گوتاری ئازاد.. له نێوان مه‌لاكان‌و رۆژنامه‌نووساندا
فه‌قی عه‌بدوڵڵای سورداشی
شه‌ممه-16-ئاب(مانگی 8)-2008
ئه‌وه‌ی ڕشته‌ی مرواری مه‌لا سه‌جادی خوێندبێته‌وه، ده‌گاته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه مه‌جلیسی مه‌لاكان پڕیه‌تی له قسه‌ی خۆش‌و نوكته‌ی كات به‌سه‌ربردن.. ئه‌وه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێَت كه مه‌لا سه‌رمه‌شقی مه‌جلیسه‌كانه‌و به‌شتی سه‌یرو سه‌مه‌ره ده‌یڕازینێـته‌وه كه خۆشیان باش ده‌زانن ئه‌و بابه‌تانه ته‌نها بۆ دڵمرادن باشن‌و هی دڵمردووانن.. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان خه‌ڵكیان زۆر هێناوه‌ته پێكه‌نین، من له گوتاره‌كه‌مدا هه‌وڵده‌ده‌م به‌وپه‌ڕی خه‌مخۆرییه‌وه تاوێك مه‌لا بهێنمه گریان.. هه‌تا ئیسلام له كوردستاندا قسه‌ی ده‌ڕۆیشت، حورمه‌تی مه‌لاش به‌و هۆیه‌وه ده‌گیراو زۆربه‌ی مه‌لاكانیش ئه‌وه‌یان قۆستبۆوه له‌سه‌ر زه‌كات‌و سه‌رفیتره‌ی خه‌ڵكی ده‌گوزه‌ران و خۆیان ده‌ست‌و پێ سپی هیچیان نه‌ده‌كرد.. بیریان چوو "الید العلیا خیر من الید السفلی" بیریان چوو به‌نی ئاده‌م كه داوای لێ ده‌كه‌یت تووڕه ده‌بێت، داواكار هه‌میشه به سووك ته‌ماشا ده‌كرێ.. هه‌تا وایلێهات مه‌لاكان خۆیان ئه‌و نوكته‌یه ده‌گێڕنه‌وه كه، مه‌لایه‌ك خه‌ریك بوو ده‌خنكا كه‌چی كه ده‌یانووت: مه‌لا ده‌ستت بێنه نه‌یده‌دا، تا وتیان: مه‌لا (هـا) بیگره، ئینجا ڕزگاری بوو.. ئێستا ئه‌و رۆژه‌یه مه‌لا قه‌رزه‌كانی ئیسلام بداته‌وه، ئیسلام چه‌ند بۆ ئێوه ژیاوه چه‌ندی به ویقاركردبوون و چه‌ند ئێوه‌ی ژیاندووه.. ئێستا وه‌ختی ئه‌وه‌یه له خۆتان بپرسن ئێوه چه‌ند ئیسلامتان ژیاندووه، چه‌ند بۆ ئیسلام ژیاون‌و شكۆمه‌ندتان كردووه. ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌تان زۆر بۆ خه‌ڵك باس كردووه (ئه‌گه‌ر یه‌كێك خودا خۆشی بوێت، به ئاسمانه‌كاندا فریشته ده‌نێرێ ده‌ڵێت: خودا فڵانی خۆش ده‌وێت، ئێوه‌ش خۆشتان بووێت) ئاخۆ تا چه‌ند تاكه تاكه‌تان به ئومێدی ئه‌و فه‌رموده‌یه‌وه ده‌ژین... هه‌روه‌ها خودا یه‌كێكی خۆش بوێت تاقیده‌كاته‌وه [[وَلَنَبْلُوَنَّكُمْ بِشَيْءٍ مِنَ الْخَوفْ وَالْجُوعِ وَنَقْصٍ مِنَ الأَمَوَالِ وَالأنفُسِ وَالثَّمَرَاتِ وَبَشِّرِ الصَّابِرِينَ] البقرة/ 155 [أَ حَسِبَ النَّاسُ أَن يُتْرَكُوا أَن يَقُولُوا آمَنَّا وَهُمْ لَا يُفْتَنُونَ] العنكبوت/2 . . ئاخۆ ئێستا كه ئیسلام تۆمه‌تباره به تیرۆر‌و زۆر شتی تر، تا چه‌ند مه‌لا ئاماده‌یه له سه‌ر ئیسلام شه‌ق بخوات، تاڵان بكرێت، به‌ند بكرێت.. ئێستا دژایه‌تیكردنی ئیسلام مۆده‌ی ڕۆژه، تاچه‌ند مه‌لا به‌شێك له ئازاره‌كانی ئیسلام هه‌ڵده‌گرێت‌و به‌شێك له‌و ته‌وهینانه‌ی رووبه‌ڕووی ئیسلام ده‌بنه‌وه ئه‌م ببێته قه‌ڵغانێك و خۆی بداته به‌ر، ئاخر مه‌لا هێمایه‌كی زه‌قی ئه‌م ئیسلامه‌یه كاتی ئه‌و موته‌مه‌كینه، مه‌لاش قسه‌ی ده‌ڕوات و له سه‌ره‌وه‌ی مه‌جلیسه‌كان داده‌نیشێ، كاتی ئیسلام موته‌مه‌كینه نییه، مه‌لا چی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ته‌مكین بۆ ئیسلام بگه‌ڕێته‌وه. ئاشكرایه له‌م كوردستانه ده‌یان هه‌زار مه‌لا نانی ئیسلام ده‌خوات، به‌لام كاتێ ئیسلام پێویستی به هاوارێك بێت ته‌نها (400) چوار سه‌د كه‌س ناوی ده‌نووسێ، ئه‌وی دی ده‌ترسێ مێزه‌ره سپی‌و سۆڵه‌كه‌ی