|
|

|
فازڵ ڕه‌سوول |
|
|
|
|
|
|
|
فازڵ ڕه‌سول و سیاسه‌ته‌كانی ئیسلامی هاوچه‌رخ
رزوان ئه‌لسه‌یید- وه‌رگێڕانی له عه‌ره‌بیه‌وه: عه‌لی سیرینی
هه‌ینی-09-ته‌ممووز(مانگی 7)-2010
فازڵ ڕه‌سولم ناسی، له‌میانه‌ی خوێندنه‌وه‌م بۆ سێ ته‌رجومه‌كه‌ی له فارسییه‌وه، كه (دار الكلمه) له به‌یروت له‌نێوان ساڵانی 1979 و 1980 ده‌ریكردن. ئه‌وكات فازڵ هه‌ستا به‌وه‌رگێڕانی چه‌ند ده‌قێكی مه‌هدی بازرگان (سنوری جیاكه‌ره‌وه له‌نێوان دین و سیاسه‌ت)، هه‌روه‌ها ئه‌بولحه‌سه‌ن به‌نی سه‌در (ئێران: غوربه‌تی سیاسه‌ت و شۆڕش)، ئنجا عه‌لی شه‌ریعه‌تی (ئا به‌م جۆره عه‌لی شه‌ریعه‌تی دوا). پاشان له‌كاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیم بۆ په‌یمانگای (الانما‌ء العربی) كتێبه ده‌ستنووسه‌كه‌ییم، كورد له ئیسلامدا (الاكراد فی الاسلام) خوێنده‌وه، كه له‌گه‌ڵ په‌یمانگه ساڵی 1977 (له‌وانه‌یه مه‌به‌ست ساڵی 1987 بێ. واپێدچێ له وتاره‌كه هه‌ڵه‌ی تایپینگ له جیاتی 1987 سالی 1977 ی داناوه – وه‌رگێڕ-) گرێبه‌ستی كردبوو، تا ئه‌مڕۆش ده‌رنه‌چووه، به‌ڵام فازڵ پێش شه‌هید بوونی (له 13/7/1989) پێی گوتم، كه له قاهیره ساڵی 1990 ده‌رده‌چێت. له‌دوای ئه‌مه، وتاره‌كانی فازڵم خوێنده‌وه ده‌رباره‌ی سیاسه‌ته‌كانی ئیسلام، له گۆڤاری (الحوار)، ده‌رباره‌ی قه‌ومیه‌ت و تائیفیه‌ت و ئیسلام له‌ڕۆژهه‌ڵاتی نوێ و زانایان و شۆڕشی ده‌ستووری له ئێران. فازڵ پێش هاتنی بۆ لوبنان، له‌نیوه‌ی هه‌فتاكاندا، ده‌رچووی به‌شی زانسته‌كانی سیاسه‌ت بوو له زانكۆی به‌غدا، ئنجا له زانكۆی ڤییه‌ننا پاش ساڵی 1982 به‌رده‌وامی دا به‌خوێندنی باڵا و له‌ساڵی 1985 پله‌ی دكتۆرای له زانستی سیاسی به‌ده‌ستهێنا، له كارنامه‌یه‌ك به ناونیشانی: "كوردستان و یه‌كێتی سۆڤیه‌ت: نمونه‌یه‌ك له سیاسه‌تی زلهێزه‌كان به‌رامبه‌ر به‌بزوتنه‌وه نیشتیمانییه ئازادیخوازه‌كان" (چه‌ند مانگێك پێش كوشتنه‌كه‌ی له‌ده‌زگای یانۆس بۆ بڵاوكردنه‌وه به ئه‌ڵمانی ده‌رچوو). پێش ئه‌مه، دوو لێكۆڵینه‌وه‌ی خۆی پێشكه‌ش كردبووم: یه‌كێكیان به هاوبه‌شیی نوسیبووی ده‌رباره‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و ڕۆژهه‌ڵات پاش جه‌نگی دووه‌م، ئه‌و، به‌شه تایبه‌تییه‌كه‌ی سه‌باره‌ت به كێشه‌ی كورد نوسیبوو (1986)، ئه‌وه‌ی دیكه‌شیان به ته‌نیا نوسیبووی ده‌رباره‌ی جه‌نگی عێراق و ئێران (1987) و پێی ڕاگه‌یاندم كه ده‌رچووه یان به‌عه‌ره‌بی له قاهیره ده‌رده‌چێت. ئا به‌م شێوه، جگه له ته‌رجومه‌كه‌ی ده‌رباره‌ی عه‌لی شه‌ریعه‌تی و، مێژووه‌كه‌ی بۆ كورد له ئیسلامدا، سیاسه‌ته نوێ و هاوچه‌رخه‌كانی ئیسلام و، به‌رجه‌سته‌ییه‌كانی له ناوچه‌ی ئێمه له تێكبڕانه جوگرافی و ئه‌ته‌نی و دینییه‌كاندا، ئه‌م سیاسه‌تانه بوون به‌جێگای گرینگی پێدانی فازڵ و چه‌قی تێڕوانینه‌كانی. هزری بنه‌ڕه‌تی فازڵ (له ساڵی 1979 تا 1987) له‌سه‌ر ئه‌مه وه‌ستاوه كه جیاوازی فره‌گه‌لی و جوگرافی و دینی له دێرینه‌وه له ناوچه‌كه‌مان هه‌ن، به‌ڵام نابن به گیروگرفت و كێشه‌ی ئه‌وتۆ ڕه‌هه‌نده سیاسییه په‌رته‌وازه‌ییه‌كانی لێوه دروست ببێت، ته‌نها له‌كاتی ململانێ نه‌بێت و له‌كاتی ده‌ست تێوه‌ردانی زلهێزه‌كان نه‌بێت له‌م ناوچه‌یه‌دا، بۆ زیاتر په‌رته‌وازه‌كردن وه‌ك (یه‌كێتی سۆڤیه‌ت)، بۆ پاراستنی ڕه‌وشه هه‌نوكه‌ییه‌كان (به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا) له‌سه‌رده‌می نێوان دوو جه‌نگه‌كه و، (ئه‌مریكا)ش دوای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی زایۆنزمی.

