاساوی نامه‌نتیقی به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌وه‌تا كاك سه‌ردار ده‌ڵێت كه چه‌مكی ئه‌هلی زیممه بووه ژێرخانیك بۆ شۆڤێنیه‌تی عه‌ره‌بی كه كورد به‌رده‌وام به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێت.
كاك سه‌ردار ته‌نها مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه بڵێت: خوێنهرینه! چه‌مكی ئه‌هلی زیممه خراپه ئه‌وه‌تا دژی كورد به‌كارهاتووه، به‌ڵام پاساوه‌كه‌ی كاك سه‌ردار ناڕێكه به مێژوو، چونكه شۆڤێنیه‌تی عه‌ره‌ب كه به‌عس نوێنه‌رێكی گه‌وره‌ی بوو له‌لایه‌ن غه‌یری موسڵمانه‌وه دامه‌زرا، به‌ڵگه‌ش ته‌نها ئه‌وه نییه كه دامه‌زرێنه‌رو سه‌رانی به‌عس موسڵمان نه‌بوون، به‌ڵكو له‌وه گرنگتر كرۆكی بزاڤهكهیه كه بریتی بوو له پێشخستنی په‌یوه‌ستی نهتهوهییو ته‌ماشاكردنی لایه‌نی ئاینی ته‌نها وه‌كو توراسێك. كه‌واته نه‌خێر شۆڤێنیه‌تی عه‌ره‌بی چه‌مكی ئه‌هلی زیممه‌ی نه‌كرده ژێرخان به‌ڵكو چه‌مكی ئه‌هلی زیممه‌ی كاڵ كرده‌وه، ئه‌سڵن بزاڤی قه‌ومیی عه‌ره‌ب به‌شێوه‌یه‌كی گشتی‌و زۆر پێشتر له به‌عس له‌سه‌ر ده‌ستی مه‌سیحییه‌كان سه‌ری هه‌ڵدا، پێویسته ئه‌هلی زیممه سوپاسی شۆڤێنیه‌تی عه‌ره‌بی بكه‌ن. كاك سه‌ردار ناتوانێت بگاته ئه‌و ئه‌نجامه ساده‌یه چونكه بڕیاری پێشوه‌ختی شتێكی تره.
كاك سه‌ردار باسی كه‌سانی خاوه‌ن ئاینی جیاواز ده‌كات كه مافی سیاسی‌یان نییه‌و پله‌و پایه‌ی هه‌ستیاریان پێ نادرێت ئینجا ده‌ڵێت كه مانه‌وه‌یان كه‌وتۆته ئه‌ستۆی موسڵمانان واته موسڵمانان مافی له‌ناوبردنیان هه‌یه. ئه‌مه‌ش زۆر سه‌یره: كێ باسی ئه‌وه‌ی كردووه كه موسڵمانان بۆیان هه‌یه ئه‌هلی زیممه له‌ناوبه‌رن؟ ئه‌ی ئه‌هلی زیممه (واته ئه‌هلی عه‌هد) واتای چییه؟ ئه‌وه‌ی باشه كاك سه‌ردار وشه‌ی (به‌تایبه‌ت) به‌كارده‌هێنێت: (به تایبه‌ت كاتێك كه كێشه دهێتـه ئاراوه). ده‌شبوایه له‌سه‌ر ئه‌وه بڕۆشتایه كه چین ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی تێیاندا عه‌هدی ئه‌هلی زیممه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و یه‌كسه‌ر ده‌چێته سه‌ر (ئایه‌ته‌كانی شمشێر) له سووره‌تی (ته‌وبه)دا‌و ئه‌وه‌یان ده‌كاته به‌شێك له حاڵه‌تی مافی موسڵمان بۆ له‌ناوبردنی ئه‌هلی زیممه، به‌ڵام مه‌خابن ئه‌و ئایه‌ته‌ی شمشێر (كه یه‌ك ئایه‌ته نه‌ك «ئایه‌ته‌كان» ئه‌ویش ئایه‌تی پێنجه‌می سووره‌تی ته‌وبه، بڕوانه ته‌فسیری ئیبنو كه‌ثير، ته‌فسیری سووره‌تی ته‌وبه، به‌رگی 2، چاپی دار المعرفه، 1969، ل336) باسی حاڵه‌تێكی تر ده‌كات: ئه‌و باسی ئه‌هلی كیتابی ژێر ده‌سه‌ڵاتی موسڵمان ناكات به‌ڵكو باسی شه‌ڕكردن دژی موشریكه‌كان پاش ته‌واوبوونی چوار مانگی حه‌رام (كه به‌پێی به‌هێزترین بۆچوون ئه‌و چوار مانگه‌ن كه له سه‌ره‌تای سووره‌ته‌كه‌دا بۆیان دانرابوون، بڕوانه سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل336). پاشان زانایان له‌باره‌ی ئه‌و ئایه‌ته‌ی شمشێره‌وه ناكۆكن چونكه هه‌یانه ده‌ڵێت نه‌سخ كراوه‌و هه‌یه ده‌ڵێت به‌پێچه‌وانه‌وه ناسخه (سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل337).