تۆزاوی بێت، ده‌قی جبه‌كه‌ی تێك چێت. به‌ڕێَزان، مێزه‌رو جبه ئه‌گه‌ر ئاوا رێزی لێبگرێ ده‌بێته (لباس الشهره)، مه‌لا چنگیانی ده‌یووت: له‌وكاته‌دا نوێژی پێوه ناكرێ، چونكه له جلكی پاشا ده‌چێت، چونكه مینبه‌ر به حورمه‌ته لایه‌ق به كه‌سێكه حورمه‌تی نه‌شكێنێ، هه‌ر له نه‌وه‌وی و ئیبن ته‌یمیه و سه‌رخه‌سی دێت، ئایا ده‌زانن ئیمامی سه‌رخه‌سی له نێو بیردا به‌ند كرابوو، جار جار كه قوتابییه‌كانی ده‌چوونه لای قسه‌ی بۆ ده‌كردن ئه‌و قسه‌و زانستانه بوونه كتابی الـمبسوط. ئاخۆ ئه‌و ده‌یان هه‌زار مه‌لایه‌ی نانی ئیسلام ده‌خۆن ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و (350) قوتابییانه‌ی كۆمپیوته‌ری سلێمانیان پێناكرێ... كوڕه ئه‌وه له‌سه‌ر شتێكی نیوه هه‌ق كچه‌كانیشیان شه‌قیان تێهه‌ڵدرا‌و تا ئێستاش ئاماده‌نین وازبێنن. ئایا حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵای لوبنانی مه‌لایه‌كی شیعه نییه كه ئیسرائیل و ئه‌مریكاش به‌قه‌د هه‌موو ده‌وڵه‌ته ئیسلامییه‌كان زیاتر حسابی بۆ ده‌كه‌ن، ئاخۆ ئه‌و نه‌بوو ئه‌فسانه‌ی (اسطورة) ئیسرائیلی شكاند. ئاخۆ یه‌كێتی زانایان تا ئێستاچه‌ند كۆڕ‌و سیمیناری ده‌رباره‌ی (كۆمه‌ڵناسی، ده‌روونناسی،...) بۆ مه‌لاكان كردۆته‌وه كه پێویستیی سه‌ره‌كی ئیشی ئه‌وانه، تا باشتر هۆكاره‌كانی تاوان بزانن و چاره‌سه‌ری واقیعیشی بۆ بخه‌مڵێنن، چونكه زۆر كێشه ڕه‌گ و ڕیشاڵی له وڵاتی ئێمه‌دا نییه، به‌ڵكو هاورده‌یه.. مه‌لا به‌ڕێزو شه‌كه‌ته‌كانم.. ئێوه له كورده‌واریدا به هۆی ئیسلامه‌وه ئه‌وه‌نده به‌ڕێز بوون، دوژمنانی ئیسلام له ترسا هه‌ر به ناوی مه‌لایه‌تییه‌وه ئیشیان ده‌كرد، (مه‌كسیم ڕۆدنسۆن) ده‌ڵێت: "له ڕۆژهه‌ڵات نه‌ك عه‌لمانی و دیموكراسییه‌كان به‌ڵكو شیوعییه‌كانیش سه‌ره‌وه‌ری ئاینییان له پێناو چه‌سپاندنی ماركسیزم‌دا به‌كارهێناوه" خۆتان بزووتنه‌وه‌ی هه‌قه باش ده‌ناسن كه له شه‌ده‌ڵه‌و كه‌لكه سماق‌و سردو كڵێسه‌و ناوچه‌ی سورداش و ناوشوان موریدیان هه‌یه، خۆ هه‌ر به ناوی مه‌لاو شێخه‌وه هاتن‌و حه‌مه سووریا‌ن به‌ئاشكرا خۆی به‌یان ده‌كردو خه‌ڵكیش ده‌ناسم له ژیانیا نوێژی نه‌كردووه، شۆڕشی داره قوڵه‌یان كرد‌و فیكرێكی كۆمۆنیستی له‌به‌رگی شێخ‌و مه‌لادا هه‌بوو.. به درێژایی شۆڕشه‌كانیش خه‌ڵكی نامه‌لاو كۆمۆنیست به‌ناوی مه‌لاوه ئیشیان كردووه، وه‌ك: مه‌لا ئه‌حمه‌دی بانی خێڵان، مه‌لا به‌ختیار مه‌لا ماتۆڕ، مه‌لا شوكر مسته‌فا.... ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش له پاڵ ناوی ئێوه‌دا حه‌وانه‌وه، حه‌سه‌ن كادیر هه‌بوو، مه‌لایی بوو، له شه‌سته‌كاندا له پشده‌ر بوو ده‌یوت: خۆمان كردبووه مه‌لا ده‌مانوت له قورئاندا باسی كادیركراوه‌و ده‌ڵێت "الكوادر أعمدة الأحزاب" خه‌ڵكی عه‌ره‌بی نه‌زانیش قه‌ناعه‌تیان پێده‌كردن.. قانیعی شاعیر به‌جلوبه‌رگی مه‌لایانه‌وه مارشی ڕه‌نجه‌ده‌رانی نوسیوه‌و ده‌ڵێت: با هه‌موو جوتیارو پاڵه‌و ڕه‌نجده‌ران یه‌كگرن تا ده‌بنه هێزو پشتیوان كۆمه‌ڵی سۆسیالیزم بنیات بنێن تابڵێن ها..