|
ڕزوان ئه‌لسه‌یید |

|
قاسملو |
به‌و پێیه‌ی فازڵ كورد بوو، هاونه‌وه‌ی فازڵ و دوو نه‌وه‌ی پێشووتر، ئازارێكی زۆریان چه‌شت له‌پاشماوه‌كانی كه‌وتنی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و، هاتنه‌كایه‌ی ده‌وڵه‌تی هه‌رێمی له‌ڕۆژهه‌ڵاتدا. فازڵ زۆر هه‌ستیار بوو سه‌باره‌ت به ڕۆڵی ئیسلام بۆ یه‌كێتی له مێژووی ناوچه‌كه و، له‌قۆناغی خه‌باتكردن دژ به چوارچێوه‌ی ئیمپریالی پاش جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان. له‌به‌ر ئه‌وه پاش ئه‌زمونێكی كورت له‌گه‌ڵ چه‌پی كوردی و عه‌ره‌بی له‌سه‌ره‌تای هه‌فتاكاندا، فازڵ پاڵكێش (اندفاع) بوو – هه‌روه‌ك زۆربه‌مان پاڵكێش بووین- به‌ره‌و ئه‌و شه‌پۆله‌ی كه شۆڕشی ئێرانی دروستی كرد (1978-1979)، بۆیه فازڵ گه‌ڕایه‌وه بۆ خوێندنه‌وه‌ی مێژووی گه‌له‌كه‌ی به‌تایبه‌تی و، مێژووی هاوچه‌رخی ناوچه‌كه له‌م میانه‌وه. له‌كاتێكدا گۆڕانكارییه‌كانی هه‌شتاكان له ئێران، له جه‌نگیدا له‌گه‌ڵ عێراق ئێمه‌ی سارد كرده‌وه به‌رامبه‌ر به ئێران، بۆ فازڵ، ڕووداوه دڵته‌زێنه‌كان ته‌ئكیدیان كرده‌وه كه ناسیۆنالیزم (به واتا ڕۆژئاواییه‌كه‌ی) هیچ چاره‌سه‌رییه‌ك بۆ كێشه بنه‌ڕه‌تییه‌كان پێشكه‌ش ناكه‌ن، كه‌پێشتر و ئێستاشی له‌گه‌ل َدابێت گیروگرفتی گیروگرفته‌كانه سه‌باره‌ت به گه‌لی كوردی په‌رته‌وازه له‌نێوان چوار ده‌وڵه‌تدا. چونكه داڕشتنی ئیسلام (وه‌ك ئه‌وه‌ی فازڵ له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی كورد له ئیسلامدا باسی ده‌كات) بۆ ناوچه‌كه به‌گشتی، داڕشتنێكی نوێ بوو له‌پڕۆژه‌یه‌كی یه‌كانه‌ی كه‌لتوری و سیاسی به‌درێژایی چه‌ندین سه‌ده، كه كۆتایی به‌جیاوازییه جوگرافی و ئه‌ته‌نی و دینییه‌كانی نه‌هێنا، به‌ڵكو پاشماوه‌ی په‌رته‌وازه‌ییه سیاسییه‌كانی بنبڕكرد. ئنجا ئه‌م یه‌كێتییه كه‌لتورییه و شارستانییه، به كۆتایی هاتنی یه‌كێتی سیاسی، ته‌واو (له گه‌ڵ گه‌رمه‌ی هه‌ڵچوونی ململانێی سیاسی/ دینی نێوان عوسمانییه‌كان و سه‌فه‌وییه‌كان)، كۆتایی نه‌هات، چونكه قه‌واره سیاسییه‌كان تا جه‌نگی دووه‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆریش بوون، به‌ڵام به‌م شێوه تیژه‌ی ناسیۆنالیزمیی دانه‌مه‌زرابوون، كه ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز ڕتبكه‌نه‌وه و بیسڕنه‌وه. به‌ڵام سته‌می سیاسی و كه‌لتوری كه سیستمی "یاڵتا"ی، دوای جه‌نگی دووه‌م، هێنایه‌كایه‌وه، كۆتایی به‌و سنگ فراوانییه ئیسلامییه كلاسیكییه هێنا (له ڕوسیا و عێراق و ئێران و توركیا) له‌سۆنگه‌ی گه‌لی كورده‌وه، كه ئه‌و مه‌یله به‌سه‌ر ده‌وڵه‌ته هه‌نوكه‌ییه‌كان زاڵبوو كه ده‌ڵێت، پێویسته جیاوازییه ناوخۆییه‌كان كۆتاییان پێبێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ك ده‌وڵه‌ت بمێنێته‌وه‌و، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئه‌م جیاوازییانه له‌لایه‌ن كۆلۆنیال و ته‌ماعكارانی ده‌ره‌وه له ناوچه‌كه‌مان به‌كار نه‌هێنرێت. له‌به‌ر ئه‌وه فازڵ له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی كێشه‌ی كورد و یه‌كێتی