ئێمه داوا له كاك سه‌ردار ناكه‌ین هه‌موو ئه‌مانه‌مان بۆ ساغ بكاته‌وه چونكه به‌داخه‌وه به‌ر له‌وه زانیارییه ساده‌كان پێویستیان به ڕاستكردنه‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌تا دوای باسی (ئایه‌ته‌كانی شمشێر) له سووره‌تی ته‌وبه‌دا كه وتمان یه‌ك ئایه‌ته ده‌ڵێت: به‌تایبه‌تی ئایه‌تی ته‌وبه كه دوا ئایه‌ته‌و بواری نه‌سخی نییه. وتمان مه‌سه‌له‌ی نه‌سخی ئایه‌تی شمشێر جێگه‌ی ناكۆكیی زانایان بوو، ئه‌مه یه‌ك، دووه‌میش یانی چی (ئایه‌تی ته‌وبه)؟ سوورهتهكه به‌پاڵ ئه‌وه‌ی ناوی (بهڕائه)ی هه‌یه ته‌وبه‌شی پێده‌وترێت، باسی ته‌وبه‌ش لهكۆتاییدایهو دوو ئایه‌ته، یه‌كه‌میان بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ردا بۆ شه‌ڕی ته‌بووك چووبوون، دووه‌میشیان بۆ سێ كه‌س له‌وانه‌ی نه‌چووبوون، واته كاك سه‌ردار تێكه‌ڵی كردووه له‌نێوان ئایه‌تی شمشێرو ئایه‌تی ته‌وبه. پاشان واتای چییه ئایه‌تی ته‌وبه دوا ئایه‌ته؟ دوا ئایه‌تی قورئان؟ دوا ئایه‌تی سوورهتهكه؟ هیچ له‌مانه ڕاست نین.
كاك سه‌ردار له ڕه‌خنه‌گرتن له ئیسلام ده‌چێته سه‌نگه‌ری ئاینی مهسیحیو جووله‌كه‌و ده‌ڵێت كه ئه‌و به‌ئاگایه كه هه‌موو ئاینه‌كان خه‌ڵكیان دابه‌ش كردووه بۆ بڕوادارو بێ‌بڕوا، به‌ڵام ئاینی مهسیحیو جووله‌كه به‌شێوه‌یه‌كی راستهوخۆو كاریگه‌ر كه‌وتوونه‌ته ژێر چه‌مكی مۆدێرنه‌ی هاوڵاتییه‌وه كه به‌پێچه‌وانه‌وه له ئیسلامدا زۆر به‌كه‌می نه‌بێ نه‌كه‌وتۆته ژێر هیچ كاریگه‌رییه‌كی ئه‌و چه‌مكه‌وه.
ئه‌وه‌ی كاك سه‌ردار ده‌یڵێت كاره‌ساته چونكه ئاگادار نییه له‌و تاوان‌و جیاكارییانه‌ی به‌ناوی ئاینی جووله‌كه‌و مه‌سیحییه‌وه دژ به ئاینه‌كانی تر كراون، به‌ڵكو دژ به هاوئاینو دژ به مه‌زهه‌به‌كانی تری ئاینه‌كه‌ی خۆشیان كراون، رۆژئاواش تا ماوه‌یه‌كی زۆر به‌ده‌ست جه‌نگی ئاینییه‌وه ده‌یناڵاند، ئیتر ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی له مه‌سیحیه‌تی ئه‌مڕۆ بێت ده‌بێت بپرسین چه‌ند ئه‌م مه‌سیحیه‌ته له‌گه‌ڵ مه‌سیحیه‌ته ئه‌سڵییه‌كه‌دا رێكه؟ كه بێگومان ناڕێكه، چونكه ده‌وری ئاین له رۆژئاوا (جگه له هه‌ندێ وڵات) له پهراوێزدایهو ئه‌و مه‌سیحیه‌ته‌ی ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی به سه‌ردا هاتووه مه‌سیحیه‌ته ئه‌سڵییه‌كه نییه، به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌و مه‌سیحیه‌ته دهستكاریكراوهش ده‌بینین له هه‌ندێ موناسه‌به‌دا دژ به چه‌مكی هاوڵاتییه‌وه ده‌وه‌ستێته‌وه.