یه‌كیه‌تی ده‌ستی شكان كابرایه‌ك هه‌بوو له سلێمانی ناوی (حه‌سه‌نی حه‌مه خالید) بوو هاوزاوای نه‌وشیروان مسته‌فا بوو، یه‌كجار له دانیشتنێكدا بینیم، گومانم لێ په‌یداكرد له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی‌دا ئیشی ده‌كرد، وای تێگه‌یاندبوون كه نه‌وشیروانیش دره‌نگ‌و زوو هه‌ر ده‌بێته ئیسلامی، وتم ئه‌م تابوری پێنجه‌مه قه‌شمه‌رییان پێده‌كات، كاك حه‌سه‌ن، سه‌ركه‌وت و ڕۆی تا بووه ڕاوێژكارێكی مامۆستا عوسمانی دڵساف (ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت).. به‌لاَم باشبوو پارتی ئه‌و خێره‌ی بۆ خۆی كرد، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی سلێمانی گرت‌و یه‌كیه‌تی هه‌ڵات، ئیدی كاك حه‌سه‌نیش له ترسی گیرانی مه‌له‌فه‌كانی ده‌زگای زانیاری تێیته‌قاند.. عه‌زیز موحه‌ممه‌د، له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كاندا له چه‌مچه‌ماڵ قسه‌ی بۆ خه‌ڵك ده‌كردو هه‌ڵی ده‌خه‌ڵاتاندن ده‌یووت: خه‌ڵكینه ئێمه شیعه نین، ئێمه شیوعین، ئێمه هه‌ر سوننه‌ین، شیعه نین. چه‌ندین ساڵه هه‌زاره‌ها مه‌لا له قه‌ڵاندۆشكانی ئیسلامدا خه‌وی لێكه‌وتووه، واده‌یه‌وێت هه‌ستێت ڕاچه‌نێت، ده‌بینێ ڕانه‌كه‌ی زۆر دووركه‌وتۆته‌وه، گورگ لێیداوه، دێته خوارێ.. به گاگۆڵه‌ی سیاسی ده‌ڕوات و.. ناگات. جاران مه‌لا سوڵتان بوو به سه‌ر سوڵتانه‌كانه‌وه، به‌ڵام ئه‌وكات مه‌لا ئاماده نه‌بوو نه‌ك مووچه، به‌ڵكو دیاریش له سوڵتان وه‌رگرێ، ئه‌و مووچه‌یه‌ی وه‌ریده‌گرن، مادام یه‌كگرتوو نین سنوور‌و ته‌وقه له ڕێتانا، هه‌موو كاتێ ده‌بێ مه‌لا بترسێ له‌و پاره‌یه‌ی ده‌یدرێتێ، چونكه ئه‌وه به‌های شتێكه، ده‌بێ مه‌لا خۆی له‌وه ڕزگاركات بێژێنن‌و ده‌مكوتی كه‌ن. ده‌ڵێن مه‌لا هه‌یه كه‌س له هه‌قی نایه‌ت‌و بێمنه‌ته له هه‌موو كه‌س، من نایناسم، من یه‌كێ له جه‌ربه‌زه‌ترین مه‌لاكانی كوردستان ده‌ناسم یه‌ك هه‌فته گیرا، خه‌ڵكی ئه‌وه‌نده قه‌دریان گرت، یه‌ك ده‌فته‌ر دۆلاریان بۆ كۆكرده‌وه، له‌وه ده‌چێ پاش ئه‌وه‌ش دوو ده‌فته‌ری تری بۆ چووبێ، ئاخۆ ئه‌مه نرخی ئیشه‌كه‌یه‌تی خودا ده‌یداته‌وه یان ئه‌م ئایه‌ته ده‌خوێننه‌وه‌و ده‌ڵێن وَمَن يَتَّقِ اللَّهَ يَجْعَل لَّهُ مَخْرَجاً وَ يَرْزُقْهُ مِنَ حَيْثُ لا يَحْتَسِب] الطلاق/ 22.. خۆ پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) له‌و زیاتری كردووه، تێر نانی جۆی نه‌خواردووه، من ئاگاداری ئیسرافی ئه‌و مه‌لایه‌م، بۆیه ده‌ڵێم ئه‌و مه‌لایه له ئاست ماڵی دونیادا لاواز نییه، كه ده‌ستی ناكه‌وێت.. وه‌ڵاهی واز له دونیا بهێنن ئه‌و خۆی به عیزه‌تی ئێوه‌وه دواتان ده‌كه‌وێ، ئه‌و وازتان لێ ناهێنێ، چونكه یا له خوداوه‌یه تاقیتان ده‌كاته‌وه، یا له شه‌یتانه‌وه‌یه فریوتان ده‌دات. هه‌موو مه‌لایه‌ك ئه‌و رۆژانه‌ی بیره كه له سه‌رووی مه‌جلیسه‌وه داده‌نیشت، قسه قسه‌ی مه‌لا بوو.. به‌ڵام ئێستا ئه‌و رۆژه ڕۆی، ئیدی حزب له خه‌م ڕه‌خسیوه پێویستی به‌وه نییه خاترتان بگرێ و به‌ڵێ‌و قوربان قوربانتان بۆ بكات.... ئێستا ئێوه وه‌ك فه‌رمانبه‌رێك وان كاتێ مووچه‌ی خه‌ڵك زیاد ده‌كرێ، هی ئێوه ده‌بێ (60) هه‌زار كه‌م كات، هه‌قی ئه‌وه‌ی نركه‌یه‌كتان لێوه‌هات، خۆتان گوته‌نی ئێستا سه‌ر ڕووت‌و ده‌م ڕووتی حزب كوێخایه‌و ئه‌و پێتان ده‌ڵێت بایی ئه‌وه‌نده‌مان مه‌لا پێویسته‌و ده‌بێت ئه‌وهاو ئه‌وه‌نده باسی ئیسلام بكه‌یت. ئێوه به‌ندن به ئیسلامه‌وه، بۆیه له‌سه‌ر ئیسلام ده‌بێ بفه‌رموون هه‌ندێ جوێن و ته‌وهینات قه‌بوڵ بكه‌ن، ئه‌وه شه‌هاده‌كه‌تان به‌رز ده‌كاته‌وه.. ده‌نا شه‌قیش ده‌خۆن‌و نابێ جواب بده‌نه‌وه. كاتێك مه‌لا ویقاری هه‌بوو، تاقه حزبی ساحه‌كه پارتی بوو پێیان ده‌وت (مه‌لایی)، به‌ڵام وا ئێستا ئه‌ویش مه‌لای لێ بۆته به‌ڵاو لێی ته‌وه‌لا بووه، ئه‌زانن بۆ؟ چونكه حزبه‌كان ئه‌توانن به ئاسانی پاشقول له مه‌لا بگرن و فریوی بده‌ن، حزب مه‌لای ده‌ویست بۆ پینه‌ی خه‌وشه‌كانی، مه‌لاكه‌ی تیماریان كوشت‌و له میحرابا ده‌ستیان به‌ئاو ده‌گه‌یاندو ده‌یانوت قورئان به حوشترا ده‌نێرینه‌وه، ده‌یانویست مه‌لا به ناوی مه‌زڵومیه‌تی كورد‌و یه‌كڕیزی میلله‌ته‌وه بێده‌نگ كه‌ن. كاتێ ته‌وهین به خودا ده‌كرێ‌و ئه‌و بێده‌نگ ده‌بێت پاشان خۆی حورمه‌ت شكێن ده‌كرێ، ئه‌وان قسه‌ی به خوای ته‌عالا ده‌ڵێن، به‌ڵام مه‌لا نابێت باسی به‌رپرسێك بكات، نابێ له‌سه‌ر خودا بێته ده‌نگ، گوایه خه‌ڵكی له رۆژنامه‌نووسه مه‌عسوم‌و موقه‌ده‌سه‌كان هان ده‌ده‌یت!! هه‌تا مه‌لا به‌وه فریو بخوات كه، ئه‌مه ئیسلامییه، ئه‌مه نا ئیسلامییه، ئه‌مه ئیسلامیی سیاسی چاوكراوه‌و دوژمنناس، ئه‌مه ئیسلامیی ناسیاسی كه‌وده‌ن‌و ده‌سه‌مۆیه.. ئه‌وا هه‌ر ده‌بێت له‌په‌راوێزدا بژی له خواره‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كان بێت و كه هاتنه ده‌ره‌وه بڵێن: - په‌كوه.. كوڕه ئاخیر زه‌مانه، ئه‌وه چ كفرستانێكه... له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی په‌رله‌مانی سه‌رده‌می دكتۆر ڕۆژ نوری شاوه‌یسدا، مه‌لایه‌ك كه پارتیش بوو هه‌ستاو داوای جیابوونه‌وه‌ی كچ‌و كوڕی هه‌رزه‌كاری كرد، كه‌چی دكتۆر ڕۆژ قه‌شمه‌ری پێكرد به‌وه‌ی گوتی: ده‌ی با هه‌ر لێره‌دا جیابینه‌وه، هه‌ر له په‌رله‌مانه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین.. له كاتێكدا به پێی گوته‌ی سه‌رۆكی سه‌ندیكای مامۆستایان، عه‌بدولعه‌زیز ته‌یبی وه‌زیری پێشووی په‌روه‌رده به‌تایبه‌تی كه سه‌ری له ئه‌مریكا داوه‌و بینینویه‌تی له‌وێش هه‌رزه‌كاره‌كان جیان. كاتێ مه‌لا خۆی به حزبێكدا هه‌ڵده‌واسێ، بچووك ده‌بێته‌وه، له كاتێكدا ئه‌و ده‌بوو وه‌ك "ورپه اڵ‌نبیا‌و" خۆی پێ له حزب گه‌وره‌تربێ، ده‌بو ئامانجه قیامه‌تییه‌كان بزوێنه‌ری مه‌لابن، ئه‌وكاته ده‌توانن له هه‌ڵبژاردندا، له ڕووداودا قورساییان هه‌بێت و هه‌رای گه‌وره بقه‌ومێنن. چیتر له‌وه نه‌ترسن بوختانیان بۆ بكرێ‌و به مه‌لای خه‌تێ بیانترسێنن، چونكه ئه‌م حزبانه ده‌یان ساڵه ده‌وری حه‌قیقی مه‌لای خه‌تێ خراپتریش ده‌بینن، مه‌لا ده‌بێ ئاگاداری ئه‌وه بێت كه ڕه‌نگه 80% به‌ره‌و ژووری ئه‌م كوردستانه له ڕێی بیستن‌و بینینه‌وه زانست‌و مه‌عریفه وه‌رگرێ، به سه‌دان هه‌زار كه‌س ڕۆژنامه بۆ سفره‌و په‌نجه‌ره سڕینه‌وه‌و ئوتوخانه‌كان به‌كارده‌هێنن. رۆژانی هه‌ینی مه‌لا كۆبوونه‌وه به زیاتر له یه‌ك ملیۆن پیاو ده‌كات له‌وانیشه‌وه بۆ ژن‌و - سێ منداڵ - حیساب كه، كه‌سێ نامێنێ له‌م كوردستانه‌دا ده‌نگی مه‌لای به‌ر گوێ نه‌كه‌وێت، ئه‌گه‌ر مه‌لا شتی له هه‌گبه‌دا بێت ئه‌و خه‌ڵكه‌ش مایه‌پووچ نابن‌و ئاگایان له مناڵه‌كانیان ده‌بێت، جا عه‌لمانیه‌كان گه‌ره‌كیانه چاوتان ببه‌ستن تا هیچ نه‌بینین، گوێتان بئاخنن تا نه‌بیستن، پاشان ده‌متان بگرن‌و میكرۆفۆنه‌كه‌تان لێ بكه‌نه سه‌لكه توور، چونكه ده‌نگی ئێوه ده‌بیسترێ، ده‌نگتان زایه‌ڵه‌ی ده‌بێت، ده‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت، ئه‌وه ئه‌و گرفته‌یه كه عه‌لمانیه‌ت لێی