سۆڤیه‌ت وای بۆ چوو، كه ناكرێت به‌و چه‌مكه ناسیۆنالییه‌ی كه باوه بۆ ناسیۆنالیزم، باسی قه‌ومیه‌تی كورد بكرێت، ته‌نها له سییه‌كانی سه‌ده‌ی بیست نه‌بێت، چونكه پاشان كوردان نه‌یانتوانی ڕێڕه‌وه‌كانی ژیانیان و، ئازادی جوڵانه‌وه‌یان بپارێزن و، یه‌كسان بن له‌گه‌ڵ زۆرینه باڵكێشه‌كانی وڵاتانی په‌یوه‌ست (مه‌به‌ستیش لێره به‌تایبه‌تی توركیا و عێراق و ئێرانه). به‌م پێیه‌ش كه ئیسلام له سیاسه‌ت و كه‌لتوری ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ی ناوچه‌كه‌مان كۆتایی پێهات له مامه‌ڵه‌كردندا – به لایه‌نی كه‌مه‌وه- له‌گه‌ڵ كێشه‌ی كه‌مایه‌تییه‌كان، لای گه‌لی كورد كۆتایی پێنه‌هات، كه فازڵ ده‌ڵێت سه‌ركردایه‌تییه ته‌قلیدییه‌كه‌ی بارزانییه‌كان له‌سه‌ری دروست بووه. ڕاسته هه‌موو پارته كوردییه‌كان، تا ئه‌مڕۆش، ناو‌و ناونیشانی ناسیۆنالی و چه‌پیان هه‌ڵگرتووه، به‌ڵام كورد گه‌لێكی دینداره و له ئیسلامدا ڕه‌گی قووڵ داكوتاوه، كه بوونی كه‌لتوری به‌ته‌واوی له‌سه‌ر دامه‌زراوه. لێره‌وه، ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه ده‌ڵێت پێویسته گه‌لی كورد، له‌یه‌ك ده‌وڵه‌تی قه‌ومی كۆ بكرێته‌وه دوواكه‌وت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دوو ده‌وڵه‌تی كوردی بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌مێژووی نوێ‌دا دروست بوون، مه‌مله‌كه‌تی شێخ مه‌حمود له عێراقی كوردیدا (1920-1924) و، كۆماری مهابادیش له ئێران (1946). له‌وانه‌یه ئه‌مه هه‌ندێك له كاروانی شه‌هید فازڵ خۆی، ڕوون بكاته‌وه. ئه‌و له‌هه‌ڕه‌تی گه‌نجیه‌تیدا له عێراق، چووه نێو ڕێكخراو‌و پارتانی چه‌پی عه‌ره‌بی نه‌ك ڕیكخراوی به‌جارێك كوردی. به‌ڵام كه ساڵی 1979 ناسیم، فازڵ وازی له‌هه‌موو حیزبه‌كان هێنا بوو و، پێی وابوو كه ئه‌زموونی حیزبایه‌تی، وه‌ك ئه‌زموونی قه‌ومیه‌تی عه‌لمانی دابه‌شكه‌ر و په‌رته‌وازكه‌ر و سته‌مكارییه. هه‌رچه‌نده به‌هۆی ژیان له ئوروپا، دژه به‌رایه‌تی فازڵ كه‌متر بوو بۆ هزری حیزبایه‌تی، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر موكوڕ بوو له‌سه‌ر جیاوازییه گونجاوه‌كان و، ئیشكردن بۆ كێشه‌كانی گه‌لی كورد و، ئوممه‌تی ئیسلام به‌بێ چوارچێوه‌ی حیزبی په‌رته‌وازكه‌ر. فازڵیش شرۆڤه‌ی خۆی هه‌بوو بۆ هۆكاری دواكه‌وتنی هزری گرێدانی ده‌وڵه‌ت به ناسیۆنالی له‌نێو كورد دا، ئه‌ویش په‌یوه‌سته به‌هۆكاری ئیسلامی كه باسم كرد، به‌ڵام به‌شێوازێكی دی. چونكه كه‌لتورێكی كوردی خاوه‌ن سیمایه‌كی دیار، بوونی نییه، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت كه له ژینگه‌ی فارسی و عه‌ره‌بییه‌وه هه‌بووه. له‌به‌ر ئه‌وه ناسیۆنالی كوردی، وه‌خته خۆی كورت هه‌ڵبێنێت، له زمانێكی كه‌م ده‌رامه‌ت له ئه‌ده‌بدا. هه‌روه‌ها كوردیش له‌لایه‌نی جوگرافیه‌وه گه‌مارۆ دراون، له‌لایه‌ن چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌كی به‌هێز و، وه‌ك هه‌موو ناوچه‌كه‌ش، كه‌وتوونه‌ته ژێر باری ململانێی نێو ده‌وڵه‌تی نێوان دوو زلهێزه‌كه. لێره‌وه ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تێكی