وڵاتی ئیكسپایه‌ر
یاسین برایم -ره‌واندز
یه‌کشه‌ممه-19-تشرینی یه‌که‌م(مانگی 10)-2008
وشه‌ی ئیكسپایه‌ر هه‌موومانی تووشی نه‌خۆشی ده‌روونی كردووه ، مرۆڤ هه‌ر شتێك بكڕێت گومانی ئه‌م وشه‌یه‌ی هه‌یه، وای لیهاتووه هیچ نه‌كرین و هیچ نه‌خۆین. ئه‌م وشه‌یه رۆژانه به‌جۆرها شێوه به‌كار دیت. ده‌ڵێن له فه‌رمانگه‌یه‌ك به‌رپرسێكی نوێ دامه‌زرا بۆ هه‌فته‌ی دوای هه‌موو كه‌ل و په‌له‌كانی فه‌رمانگه‌ی هه‌راج كرد و گوایه ئه‌مانه كۆن بوینه‌و به‌كار نایه‌ن ،به كوردیه‌كه‌ی بێ شه‌رم بووه ئه‌مه‌ی هه‌بیت.هه‌رله‌سه‌ر به‌رپرس، براده‌رێك به سه‌رهاتیكی گێرایه‌وه، وتی به‌رپرسیكی سه‌ربازی له‌م ماوه‌یه ژنیكی تری هێنا. دۆست و خزم و كه‌س و كاری زۆریان ئه‌مه پێ ناخۆش بوو. باسی زیره‌كی و ره‌وشت به‌رزی و كه‌سایه‌تی ژنی كۆنیان ده‌كرد ، كه چۆن له شاخ به هه‌ژاری و ئاواره‌ی و ژیانی سه‌ختی پێشمه‌رگایه‌تی ته‌مه‌نی له گه‌ڵ ئه‌م به‌رپرسه بردۆته سه‌ر، كه‌چی ئیستا ئه‌م به‌ر پرسه پاداشتی ژنه‌كه‌ی دایه‌وه. كاتی لێی ده‌پرسن كاكه بۆ ژنت هێنا خۆ له هیچ شتت كه‌م نه‌بوو! به‌بێشه‌رمی و به پێكه‌نینه‌وه ده‌لێت وه‌لا برا كه‌س ئاگای له ماڵ و حالی كه‌س نیه ، ژنه‌كه‌م له مێژه ئیكسپایه‌ر بووه، به كه‌ڵكی هیچ نایه‌ت. بێژه‌ریكی رادیوَیه‌كی لۆكاڵیش چای ته‌رك كردووه ، بگره قه‌نداویش ناخواته‌وه و باوه‌ری به ئاویش نه‌ماوه ،گوایه ئیكسپایه‌ر بووه.كه‌سیش ناحه‌قی ناگریت، خۆ هه‌موومان ده‌رمانی چای بایه‌عمان بینی له سه‌رشه‌قامه‌كان سوتاندیان و خه‌ڵك وه‌ریان نه‌گرت. خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كانیش دڵیان نه‌ده‌هات بیده‌نه ئاژه‌ڵه‌كانیان. به‌ر پرسه‌كانی حكومه‌تیش بێ ده‌نگ بوون، چونكه ئه‌وان له مێژه چای بابه‌عیان ته‌رك كردووه هه‌تا بیبسی و... هه‌بێت كاریان به چای بایه‌ع چیه! هه‌موو شه‌وێك له هه‌وا ڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆنه‌كانی خۆمان ده‌بینین، له فلانه شار ده‌ستگیرا به‌سه‌ر چه‌ندین ته‌ن خۆراكی ئیكسپایه‌ر. له‌م ماوه‌یه‌ش له سنووری حاجی ئۆمه‌ران ده‌ست گیرا به سه‌ر چه‌ندین ته‌ن له دۆی ئیكسپایه‌ر . پیاوه پیكه‌نینی به‌م هه‌واڵه هات. ئاخر وڵات ئه‌وه‌نده سووك و ره‌زیل و هه‌ژاربیت بۆ دۆ خواردنه‌وه پشت به ولاتانی دراوسێ ببه‌ستیت ، ئه‌ویش كه‌ڵكی خواردنه‌وه نه‌یه‌ت!