ده‌ترسێت‌و ده‌یه‌وێت مه‌لا ده‌مبه‌ست كات‌و مزگه‌وت كوڵۆم... ئه‌دی نابینن له بری ئه‌وه‌ی وه‌ڵامتان بده‌نه‌وه، به ئێوه‌ش بڵێن بابه ئێمه فه‌رمانمان پێكراوه ڕێ له كوفراندنی ڕۆژنامه‌نووس نه‌گرین، ئێوه‌ش بچن له مزگه‌وته‌كان به‌رپه‌رچیان بده‌نه‌وه‌و هه‌ق بۆ خه‌ڵكی روون بكه‌نه‌وه، كه‌چی لیژنه‌یه‌كی پسپۆڕی باڵا هه‌ستاون به‌وه‌ی چه‌ند مادده‌یه‌ك بخه‌نه ده‌ستووره‌وه، ماده‌ی بیست ده‌ڵێت: 1ـ مه‌لا نابێت مزگه‌وته‌كان بۆ مه‌رامی سیاسی به‌كاربهێنێت.. (به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وان ویستیان ئه‌وه خێره‌و ئه‌ركی ئاینییه). 2ـ نابێ مه‌لای ئاینی به‌شداری هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن.. (دیاره پله‌ی هاوولاَتی بوونی مه‌لا له ژێر سفره‌وه‌یه، وا بڕوات به شاهید حیساب ناكرێ له ده‌ستووردا.. قوڕتان بۆ مه‌لا به‌ختیار و نموونه‌كانی گرتۆته‌وه، سه‌رله‌نوێ ده‌بێ ناوێكی تر بۆ خۆیان بدۆزنه‌وه). 3 ـ نابێ له وتاره ئاینییه‌كاندا بره‌و به هیچ لایه‌ن‌و مه‌دره‌سه‌یه‌كی سیاسی بدات.. (ئایا ده‌زانن مناڵ‌یش له كوردستاندا په‌رله‌مانی خۆی هه‌یه، به‌ڵام ئێوه هه‌ر ئه‌وه ماوه قسه‌تان لێ قه‌ده‌غه بكه‌ن). به‌ڕێزانم، مه‌لا ماندووه‌كان: ئێستا له كوردستاندا باندی به‌دڕه‌وشتی به‌ناوی جۆراوجۆره‌وه داوای حه‌ق‌و حقوقی خۆیان ده‌كه‌ن، وه‌ریشی ده‌گرن.. ڕۆژنامه‌نووسه‌كانیش زۆر له مێژه خه‌ریكن، ئه‌وان كه له شاخیش بوون خوێنیان هه‌ر بۆ كورد نه‌ڕشتووه، به‌ڵكو بۆ عه‌لمانی‌و دیموكراسی كه بتوانێت ئه‌و هه‌قه‌یان بۆ مسۆگه‌ر كات تا به ڕاشكاوی ته‌وهینتان پێبكه‌ن. ئه‌وان له مێژه خه‌ریكن، تا ئێستا توانیویانه لۆبیه‌كی فشار به پاڵپشتی حزب‌و حكومه‌ت له‌سه‌ر واقیع دروست بكه‌ن و یاسا بۆ خۆیان و دژ به ئێوه ده‌ربكه‌ن. ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌ك قسه ده‌كه‌ن، وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئێوه‌ش به ئاژاوه‌نانه‌وه‌و خه‌ڵك هاندان ده‌زانن، ئه‌دی بۆ ناپرسن، ئاخۆ قسه گوتنی ئه‌وان به ئیسلام هاندانی خوێنه‌رو شه‌قام نییه دژ به ئیسلام... وه‌ك سیاسه‌ت‌و دین جیاكراوه‌ته‌وه، با سیاسه‌ت و كوفریش جیابكرێته‌وه. بۆچی ده‌بێ بێ ئه‌رزشترین كه‌س، كه‌وده‌نترین كه‌س سیاسه‌ت بكات، به‌ڵام مه‌لا نابێ له گوتاردا ئازاد بێت، ده‌بێ پرس به ئه‌وقاف بكات... وه‌ك گوتم ئه‌وان ده‌ترسن له ئێوه، چونكه شاده‌ماری حزبه‌كان ده‌دوێنن، ئه‌گه‌ر مه‌جالی گوتاری ڕاستتان بدرێت، ئه‌وا ده‌بێ حزبه‌كان باره‌گاكانیان داخه‌ن.. ده‌زانن ئه‌م شه‌ڕه له كه‌یه‌وه هه‌یه، له مێژه، به‌ڵام له كوردستان له‌و كاته‌وه هه‌یه كه مه‌لا مسته‌فا بارزانی ده‌یوت: من حزب نیم، سه‌رۆكی هه‌رچییه‌ك بم سه‌رۆكی حزب نیم... ئه‌وكاته‌ی مه‌كته‌بی سیاسی له مه‌لا مسته‌فا جیابۆوه.. ئه‌و لۆبییه‌ی ڕۆژنامه‌نووس و نووسه‌ره عه‌لمانیه توندڕه‌وه‌كان له‌سه‌ر حكومه‌ت دروستیان كردوه، وایلێكردوون كه مه‌لا له ده‌ستووریشا جێی نه‌بێته‌وه‌و ئه‌وانیش حه‌صانه‌یه‌كی حه‌قیقیان هه‌بێت‌و نابێ مه‌لا له ئاستیان ورته بكات، ده‌نا جه‌ڵته‌و سه‌یاره‌ش لێی بدات ده‌ڵێن ئه‌و مه‌لا خه‌ڵكی لێ هانداوه‌و تۆقیوه.. ئێستا ئه‌وه‌تان بۆ ده‌ركه‌وتووه كه عه‌لمانیه‌ت له كوردستاندا بێ ته‌ره‌ف نییه له كێشه‌ی نێوان ئیمان‌و ئیلحاددا، ڕێی بێدینی‌و كوفراندن خۆش ده‌كات‌و ڕێی دینداری‌و به‌رته‌سك ده‌كاته‌وه‌و قه‌یرانی بۆ دروست ده‌كات، سه‌یر ناكه‌ن بوودجه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری له هی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زیاتره.. بۆچی؟ تا ڕۆشنبیری گه‌نجانی كوردی وا لێبكات، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر شه‌قام په‌ت بكرێته ملی مه‌لا چه‌پڵه‌ی بۆ لێبده‌ن‌و فیكه بكه‌ن... ده‌نا (42) ملیۆن دینار بۆ ئافره‌تێك ته‌رخان ناكات بێت سه‌ماو دانس فێری خه‌ڵكی بكات. ئه‌گه‌ر دیموكراتییه‌ت جێی هه‌موو كه‌سی تیا ببێته‌وه ته‌نها جێی مه‌لای تێدا نه‌بێته‌وه، ئه‌و خۆی ته‌فسیری خۆی ده‌كات كه دیموكراتییه‌ت ته‌نها دوژمنی ئیسلامه. عه‌لمانیه‌كانی كورد ده‌یانوێت تۆڵه‌ی ئه‌و قه‌شانه‌ی برۆنۆیان سوتاند‌و ئه‌وانه‌ش كه له‌م مانگه‌دا سه‌د مناڵیان له ئوستورالیا ئه‌تك كرد له مه‌لای كورد بسێنن، ده‌بێ ئێوه له‌سه‌ر سووتانی برۆنۆ سزا بدرێن، نابێ به ناوی خودا، ئیسلام، موسڵمانه‌وه قسه بكه‌ن.. ده‌ڵێن ئێمه‌ش موسڵمانین‌و قسه به خودای خۆمان ده‌ڵێین. دكتۆر چیا‌و، له (العراق الحر) زۆر له‌وه‌ش تێپه‌ڕی‌و ده‌یوت: ده‌بێت ئیمان‌و دین له یه‌كتر جیابكرێته‌وه...واته كه‌سێك ده‌ڵێت من ئیمانم هه‌یه‌و باوه‌ڕم به هیچ دینێك نییه، ئه‌وه خۆی وه‌ڵامی ئه‌وانه ده‌داته‌وه كه عه‌لمانیه‌تیان پێ ئایدۆلۆژیا نییه، به‌ڵكو عه‌لمانیه‌ت توندڕه‌وترین دین‌و ئایدۆلۆژیای دونیایه. له‌سه‌ره‌تای عه‌لمانیه‌تدا، وا خۆیان ناساند كه باوه‌ڕیان به هه‌قانیه‌تی هه‌موو خوداكان هه‌یه، دواتر كۆمۆنیسته‌كان هاتن و گوتیان مرۆڤ خۆی خودای دروست كردوه‌و هه‌ر ئه‌م دوو جۆره‌شن كه نوێنه‌ری عه‌لمانی كوردین‌و سێیه‌میان نییه. عه‌لمانیه‌تی دیموكراسی هیچ جیاوازییه‌ك له نێوان (الله)ی خودای موسڵمان‌و ئه‌و مانگا‌و مشك‌و مه‌یمونه ناكات كه له هیندستان ده‌په‌رسترێ... قسه گوتن به هه‌ر كامێكیان وه‌كو یه‌ك وایه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی قسه به خودا ده‌ڵێن لێره، قسه به ڕیزوارو مه‌لیكه تاوس ناڵێن، چونكه ئه‌و ڕه‌گێكی كوردی هه‌یه. له حزبێكی دیموكراسیدا جێی یه‌زیدی‌و كاكه‌یی‌و مسوڵمان‌و نه‌صرانی‌و هتد وه‌ك یه‌ك ده‌بێته‌وه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌بوو حه‌مدی سه‌له‌فی هیچیكه ته‌حه‌مولی نه‌كرد له‌سه‌ركردایه‌تی پارتیدا بمێنێ‌و گوتی: له‌گه‌ڵ مولحید‌و بێ دیندا دانانیشم.. حه‌مدی سه‌له‌فی كه وه‌ك زانایه‌كی گه‌وره‌ی كوردستان ناسراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یره دوای حه‌فتا ساڵ عومری، ئینجا له‌وه حاڵی بووه كه ده‌فه‌رموێ: [فَلاَ تَقْعُدُواْ مَعَهُمْ حَتَّى يَخُوضُواْ فِي حَدِيثٍ غَيْرِهِ] النساء/140...به‌ڵام مه‌لاكان زۆریان له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره كه‌سانه‌دا داده‌نیشن كه‌وا ئێستا ته‌وهین به دینی خوا ده‌كه‌ن. ئێوه له‌وێ نائازاد‌و ئه‌وانیش ئازاد، حزبه عه‌لمانیه‌كانتان كردۆته كه‌متیار، مه‌لا له لایه‌كی ده‌خوات‌و نامه‌لاش له لایه‌كی تری.. ئه‌وان خاوه‌ن قسه‌و ئێوه‌ش ده‌بێ خاوه‌نی گوێ بن‌و ببیستن. له گفتوگۆیه‌كی ته‌له‌فزیۆنیدا له‌سه‌ر ئه‌م كێشه‌یه به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌وقاف ته‌له‌فۆنی