كوردی دابمه‌زرێت له‌عێراق و ئێران و توركیا، ئه‌وا – هه‌روه‌ك خه‌باتی كورد له‌م سه‌ده‌دا دووپاتی ده‌كاته‌وه- دروستكراوێكی ده‌ستی ئه‌مریكا و یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ده‌بێت، ئنجاش ده‌بێته شوێنی دوژمنداری هه‌موو گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه. له‌نێو ئه‌م ڕه‌وشه جوگرافییه و، واقیعه كه‌لتورییه و، ڕه‌وشی مێژووه، ده‌وڵه‌تێكی كوردی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌تره بۆ گه‌لی كورد له‌م بارودۆخی دابه‌شبوونه‌ی هه‌نووكه. لێره‌دا، تا ساڵی 1987 من ئه‌و تێڕوانینانه‌ی فازڵم خوێندنه‌وه، كه مه‌تره‌حی ئۆتۆنۆمی بۆ كورد ده‌كات له چوارچێوه‌ی وڵاتانی ئێستا، به‌هیوای سوڵحێكی عه‌ره‌بی/ ئێرانی مێژوویی، ئاسۆ بكاته‌وه به‌ڕووی كورد و ئه‌وانی دیكه‌دا، بۆ ژیانێكی ئاسایی له مه‌ودای كه‌لتوره ئیسلامییه سنگ فراوانه‌كه‌ی خۆیان. به قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی فازڵ زۆر خه‌مناك بوو بۆ ئه‌و دژواری و جه‌نجاڵی و له بارچوونه‌ی كورد له ئێران، له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاكاندا، خه‌مناكیش بوو بۆ سه‌ر نه‌گرتنی هه‌وڵه‌كانی "ئۆتۆنۆمی" له عێراق. زۆر جار قسه‌ی زۆر ڕه‌قم له فازڵ گوێ لێده‌بوو، ده‌رباره‌ی سووكیی سه‌ركردایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی كورد به‌رامبه‌ر به ئێران و عێراق. ترسی هه‌ره گه‌وره‌شی له‌هه‌موو شتێك زیاتر، له‌وه‌بوو، په‌ره‌سه‌ندنی ململانێی نێوان عێراق و ئێران ببێته هۆی ئه‌وه‌ی دیسانه‌وه كورد وه‌ك وه‌ڕه‌قه‌ی پاڵه‌په‌ستۆ به‌كاربێت، له‌ڕێگه‌ی لایه‌نگیریی حیزب و گروپه كوردیه‌كان بۆ ته‌ره‌فێك، له‌ژێر باری په‌یمان پێدان به ده‌وڵه‌تێكی كوردی. ئه‌مه تا ساڵی 1987 ڕای فازڵ بوو، كاتێك هه‌موو بزوتنه‌وه كوردییه‌كان بوونه لایه‌نگیری ئێران. چونكه مه‌سه‌له‌كه لای فازڵ هه‌روابوو كه ته‌نگوچه‌ڵه‌مه له‌ڕژێمه‌كان و قه‌واره هه‌رێمییه‌كاندایه، له ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوای ناوچه‌كه‌مان. فازڵ ساڵی 1987 به گۆڕانكارییه‌كی ڕادیكاڵانه تێپه‌ڕێ، له ڕێچكه‌كانی بیركردنه‌وه له‌كێشه‌ی كورد، نه‌ك هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و سته‌مه‌ی دووچاری كورد هات له‌عێراق و توركیادا، به‌ڵكو له‌هه‌مان كاتدا له‌به‌ر ڕیشه داكوتانی قه‌واره هه‌رێمییه‌كان و، ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌كانیان له ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌وی دیكه‌دا. چونكه لۆژیكی قه‌واره‌یی هه‌رێمی ته‌سك، به‌هانه‌ی ناسیۆنالی خۆی له‌ده‌ستدا، له‌نێو شه‌ڕه ململانێ و پڕبابوونانه‌ی باوی نێوان قه‌واره بانگهێشتكه‌ره‌كانی ناسیۆنالی. له‌كاتێكدا خاوه‌نی بانگه‌وازی ئیسلامی بۆ ڕه‌تبوون به‌سه‌ر ناسیۆنالیزمه‌وه، پڕاكتیزه‌ی تاكتیكی وایان ده‌كرد، كه له‌ناوه‌ڕۆكدا جیاواز نه‌بوو، له‌پڕاكتیزه‌كردنی هه‌رێمچییه‌كانی ده‌وڵه‌تی قه‌ومی. له‌م ساته‌دا شه‌پۆله‌كانی قه‌ڵاچۆكراوان و