له كوردستان ته‌نها یه‌ك شت ماوه پشت به ده‌ره‌وه نه‌به‌ستێت، ئه‌ویش هه‌وایه، كه‌چی خه‌ریكه ئه‌ویش پیس و بۆگه‌ن و ئێكسپایه‌ر ده‌بیت . ئیستا تاكی كورد باوه‌ری به‌هیچ نه‌ماوه .بۆنمونه بینینه به‌ر چاوی خۆمان ، به‌رپرسان و ده‌وڵه‌مه‌ندان ژن دینن و گوایه هی یه‌كه‌م ئیكسپایه‌ر بووه، هه‌موو وه‌رزێك ئۆتومبێل ده‌گۆرن و خانووی ماڵیان گه‌وره‌ترو به مۆدێرنتر ده‌كه‌ن .حكومه‌ت شه‌قام وجاده‌ت بۆ دروست ده‌كات و ساڵی ئاینده ئیكسپایه‌ر ده‌بیت و هه‌لده‌وه‌شینێته‌وه. وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ئه‌مساڵ پرۆگرامێكی تازه داده‌نێت ساڵیكی تر پرۆگرامێكی تر چاپ ده‌كات گوایه سیسته‌می نوێیه.یاسایه‌ك ئه‌مرۆ ده‌رده‌چێت به‌یانی هه‌موار ده‌كرێت. پرۆژه‌یه‌ك هێشتا نه‌كراوه‌ته‌وه خراپ ده‌بێت. گۆرانیبێژی وا هه‌یه هیشتا قه‌رزی سیدیه‌كه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه ، كه‌چی گۆرانیه‌كانی له سه‌ر جاده كه‌وتوون وبۆ كۆپیكردنه‌وه تۆزیان له سه‌ر هه‌ڵنیشتووه. خه‌ریكه هه‌ندێ له شوقه‌كان نۆژه‌ن ده‌كرێنه‌وه ، كه‌چی هێشتا دابه‌شنه‌كراوون.گه‌نجی وامان په‌یدا بووه ، هێشتا مانگی هه‌نگوینی ته‌واو نه‌كردووه ، سێ به‌ردی خستۆته كۆشی ژنه‌كه‌ی . هه‌ندێ له ژنه‌كانیش هه‌موو مانگێ زیرو ژماره‌ی مۆبایل و هانده‌كه‌ی ده‌گۆرن، ئه‌وا شوشه‌وات و قاپ و كه‌رسته‌ی ماڵ له گه‌ڵ هیچ دانیه. له سایه‌ی بازاری ئازادیش هه‌رچی كه‌ل و په‌لی وه‌كو ماست و په‌نیرو گۆشت و بیسكویت و شه‌ربه‌ت و ده‌رمان و خۆراك و هه‌تا ده‌گاته خه‌نه‌ی پیره‌ژنان و مكیاژ و بابوجی ژنان و شیری منداڵان وبۆیه‌ی ره‌شی سمیلی به‌رپرسان ، مانگێك پێناچێت ئیكسپایه‌ر ده‌بێت!!!هه‌ندێ له كوری به‌رپرسان و بنه‌ماڵه ناسراوه‌كان و بازرگانه كان سه‌ریان له كاماش ده‌رناچێت ، كه‌چی به پاره، بروانامه‌یه‌كی ئیكسپایه‌رده‌بێته به‌رپرسی فه‌رمانگه‌یه‌ك و فه‌لسه‌فه به سه‌ر خه‌ڵك لی ده‌دات وبه ته‌مبه‌ڵ و نه‌زان و ئیكسپایه‌ریان له قه‌له‌م ده‌دات.. بۆیه له سایه‌ی ئه‌م جۆره به‌رپرسانه ، ئه‌م وڵاته ئاوی روونی لێ نه‌ماوه‌و هه‌مووی ئیكسپایه‌ر بووه ، ئه‌گه‌ر ئه‌مه كار‌و كرده‌وو گوزه‌رانی هه‌موومان بێت ، هه‌ر له مندال َو هاووڵاتی ساده‌و نه‌خوینده‌واره‌وه ، تا ده‌گاته رۆشنبیر‌و هونه‌رمه‌ندو شیره‌تكارو به‌رپرس و په‌رله‌مانتارو وزیر و ...هتد بێت . ئاخۆ بۆ ناوی ئه‌م وڵاته نه‌كه‌ین به ولاَتی ئیكسپایه‌ر!!!!!
|