سه‌باره‌ت به ئاینی جووله‌كه‌ش مۆدێرنترین چه‌سپاندنی له ئیسرائیلی ئه‌مڕۆدایه كه به شایه‌تیی رۆژئاواییه بهئینسافهكان ده‌وڵه‌تێكی ره‌گه‌زپه‌رسته نه‌ك ته‌نها به‌رامبه‌ر عه‌ره‌به موسڵمانه‌كان، به‌ڵكو به‌رامبه‌ر جووله‌كه‌كانی (سه‌فاردیم)یش. جوله‌كه‌ی سه‌فاردیم ئه‌وانه‌ن كه له ئیسپانیادا له ژێر سایه‌ی موسڵماناندا ده‌ژیان و دوای سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌نده‌لوس مه‌سیحییه‌كان دهریانكردن، به‌شی زۆریشیان چوونه وڵاتانی موسڵمانان‌و له‌وێدا به ئازادی‌و بێ چه‌وساندنه‌وه دهژیانو پاش دامه‌زراندنی ئیسرائیل كۆچیان بۆ كرد.
بێگومان قسه‌یه‌ك بناغه‌ی نه‌بێت زوو له‌یاد ده‌چێت، ئه‌وه‌تا كاك سه‌ردار له كۆتایی بابه‌ته‌كه‌یدا ده‌ڵێت: چه‌مكی مرۆڤ یانی مه‌رگی چه‌مكی ئاین.. كه‌واته ئاینی مهسیحیو جووله‌كه هیچیان نه‌ماوه، چونكه به‌پێی ئه‌و چه‌مكی مرۆڤیان قبووڵ كردووه. پاش خۆدزینه‌وه له مه‌سه‌له‌ی شۆڤێنیه‌تی عه‌ره‌بی ده‌گه‌ڕێته‌وه سهریو ده‌ڵێت ئیسلام زه‌مینه‌ی بۆ جیاكاری ره‌خساندووه بۆیه شۆڤێنیه‌تی عه‌ره‌بی ده‌توانێت بڕوا به خه‌ڵك بهێنێت كه ئه‌وانی تر كه جیاوازن شایه‌نی مافی سیاسی‌یان نییه. دیسانه‌وه‌ش په‌یوه‌ستێك نابینین چونكه وه‌ك وتم غه‌یری موسڵمان ده‌وری گه‌وره‌یان هه‌بوو له بزاڤی قه‌ومیی عه‌ره‌بی.
ئینجا له‌سه‌ر جیاكاری دهڕواتو باسی سووریای به‌عس ده‌كات كه مافی هاوڵاتیبوونی له كورده‌كانی خۆی سه‌ندو ئه‌مه له سه‌رانسه‌ری وڵاتانی عه‌ره‌بیدا بڵاوه‌و ئه‌و بڕگه‌یه به رسته‌یه‌ك كۆتایی پێدێنێت كه ناچارم بڵێم بازاڕییه: (به‌ڵام هه‌رگیز مزگه‌وته‌كان لێی نایه‌نه قسه).
پاشان ده‌چێته سه‌ر باسی ئه‌نفال كه به‌پێی ئه‌و ئه‌نفال ئه‌وه‌یه خه‌ڵكێكی باڵاده‌ست هه‌ن ئه‌ویش به‌رامبه‌ر خه‌ڵكێك كه ده‌بێ گوێڕایه‌ڵی ئه‌و باڵاده‌ستانه بن، هه‌ر كاتێكیش وێرایان ئه‌و گوێڕایه‌ڵییه بپسێنن ئه‌وا زوو مافی بوونی ئاژه‌ڵیشیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن واته مافی مانه‌وه‌ی جه‌سته‌ییان نامێنێت. ناشزانم له چ فه‌رهه‌نگێكدا ئه‌نفال واتای كه‌سانی باڵادهستو كه‌سانی به‌رامبه‌ر هه‌یه؟ ئه‌وه ته‌نانه‌ت له فه‌رهه‌نگی به‌عسیشدا نییه، چونكه ئه‌نفال وه‌ك زاراوه‌یه‌كی قورئانی په‌یوه‌ندیی به ده‌ستكه‌وته‌كانی جه‌نگه‌وه هه‌یه، باسیش له چۆنیه‌تیی دابهشكردنیانه كه به‌پێی تهفسیرێك ئه‌نفال ئه‌و به‌شه‌یه سه‌ركرده ده‌یدات به كه‌سانی دیاریكراو جگه له به‌شه ئه‌سڵییه‌كه‌ی خۆیان، ئیتر نه‌باس له باڵادهستیو نه‌هیچ، ته‌نانه‌ت به‌عسیش كه واتای ئه‌نفالی شێواند ئه‌و واتایه‌ی به‌كارنه‌ده‌هێنا.