برسییه‌كان و برینداره‌كان، ده‌گه‌یشتنه توركیا و له‌وێوه بۆ ئوروپا‌و ئه‌مریكا ده‌چوون. فازڵی جه‌رگ سووتاویش، وه‌ك كه‌سانی دی، سه‌رقاڵی خزمه‌تكردنی په‌ناهێنده‌و برینداره‌كان بوو له‌نه‌مسا. به‌رده‌وامیش بوو له‌م كاره هه‌تا پیاو كوژان كوشتیان. دێوه‌زمه‌ی كاره‌ساته‌كانی گه‌مارۆده‌ری جیهانی ئیسلام، له‌م بیست ساڵه‌ی دوایی، له‌هه‌ستی فازڵدا لا نه‌چوو، هه‌ر له له‌تبوونی پاكستان بۆ دوو ده‌وڵه‌تی برسی هه‌ڵپچڕاو، له‌گه‌ڵ جه‌نجاڵی ئه‌تنی و خێڵه‌كی و برسییه‌تی و، په‌نابه‌ری یه‌ك له‌سه‌ر سێی گه‌لی ئه‌فغان بۆ پاكستان و به‌رده‌وامبوونی هه‌ره‌س له‌وڵاته‌كه‌یان و، ئابڕوچوونی شه‌ڕی نێوخۆی لوبنان و ئنجا هاتنی ئیسرائیل بۆ ناوی و، به‌رده‌وامبوونی قه‌سابخانه‌كانی زایۆنیزم دژی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین و، بڵاوبوونه‌وه‌ی برسییه‌تی و ته‌ڕاتێنی، له ئه‌فریقیای ئیسلامی و، كاره‌ساته‌كانی جه‌نگی عێراق و ئێران، وای له فازڵ كرد كه ئیتر كاره‌سات و توندوتیژی گه‌یشته لوتكه، له‌كاتێكدا كێشه‌ی كورد زیاتر ئاڵوزتر ده‌بوو، گشت ئه‌لته‌رناتیڤه‌كانی سیاسیی یه‌كیه‌تیی ڕاسته‌قینه‌ی ئیسلامی یان عه‌ره‌بی وون بوو. ئا له‌ژێر ئه‌م باروزروفه‌دا، ئیتر مانه‌وه له‌سه‌ر ده‌ستگرتن به یه‌كیه‌تیی و ئیسلامه‌تیی له‌بواری سیاسه‌تدا، له‌كاتێكدا هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك یان ڕه‌وتێك له‌ئارادا نه‌بوو، وه‌ك خه‌یاڵێكی سه‌ركێشی جادووكه‌رانه‌بوو، كه كاره‌ساتی گه‌لی كوردی زه‌ق و ئاشكرا له‌جیهاندا به‌رگه‌ی نه‌ده‌گرت. له‌و ڕۆژه‌دا فازڵ زۆر به‌توڕه‌یی پێی گوتم: ده‌وڵه‌تی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی خۆتان دابمه‌زرێنن، ئه‌وكات ئێمه گه‌ر دژتان وه‌ستاینه‌وه ئێمه خائینین!!! ئه‌مه‌یان هه‌ڵچوونێكی ده‌گمه‌نی چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوو له فازڵ ڕه‌سول، ئه‌و كه‌سایه‌تییه نه‌رم و به‌خشنده‌یه هێمنه، كه هه‌میشه گیروگرفته‌كان به هه‌وڵێكی عاقڵانه چاره‌سه‌ر ده‌كات. به‌ڵام ڕووداوه‌كانی ئه‌م دوو ساڵه‌ی كۆتایی ژیانی، سیمایه‌كی خه‌م و په‌ژاره‌ی هێمنی به‌سه‌ر ئه‌م كه‌سایه‌تییه خۆشه‌ویسته ته‌نی بوو، خه‌م و په‌ژاره‌ی ئه‌و كاره‌ساته مه‌زنه‌ی كه گه‌مارۆی میلله‌ته‌كه‌ی داوه و، خه‌م و په‌ژاره‌ی له ده‌ست نه‌هاتنی چاره‌سه‌رییه‌ك بۆ ئه‌م كاره‌ساتانه‌ی ده‌بارێنه سه‌ر گه‌لی كورد. بۆیه كه سه‌رتای ساڵی 1989 له كۆڕیكدا له به‌رلین فازڵم بینی، به ڕێككه‌وت دوعا‌و نزایه‌كی پێغه‌مبه‌رم (د.خ) بۆ گێڕایه‌وه، فازڵ به گرنگیپێدانه‌وه نووسیه‌وه‌و له‌به‌ریكرد و، ڕۆژی دواتر، بۆ نوێژی عیشا له‌مزگه‌وتێكی به‌رلین فازڵ پێش نوێژی بۆمانكرد و له‌قنوتی نوێژدا دوعاكه‌ی خوێند ئێمه‌ش له‌دوایه‌وه به ئامین گوتن: خودایه به‌زه‌ییت بێته‌وه به‌پیره كڕنۆش به‌ره‌كان، به ئافره‌ته ترساوه‌كان، به مناڵه شیر خۆره‌كان، به لاوازه برسییه‌كان، كه ئازار و میحنه‌ت به‌سه‌ریاندا ڕژاوه، به‌نێو پێده‌ر و شاخ و دۆڵ گشتی گومڕاوه، هاواری تۆ ده‌كه‌ن خودایه گیان چاره‌سه‌رێك!