كرد‌و وتی: ئێمه لیژنه‌ی فه‌توامان هه‌یه، وه‌رن قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن ئنجا بنووسن، مه‌هاباد قه‌ره‌داغی -كه لای ئێوه تۆمه‌تباره- به‌شداربوو نه‌یئه‌توانی پێكه‌نینه قه‌شمه‌ر جاڕییه‌كه‌ی بشارێته‌وه.. ناهه‌قی نییه، چونكه ئێستا مه‌هاباد فه‌رمان بۆ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ده‌ره‌كات ده‌بێ ئه‌ركی ئه‌قاف چی بێت..؟!! برایه‌ك مزگه‌وتێكی كرده‌وه گیرۆده بوو به بریاری ئه‌وقافه‌وه، تاچووه لای وه‌زیر -پێش ساڵی 2000- له هه‌ولێر گوتی: وه‌زیر پێی وتم كاكه، من لێره بۆ خزمه‌تی ئیسلام دانه‌نیشتوومن به‌ڵكو خزمه‌تی حزب ده‌كه‌م. ئێستا له‌وه ده‌چێ قه‌ناعه‌تیان به‌وه هێنابێ كه عه‌لمانیه‌كان ئه‌وقاف و مه‌لاشیان بۆ حزب ده‌وێت.. به تایبه‌تی ئێستا ئه‌وه‌نده‌یان پاره له ده‌ستدایه ده‌توانن وه‌چه‌یه‌ك بۆ عه‌لمانیه‌ت پێبگه‌یه‌نن‌و ناشیانه‌وێت مه‌لا سه‌ر له‌و وه‌چه‌یه بشێوێنێت، له‌وه‌ش زیاتر ده‌یانه‌وێت مه‌لا به یه‌كجاری مه‌فعولی نه‌مێنێ‌و ئه‌و محاكه‌مه‌ی مه‌لا ده‌كات، ئێستا بێمنه‌تن له مه‌لاو ماستاوی بۆ ناكه‌ن، به‌ڵكو بێ پێچ‌و په‌نا فیكری خۆیان ته‌رح ده‌كه‌ن. ئه‌دی نابینن چۆن خوێندنی قورئان له مزگه‌وته‌كاندا كۆنترۆڵكراوه.. چۆن زمانی عه‌ره‌بی له قوتابخانه‌كاندا سووك‌و ریسوا كراوه.. ئێستا له سلێمانی له هه‌ر ماڵێكدا دوو كه‌س به‌یه‌كه‌وه قورئان بخوێنن ئاسایش به تیرۆریستیان ده‌زانێ.. كه‌چی به پێی گوته‌ی (ئۆقیانووسێك له تاوان) هه‌زار ماڵ بوونه‌ته بنكه‌ی داوێن پیسی‌و كه‌چی ناگیرێن!! من خۆم له‌م ماوه‌یه‌دا ئاگاداربووم پیاوێكی غه‌واره له تاسڵوجه ژنه‌كه‌ی و كچه‌كه‌ی به‌سه‌ر ماڵان‌دا ده‌گێڕا.. نه‌شده‌گیران..!! ئێستا ئه‌وان مه‌لایان ده‌وێت تا به قسه‌ی حزب بكات، تا قسه بۆ حزب بكات، ده‌نا نه‌ك مه‌لا به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت خودا‌ش هه‌قی به‌سه‌ر مرۆڤه‌وه نه‌مێنێ. من نامه‌وێت به‌رگری له بارزانی بكه‌م، ئه‌و ئێستا سه‌رۆكی هه‌رێمه، هه‌رێم وه‌ك مه‌لا ده‌یڵێت له 95% مسوڵمان نییه به‌ڵكو ئه‌گه‌ر له 49%ی مسوڵمان حاڵی بوایه، ئه‌وا حاڵی مه‌لا وای لێنه‌ده‌هات.. هه‌رێم پڕیه‌تی له نامسوڵمان و مسوڵمان، بارزانی پاشای (مسوڵمان‌و گاور‌و كاكه‌یی‌و یه‌زیدی‌و شه‌به‌ك‌و هه‌قه‌و كۆمۆنیست‌و وجودی‌و زه‌رده‌شتی‌و بێدین‌و ..) هه‌موویه‌تی، به‌پێی ده‌ستووری عه‌لمانی ده‌بێ به یه‌كسانی له خوای هه‌موویان بڕوانێ، نابێ فه‌رقی (الله)و مه‌لیكه تاوس‌و ڕیزراو پالوپ بكات، هه‌روه‌ها ئه‌و له حزبه‌كه‌ی خۆشی‌دا هه‌م سه‌دان مه‌لای تێدایه هه‌م فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی‌و هه‌م سه‌رۆ قادر‌و هه‌م بنه‌ماڵه‌ی فرانسۆ هه‌ریری و هه‌م دكتۆر وه‌خیلی یه‌زیدی تیایه‌و ده‌بێ هه‌مووشتان قایل كات. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی فشاری رۆژئاواشی چه‌ند له‌سه‌ره به ناوی دیموكراسیه‌ت مافی كه‌مایه‌تییه‌كانه‌وه.. ئه‌وه‌ی هه‌ق بێ له‌سه‌ر بارزانی ده‌بێ ڕێ له ئێوه‌ش نه‌گرێ، تا به‌رپه‌رچی كوفری بێدینان بده‌نه‌وه، زوڵمتان لێ ده‌كات ئه‌گه‌ر مینبه‌ره‌كانتان لێ بێده‌نگ كات، به پێچه‌وانه‌وه هه‌قه مه‌لاكان ڕۆژنامه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیان هه‌بێت‌و له‌و ڕێیه‌وه فشار دروست