ئیتر پێویست ناكات له‌سه‌ر قسه‌كه‌ی تر بڕۆین (واته: كاتێك وێرایان ئه‌و گوێڕایه‌ڵییه بپسێنن مافی ئاژه‌ڵیشیان..تاد)، چونكه ئه‌وه ته‌نانه‌ت له‌و جۆره قسه بازاڕییانهش نییه كه زوو زوو ده‌یانبیستین.
كاك سه‌ردار بابه‌ته‌كه‌ی به قسه‌یه‌كی بێبه‌ڵگه كۆتایی پێده‌هێنێت سه‌باره‌ت به چه‌مكی مرۆڤ‌و چه‌مكی ئاین‌و كه ئه‌وه‌نده به‌سه تۆ مرۆڤ بی بۆ ئه‌وه‌ی مافت هه‌بێت: ئه‌و ده‌ڵێت چه‌مكی مرۆڤ واتا مه‌رگی چه‌مكی ئاین كه وه‌ك پێشتر باسم كرد به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر مه‌رگی مهسیحیهتو ئاینی جووله‌كه كه ((به‌شێوه‌یه‌كی راستهوخۆو كاریگه‌ر كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ریی چه‌مكی مۆدێرنه‌ی هاوڵاتییه‌وه)).
ئاین وا ناڵێت، ئاین مه‌رگی خۆی یه‌كسان ده‌كات به ئاژه‌ڵبوونی مرۆڤ، خۆ ئه‌گه‌ر مه‌رگی ئاین بۆ ئه‌و ئاینانه قبووڵ بكه‌ین كه جیاوازی له نێوان ئاینه‌كان ده‌كه‌ن ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئاینێك هه‌بێت هه‌موو مافه‌كان به هه‌ڵگری ئاینه‌كانی تر ده‌دات؟ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه قسه‌كه‌ی كاك سه‌ردار قسه‌یه‌كی ره‌هایه له‌و جۆره‌ی به‌دڵنیاییه‌وه هه‌ر خۆی له موناسه‌به‌ی تردا له خه‌ڵكی تر قبووڵی ناكات. پاشان مه‌رگی چه‌مكی ئاینی به‌هۆی چه‌مكی مرۆڤه‌وه نه‌بوو، به‌ڵكو به‌هۆی فیكره‌ی قه‌ومی‌و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی قه‌ومییه‌وه بوو كه په‌یوه‌سته ئاینییه‌كه‌ی لاواز كرد، ئه‌و په‌یوه‌سته‌ی به‌هۆی خودی چاكسازیی ئاینییه‌وه لاواز ببوو، به‌واتایه‌كی تر ئه‌مه ده‌بێته مژده‌ی به‌هه‌شتێكی سه‌رزه‌وی كه بڵێین بۆ به‌رقه‌راربوونی سه‌روه‌ریی مرۆڤ وه‌ك مرۆڤ پێویسته ئاین سه‌روه‌ر نه‌بێت.. به‌ڵام دیاره ئه‌وه به‌هه‌شت نییه به‌ڵكو سه‌رابه چونكه ئه‌گه‌ر وابوایه رۆژئاوا ئه‌وانی تری وه‌كو مرۆڤ ته‌ماشا ده‌كرد كه مێژوو و ئێستا پڕن له نموونه‌ی پێچه‌وانه‌و به‌تایبه‌تی مێژووی داگیركاریی ڕۆژئاوایی.
ئه‌مه ته‌نها یه‌ك نموونه‌یه له‌سه‌ر قسه‌كردن له‌سه‌ر بابهتهكان به‌پشتبه‌ستن به زانیاریی هه‌ڵه‌و بۆچوونی هه‌ڕه‌مه‌كی، كه له‌كۆتاییدا ده‌بێته هۆكار بۆ شێواندنی عهقڵییهتو زانیارییه‌كانی خوێنه‌ر.
له رۆژنامه‌ی كۆمه‌ڵ 425، 29/5/2010، ل 7 بڵاوبۆته‌وه
------------------------
www.zagros.org/content/fadhil/fadhil-2010-06-05-006.html