به‌ڵام ئه‌و توڕه‌بوونه‌ی فازڵ، كه پێشووتر باسمكرد، به‌بێ بنه‌مایه‌كی فیكری نه‌بوو. ئه‌و دیسانه‌وه له كتێبه‌كه‌ی جه‌نگی عێراق/ ئێران و كێشه‌ی كورد (هه‌رچه‌نده نوسراوێكی كۆنیشه به‌هه‌رحاڵ!) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ باسكردنی تێك نه‌كردنه‌وه‌ی ئیسلام و قه‌ومیه‌ت لای ئێرانییه‌كان و عێراقییه‌كان و، ونبوونی گونجان له‌ناو عێراق و ئێران و، هه‌بوونی ده‌وڵه‌ت و نه‌بوونی نه‌ته‌وه یان گه‌ل لای هه‌ردووكیان. فازڵ له‌دۆزی كورد دا گه‌یشته ئه‌و كۆتاییه‌ی، كه ده‌بێت ئیعتراف بكه‌ین به زلهێزه‌كان و، قه‌واره‌یه‌كی كوردی به‌ڕێوه‌یه‌و هه‌ر ده‌بێت دداننانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت به‌ده‌ست بێنێت. كه‌چی له وتارێكیدا له‌گۆڤاری ئه‌لحیوار كه سه‌رنوسه‌رایه‌تی كرد له‌سه‌ره‌تای ده‌رچوونییه‌وه له‌ساڵی 1986، دیسانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، باسی قه‌ومیاته‌كان ده‌كات كه ده‌ستكردن و، نا ته‌واون له‌ڕۆژهه‌ڵاتدا و، زلهێزه‌كان به‌كاریان دێنن بۆ ته‌ماعی و ململانێیه‌كانیان. ئا به‌م شێوه، له‌م دوو ساڵه‌ی كۆتایی، له‌ژێر قوڕسایی ڕووداوه‌كان و گۆڕانكارییه خێراكان "له‌نێو بزوتنه‌وه‌ی نیشتیمانی كورد" (هه‌ر وه‌ك فازڵ پێی خۆشه به‌كاری بێنێت له‌هه‌موو كتێبه‌كانیدا)، له نێو هه‌رێمه كوردییه‌كان له ئێران و عێراق و توركیا و، كوردانی هه‌نده‌ران، لێكترازانێك له‌نێوان بونیادی فیكری و هه‌ڵوێستی سیاسی فازڵ هاته‌كایه‌وه. ئه‌م لێكترازانه‌ش بۆ فازڵ ده‌خه‌ملێندرێت نه‌ك له‌سه‌ری، یان مه‌به‌ستیش لێره تاوتووكردن نییه، به‌ڵكو خوێندنه‌وه‌ی بزاوتی هزری و سیاسی گه‌نجێكه له‌ئێمه (له ساڵی 1949 له سلێمانی له دایك بووه) (ڕاستیه‌كه‌ی 1947- وه‌رگێڕ -) هه‌فتاكان و هه‌شتاكانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی بۆ هات و به‌سه‌ریهات. ئنجا له‌نێو ئه‌م تاریكاییه‌ی خیوه‌تی به‌سه‌رمان داكێشاوه، فازڵ كه هه‌ڵوێستی سیاسی خۆی نه‌گۆڕیوه له‌ژیانیدا ته‌نها دووجار نه‌بێت، پیاوێكی زۆر سه‌قامگیر بوو. سه‌قامگیرییه‌كه‌شی شایه‌نی ئه‌و نازناوه نه‌ده‌بوو، گه‌ر بهاتباو فازڵ دووره‌په‌رێز بووایه، له‌كاریگه‌ری ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی دووچاری گه‌له‌كه‌ی بوون له‌ساڵی 1988 و 1989. كه‌چی گه‌ر كه‌مێك له‌مه‌سه‌له‌كه بڕوانین، ده‌بینین شرۆڤه‌كانی فازڵ بۆ كێشه‌كان، له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاكاندا، متمانه‌یه‌كی پێده‌كرا، هه‌رچه‌نده دڵنه‌وایی له‌بواری ئه‌م كێشانه كه‌م بوو. چونكه ئه‌و وایده‌بینی كه‌هه‌موو كه‌مایه‌تییه ئه‌ته‌نی وئایینی و زمانییه‌كان، له‌بوژانه‌وه‌ی ناوچه‌كه، وه‌كو زۆرینه‌كان كه‌ڵك وه‌رده‌گرن، به‌ڵام له‌كاتی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌و لاوازی و ململانێی ناوخۆ، زیاتر له‌زۆرینه‌كان، زه‌ره‌ر ده‌كه‌ن. كاتێك "مركز دراسات الوحده العربیه" كتێبێكی ده‌ركردبوو به ناونیشانی ("العرب و دول الجوار" – عه‌ره‌ب و ه‌ڵاتانی دراوسێ) باسی ئه‌سیوبیا و ئیسرائیل و توركیای له‌یه‌ك