|
----- | |||||||||||||||
|
عه‌لمانییه‌ت له كوردستاندا سه‌رناگرێت
شه‌ممه-01-تشرینی دووه‌م(مانگی 11)-2008
١ـ عه‌لمانییه‌ت چه‌مكێكی ئه‌وروپییه‌و بۆ ڕێگرتن له ده‌سه‌ڵاتی كه‌نیسه په‌یڕه‌و كرا، به‌ڵام له ڕاستیدا زۆرێكی بنه‌ماكانی عه‌لمانییه‌ت باگراوندێكی ئایینی شێوێنراوی نه‌سرانیه‌تیان هه‌یه، باشترین نموونه‌ش ئه‌و وته‌یه‌یه كه گوایه مه‌سیح سه‌لامی خوای لێ بێت وتویه‌تی: (ئه‌وه‌ی هی قه‌یسه‌ره بیده به قه‌یسه‌رو ئه‌وه‌ش هی خوایه بیده به خوا) ئه‌م وته‌یه‌ش چه‌مك و مانای عه‌لمانیبه‌ت بۆ جیابوونه‌وه‌ی ئایین له ده‌وڵه‌ت له خۆ ده‌گرێت... پاشان له ئه‌وروپاوه عه‌لمانیبه‌ت به ڕۆژهه‌ڵاتی ئیسلامی گه‌یشت و كۆماری توركیایان وه‌ك نموونه‌یه‌ك بۆ عه‌لمانیبه‌ت له ناوچه‌كه‌دا دامه‌زراند... له توركه تورانی و كه‌مالییه‌كانیشه‌وه بۆ عه‌ره‌به شۆڤێنییه‌كان گواسترایه‌وه... له جیهانی عه‌ره‌بیشه‌وه بۆ كوردستان هه‌تا ئێستاش وشه‌ی عه‌لمانییه‌ت به كوردی نییه‌و هه‌ر به عه‌ره‌بییه‌كه‌ی به‌كارده‌هێنرێت، به‌ڵكوو زۆرێك له ڕۆشنبیره عه‌لمانییه كوردییه‌كان وشه‌ی عیلمانیه‌تیان به هه‌ڵه له جیاتی عه‌لمانییه‌ت به‌كارده‌هێنا، هه‌تا ڕۆشنبیره ئیسلامییه‌كانی كوردستان بۆ یه‌كه‌م جار بڵاویانكرده‌وه كه عه‌لمانییه‌ت له عیلم واته زانسته‌وه نه‌هاتووه‌و په‌یوه‌ندی به زانسته‌وه نییه. ٢ ـ ئیسلام له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌ستووری خوای گه‌وره‌یه، ئه‌گه‌ر پیاده‌بكرێ هه‌ر ئه‌و ئه‌توانێ سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵات و ژیان و گوزه‌رانی ته‌نانه‌ت غه‌یره مسوڵمانه‌كانیش بێت، چونكه ئیسلام تاكه ئایین و ده‌ستووره كه دژایه‌تی سرووشتی مرۆڤه‌كان نه‌كات و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له درووسترین شێوه‌یدا ڕێكبخات به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕۆڵی مرۆڤ و گۆڕانی كۆمه‌ڵگه فه‌رامۆش بكات، هه‌روه‌ها ئیسلام چه‌مكێكه بۆ په‌یڕه‌وكردنی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌مه‌ش له هیچ ده‌ستوورێكی سه‌رزه‌مینی و هیچ ئاینێكی تردا نابینی... له كاتێكدا عه‌لمانییه‌ت هه‌ر وه‌ك عه‌لمانییه ئه‌وروپییه‌كان ده‌ڵێن: عه‌لمانییه‌ت چه‌مكێك نییه بۆ پیاده‌كردنی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵكوو ته‌نها هه‌وڵی مرۆڤه بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی كۆمه‌ڵگه، بێگومان ئه‌مه‌ش تاوانێكی گه‌وره‌یه له مرۆڤه‌كان ده‌كرێت چونكه مه‌رج نییه هه‌موو گۆڕانێك چاك بێنێت و له خزمه‌تی خۆشگوزه‌رانی مرۆڤایه‌تیدا بێت ئیتر چۆن ده‌بێت سه‌رچاوه‌ی ده‌ستووری ده‌وڵه‌ت گۆڕانكارییه‌كانی كۆمه‌ڵ بێت. ٣ ـ ئه‌گه‌ر عه‌لمانییه‌ت سه‌رچاوه‌ی خۆشگوزه‌رانی مرۆڤ بووایه، له ماوه‌ی ٨٠ ساڵی ته‌مه‌نیدا مرۆڤایه‌تی تووشی ئه‌و هه‌موو كاره‌سات و ڕووداوه جه‌رگبڕانه نه‌ده‌كرد، ئه‌گه‌ر عه‌لمانییه‌ت سه‌ری بگرتایه جیهانی ڕۆژئاوا باوه‌شی به ئایینی شێوێنراوی نه‌سرانیه‌تدا نه‌ده‌كرد، ئه‌وه‌تا له سه‌رتاپای جیهانی ڕۆژئاوادا بزوتنه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ ئایین هه‌یه، له یه‌كه‌م گه‌وره وڵاتی ئه‌وروپادا كه ئه‌ڵمانیایه پارتی دیموكراسی مه‌سیحی فه‌رمانڕه‌وایه، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانی ئه‌وروپا جیاوازی له نێوان ئایینه‌كان ناكات، بۆچی ناسنامه‌ی ئیسلامی توركیا ده‌كاته بیانوو بۆ ڕێنه‌دان به توركیا تا بچێته یه‌كێتی ئه‌وروپاوه؟ ئه‌گه‌ر بنه‌ماكانی نه‌سرانییه‌ت سه‌رچاوه‌ی په‌رله‌مانه‌كان و سیاسییه‌كانی رۆژئاوا نه‌بن، بۆچی جۆرج بۆشی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌سه‌ره‌تای په‌لاماردان و داگیركردنی وڵاتی مسوڵماناندا جه‌نگی پیرۆزی خاچ په‌رستی له دژی ئیسلام ڕاده‌گه‌یه‌نێت؟ ٤ ـ ئه‌وه توركیای دراوسێی كوردستان و نموونه‌ی عه‌لمانییه‌تی ڕۆژئاوا كه ٨٠ ساڵ زیاتره شه‌ریعه‌تی ئیسلامی له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی جیاكردۆته‌وه، كوا دادپه‌روه‌ری له توركیا، كوا مافی ٢٠ ملیۆن كورد، كوا دیموكراسی، كوا مافی مرۆڤ؟ ئایا ئه‌گه‌ر عه‌لمانییه‌ت كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به‌رهه‌م ده‌هێنێت بۆچی عه‌سكه‌رتاچێتییانه له‌گه‌ڵ كورد‌و ئیسلامیه‌كان ده‌جوڵێته‌وه؟ ئایا ئه‌گه‌ر عه‌لمانییه‌ت ئازادی تاك ده‌سته‌به‌ر ده‌كات و دژایه‌تی بیروباوه‌ڕی خه‌ڵكی توركیا ناكات بۆچی ئه‌و هه‌موو دژایه‌تییه‌ی ئیسلام و مسوڵمانان له‌و وڵاته‌دا ده‌كرێت؟ ئه‌گر دیموكراسییه‌ت له توركیا به‌ر قه‌راره بۆچی به‌و شێوه‌یه سیاسه‌تی تۆقاندن له به‌رامبه‌ر پارته ئیسلامییه‌كان وه‌رده‌گرن؟ ئه‌وه ئه‌نجامی زیاد له ٨٠ ساڵ ته‌مه‌نی عه‌لمانییه‌ته له توركیا، پێویستیشه به‌رپرسانی كوردستان بزانن له دیوه‌خانی توركیا چ باسه، ئه‌مڕۆ دوای ئه‌زموونی تاڵی عه‌لمانییه‌ت له توركیادا به تایبه‌تی له كوردستانی باكووردا خه‌ڵكی به گشتی به ئاگا هاتوونه‌ته‌وه‌و به‌ڕۆشنی و به ئه‌زموون بۆیان ده‌ركه‌وت كه ته‌نها ئیسلام زامنی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و مافی مرۆڤ و ڕێزی ئافره‌ته، خۆش گوزه‌رانی هه‌موو چین و توێژه‌كانیش ته‌نها له ده‌ستووری خوای گه‌وره‌دایه. ٥ ـ ئه‌و كه‌سه‌ی بێ ئینساف نه‌بێ و نه‌ترسێ له‌وه‌ی به تیرۆریست تاوانبار بكرێ، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه له ئه‌وروپا یان ئه‌مریكادا ژیان به‌سه‌ر به‌رێت، ئه‌وه‌ی به ئاشكرا لا ڕوون ده‌بێت كه عه‌لمانییه‌ت ته‌نانه‌ت له ڕۆژئاواشدا واقیعی نییه: ٦ ـ له كوردستانیشدا هه‌ردوو پارته گه‌وره‌كه(پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كیه‌تی نیشتمانی كوردستان) دوو پارتی عه‌لمانین و سه‌رانیان زۆربه‌یان ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئه‌وروپییان پێیه‌و ڕه‌نگه وڵاتی ئه‌وروپی نه‌مابێ نه‌یان بینیبێ، ساڵه‌های ساڵه شه‌ڕی ئیسلام ده‌كه‌ن و لافی عه‌لمانییه‌ت و پێشكه‌وتووخوازی لێده‌ده‌ن، به‌ڵام كوا دیموكراسیه‌تیان، كوا مافی مرۆڤ، كوا ئازادی، ئایا كه‌س ده‌توانێ ئه‌گه‌ر خۆیان ڕێی پێنه‌ده‌ن ڕه‌خنه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی یه‌كێك له‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه(بارزانی و تاڵه‌بانی) بگرێ، ئایا هه‌ر بۆ ئێواره‌كه‌ی خۆی له ئاسایش نابینێته‌وه؟ ئیتر نازانم كامه‌یه ئه‌و عه‌لمانییه‌ته‌ی باس ده‌كرێ و چۆن سه‌ر ده‌گرێ؟ ٧ـ له كۆتایدا نازانم عه‌لمانیه‌تێك نارده‌ی دوژمنانی كورد بێت، دژی خواست و ماف و بیروباوه‌ڕی خه‌ڵكی كوردستان بێت، به‌ڵكوو دۆستی ته‌زویرو دوژمنی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤ و ژیان و ده‌ورووبه‌ر بێت... چۆن و كه‌ی ڕه‌وایه ته‌عامولی له‌گه‌ڵ بكرێت؟ كه‌ی ویژدانه پشتگیری بكرێت؟
|
|
|||||||||||||