بكه‌ن‌و قسه له‌سه‌ر هه‌موو بابه‌تێك بكه‌ن.. ده‌یان باندو سیخوڕ له‌و كوردستانه‌دا ڕۆژنامه‌و ئیزگه‌یان هه‌یه، ئه‌دی بۆچی مه‌لا ئاوا په‌لوپۆی ببه‌سترێت.. بارزانی له‌وه ناچێ به ئاشكرا له‌وه زیاتری پێبكرێت، كه‌واته ئه‌وه خۆتانن ده‌بێت به خۆتانا بێنه‌وه‌و له خه‌و هه‌ستن.. به‌س منه‌ت به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا بكه‌ن‌و بڵێن ئێمه نه‌بوینایه باوكی خۆتان نه‌ده‌ناسی. خۆ ئه‌وروپا كه‌می تیایه زۆڵ نه‌بێت، كه‌چی كه مسوڵمان ده‌بن باشترین پیاویان لێده‌رده‌چێ، خۆزگه ئه‌وانه‌ی كه جوێن به مه‌لاو مسوڵمان ده‌ده‌ن هه‌موویان زۆڵ بونایه‌و مسوڵمان بونایه، خۆ زۆڵێتی مانعی ئیمان نییه، صه‌حابه‌ی وا هه‌بووه... زۆڵ ته‌نها ناكرێته خه‌لیفه‌و به‌س، ئیدی خۆ كه‌س ناتوانێ پێی بڵێ زۆڵ ده‌نا حه‌دی لێ ده‌درێ. ده‌بێت له و به‌رگه ته‌نگه‌ی به‌ره‌ی خۆتان بێنه ده‌ره‌وه، له قۆزاخه‌ی خه‌ونه‌كانتان ده‌رپه‌ڕن، قه‌رزاوی حه‌ڤده ساڵ به‌ندكراوه ئینجا خه‌ڵك گوێی لێده‌گرێ، وه‌رنه واقیعه‌وه.. ئه‌م هه‌رایه كۆنه (وا بزانم) له پاشای عه‌رشی كه‌لاوه‌دایه، حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن ده‌ڵێت: سیفاته‌كانی خودا هه‌ر سیفاتی پاشا زاڵمه‌كانه.. ئه‌و له هه‌شتاكاندا له‌گه‌ڵ مه‌لا موحه‌ممه‌دی شاره‌زووی شه‌ڕی كردووه، ئه‌و شاره‌زوورییه نازانم چۆن سه‌رنگوون كرا، له هه‌شتاكاندا به تاقی ته‌نیا ئه‌و شیعاره‌ی به‌رامبه‌ر به ئه‌وجی ئیلحادی كوردی به‌رزركردبۆوه كه ده‌ڵێت: والله لو لم أجد الا الغبار لأجاهدنكم به. هه‌ر ئه‌م حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌نه بوو كه به گوته‌كانی لۆمۆنۆسۆف به گژی‌دا ده‌چۆوه... مه‌لا گیانه‌كان، ئێوه‌ن كه هیچتان نه‌بیستووه، ده‌نا خۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م رۆژنامه ئازادانه ده‌یڵێن هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه رۆژهه‌ڵاتناس‌و مولحید‌و مورته‌ده‌كانی عه‌ره‌ب‌و فارس گوتوویانه، به عه‌ره‌بی‌و فارسی كتێبه‌كانیان زۆر زۆره. ئه‌وانه‌ن كه پرۆژه‌ی تیشك، له بری ئێوه‌ی نوستوو به‌رپه‌رچیان ده‌داته‌وه، بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر قورئان بزانن غه‌یری دوو حزب به‌یان كراوه، [ألا إنَّ حزبَ اللهِ همُ المفلحون]. حیزبی شه‌یتانیش ده‌ڵێت: "أعلُوا هُبَل". ڕۆژی ئه‌وه‌یه هه‌ركه‌س قه‌دری مێزه‌ره‌كانتان نه‌گرێت لێی بكه‌نه گورز.. ڕۆژی ئه‌وه‌یه بڵێن: دین سیاسه‌ته، هه‌ر كه‌س سیاسه‌تی خۆی له ئێوه كرده دین ئه‌وه بڵێن: لا اله الا الله.. گوزری وتار.. گورزی فه‌توا.. گورزی وریاكردنه‌وی خه‌ڵك.. گورزی هه‌ڵبژاردن.. گورزی دین له خه‌ڵك گه‌یاندن.. گورز بارانی ئه‌و مینبه‌رانه بكه‌ن كه مینبه‌ره‌كانتان لێ ده‌مبه‌سته‌كه‌ن. ئاوها ده‌توانن لۆبی فشار دروست بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌یان ئه‌ندام په‌رله‌مانتان نه‌بێت و فشار له‌سه‌ر ده‌ستوورو یاسا دروست نه‌كه‌ن، ئه‌وا گومانم نییه وه‌ك شۆڕشی فه‌ڕه‌نسا به مێزه‌ره‌كانی خۆتان هه‌ڵتان ئه‌واسن. مه‌گه‌ر شێركۆ –جوامێر- له هه‌شتاكاندا نه‌یده‌وت: ئه‌وه مێزه‌ره سپییه‌كه‌ی موحه‌ممه‌د له گه‌ردنی نیشتمانه‌كه‌م ئاڵاوه دڵنیابن، تا له‌و خه‌وه قوڵه ڕانه‌چه‌نن... داخی ئه‌و موحه‌ممه‌ده.. به ئێوه ده‌ڕێژن..
|