كۆنتێكستدا باس كردبوو، نیه‌گه‌رانی فازڵ به‌ڕوونی دیار بوو. ئه‌و له‌مه‌دا ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی ده‌خوێنده‌وه، كه خۆی – نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب- واده‌بینێت گه‌مارۆدراوه ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن گه‌له مسوڵمانه‌كانه‌وه وه‌ك تورك و ئێرانی. ئه‌و له‌پێش من گوتی، ئه‌م شێوازه ململانێییه‌ی لێكۆڵینه‌وه و دیراسه‌كردن، خزمه‌ت به‌دۆزه گه‌وره‌كانی نه‌ته‌وه ناكات، چونكه له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی هه‌نووكه مامه‌ڵه ده‌كات و، پێشنیاری سیاسه‌ته ستراتیجیه‌كان بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه له‌م سۆنگه‌وه (سۆنگه‌ی هه‌نووكه –وه‌رگێڕ) ده‌كات، كه‌چی ئه‌م مه‌سه‌لانه، وه‌ك په‌یوه‌ندی نێوان نه‌ته‌وه‌كان و شارستانییه‌ته‌كان، پێویسته له‌ڕووی كارتێكردن و كارلێكردن و، له‌میانی پێشكه‌وتنی مێژوویی چه‌ندین قۆناغی دوورودرێژ بفامێن و تێبگه‌یشترێن. واپێده‌چێت ئه‌م تێڕوانینه‌ی فازڵ وایلێكردبێت واز بێنێت له "په‌یڕه‌وی سیسته‌م" له نووسینه سیاسییه‌كانیدا، بۆ "خوێندنه‌وه‌ی مێژوویی" بۆ بنه‌ماكانی ڕووداو‌و سیاسه‌ته‌كان. له‌لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی ده‌رباره‌ی سیاسه‌ته سۆڤیه‌تییه‌كان له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ده‌ڵێت كه به‌رهه‌می مێژوویێكی درێژن له ململانێیه‌كانی ناوچكه‌و له هێله گشتیه‌كاندا، كه وه‌رچه‌رخانی سوڕی قه‌یسه‌ریه‌تی ڕوسی، هیچ گۆرانكاری به‌سه‌ر نه‌هات به‌ده‌وڵه‌تێكی ماركسی لینینی.ئێستاش ئه‌م سیاسه‌ته كه له هێله كلاسیكییه‌كانیدا، به‌هۆی جه‌نگی ساردی نێوان دوو زلهێزه‌كه، بۆر بووه، كه‌وتووه‌ته به‌ر شاڵاوی ڕه‌شه‌بای توند، وه‌ك ده‌ره‌نجامێك بۆ پاشگه‌زبوونی هێواشی جه‌نگی سارد‌و، هاوپه‌یمانی ئه‌تڵه‌سی و وارسۆ. بێ گومان – هه‌روه‌ك ده‌ڵێت- كه گۆڕانكاری دروست ده‌بێت له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت له‌ڕۆژهه‌ڵات، به‌ڵام له مه‌ودایه‌كی دووردا و، له‌میانی له‌مپه‌رو ته‌گه‌ری زۆردا. به‌هه‌مان شێوه ده‌كرێت سه‌باره‌ت به كاریگه‌ری ئیسلام له سیاسه‌تی ئێران و ناوچه‌كه، هه‌مان قسه بكرێت. ئێمه هه‌موومان هیوامان وابوو (هه‌روه‌ك فازڵ له كتێبه‌كه‌ی ده‌رباره‌ی جه‌نگی عێراق و ئێران باسی كردووه) كه ئه‌مه كاریگه‌ری بخاته سه‌ر ڕێڕه‌وی شه‌ڕه‌كه، به‌و واتایه‌ی كه ئێران له‌دوای ئازادكردنی خاكه‌كه‌ی، جه‌نگه‌كه بوه‌ستێنێت، به‌ڵام ئه‌مه ڕووینه‌دا، هه‌روه‌ك چۆن ئێران به‌جددی هه‌وڵی نه‌دا خۆی له‌جه‌نگه‌كه بپارێزێت. ئه‌مه‌ش بووه هۆی ڕه‌شبینی سه‌باره‌ت به كاریگه‌ری ئیسلام له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و ستراتیجییه گشتییه‌كان. به‌ڵام پێویسته ئه‌م شتانه بۆ واده‌و پایانێكی دوورودرێژ سه‌یر بكرێت، نه‌ك له واده‌و پایانی ده ساڵ. چونكه سیاسه‌ته ستراتیجییه‌كان، له سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كان دامه‌زراوه، ناكرێت به ئاسانی كۆده‌تای به‌سه‌ر بكرێت.
كاروانی هزری فازڵ ڕه‌سول، كه له‌سه‌ر باوه‌ڕییه‌كی قووڵ به ئیسلام و ڕۆڵی مێژوویی و سیاسی له‌ناوچه‌كه‌مان و له‌نێو گه‌لی كورد، دامه‌زرابوو، پرسیاری قووڵ و سه‌رساممان لا ده‌وروژێنێت، هه‌روه‌ك دۆخی خۆی له‌م دوو ساڵه‌ی دواییه. چونكه پێشتر كۆتایی بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالی عه‌ره‌بی ڕاگه‌یه‌ندراو، تیۆریزه‌ی زۆریش بۆ ئه‌مه كرا‌و، چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆریش لای ئێمه و لای خوێنده‌ڤانانی ڕۆژئاوایی ده‌رباره‌ی ئیسلامی سیاسی سه‌ریهه‌ڵداو، كرا. كه‌چی ئه‌و په‌رته‌وازه‌یی و كلكبوونییه‌ی كه بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالی باڵه‌كانی تێدا شكا، چاره‌سه‌ری ئیسلامی و بزوتنه‌وه ئیسلامییه سیاسییه‌كان، دادێكی ئه‌وتۆی نه‌دا. به‌ڵكه وه‌خته مه‌سه‌له‌كه به‌پێچه‌وانه بێت، كه ئیسلامی سیاسیی هێواش هێواش خه‌ریكه ده‌بێته‌وه به‌شێك، له‌په‌رته‌وازه‌یی و كلكبوونیی. به‌ڵام فازڵ هه‌تا كۆتایی ژیانی هیوای فراوانی به ئیسلامی سیاسیی هه‌بوو، وه‌ك زۆربه‌مان، به‌وپێیه‌ی ئه‌م ده‌رهاوێشته‌یه به‌كاتێكی دوورودرێژ به ئه‌نجام ده‌گات. هێشتاش هه‌ل و فرسه‌ت له ئارادا ماون. كه‌چی تابلۆی نیشتیمانی عه‌ره‌ب و، جیهانی ئیسلام، پاش بیست ساڵێك له خه‌باتی ئیسلامی سیاسیی هه‌روه‌ك خۆیه‌تی و، بگره به‌سه‌ر ئه‌مه‌شه‌وه درزه كۆمه‌ڵایه‌تییه ناوه‌كییه‌كان و، زیاتر به كلكبوون بۆ ڕۆژئاوا هاتووه‌ته سه‌ری. ئنجا چۆن ده‌بێت ئه‌وانه‌ی له حه‌زو ئاره‌زو و هیوادا له‌نێوه‌ندی عه‌ره‌بی و ئیسلامی له‌گه‌ڵماندا به‌شدارنین، ئینكاری ئه‌و مافه‌یان لێبكه‌ین، كه نیگه‌ران نه‌بن له‌سه‌ر هه‌مان چاره‌نووس و، مافی هه‌ڵوه‌دابوونیان بۆ "به‌رژه‌وه‌ندییه كاتیی و تایبه‌تییه‌كان"؟! به‌واتایه‌كی دی: چۆن داوا له گه‌لی كورد بكه‌ین بۆ نمونه كه ڕازیبێت به سڕینه‌وه‌ی خۆی، به به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی كه ئێمه‌ش هه‌مان ئازارمان هه‌یه، ئیتر گوایه پێویسته خۆمان بپارێزین له‌په‌رته‌وازه‌یی و درز له‌م قه‌واره هه‌نووكه‌ییانه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رسهێنان له‌سنورێك یان سنور به‌ندانێك بوه‌ستێت؟!! بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیی نه‌یتوانی ته‌نانه‌ت له‌رزه‌یه‌كیش به چه‌مكی "ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكات" كه شوناسی ناوچه‌كه‌مان ده‌سڕێته‌وه و، مكوڕه له‌سه‌ر پاراستنی ئه‌و ڕه‌وشه‌ی كه ڕۆژئاوا له‌پاش جه‌نگی یه‌كه‌م دروستی كرد‌و، سیستمی "یاڵتا"ش شه‌رعیه‌تی پێ به‌خشی. له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی ئێرانی، كاریگه‌ری ئیسلامی سیاسیی گه‌یشته لوتكه. به‌ڵام هێشتا "ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست" وه‌ك خۆی ماوه. ئێمه‌ی عه‌ره‌بیش خۆمان هیلاك كردووه له‌چه‌ند ململانێیه‌كی ناوه‌وه‌ی خوێنبه‌رداندا، جارێك به‌هه‌نجه‌تی پاككردنه‌وه‌ی وڵاته‌كانمان له كاریگه‌رییه‌كانی ڕۆژئاوای سیاسیی و كه‌لتوریی، جارێكیش به به‌هانه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌ند گروپێك و كه‌مایه‌تییه‌ك، له‌خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دان به فرت وفێڵه‌كانی ڕۆژئاوا‌و ئیسرائیل. گه‌لێكی وه‌ك كورد‌و، مه‌سیحییه عه‌ره‌به‌كانیش، هه‌رگیز لای ئێمه ئۆخه‌یان نه‌كرد، نه له‌قۆناغی ناسیۆنالی و، نه له‌م قۆناغه بۆره‌شدا، كه هه‌ندێك جار به‌رگی ناسیۆنالی ده‌كاته به‌رو هه‌ندێك جاریش خۆی به پۆشاكی ئیسلام داده‌پۆشێت و هه‌میشه‌ش له كلكبوون و قۆچقۆچانێ و هه‌رێمچییه‌تی تێكده‌ر خۆی ده‌دۆزێته‌وه.
فازڵ ڕه‌سول ساڵی 1977، ئه‌زمونی حیزبایه‌تی ته‌ڵاق دا‌و، تا ڕۆژی شه‌هیدبوونی بۆی نه‌گه‌ڕایه‌وه. فازڵ به سیاسه‌ت و هزر له‌هه‌شتاكاندا گه‌وره بوو، هه‌تا وای لێهات بزوتنه‌وه كوردییه‌كان و چه‌ند بزوتنه‌وه ئیسلامییه‌كانی ئوروپا فازڵیان به له‌سه‌رووی حیزبه‌كان و ململانێیه‌كان دانا. گۆڤاری ئه‌لحیواریش كه له ساڵی 1986 ده‌ریكرد، بووه مه‌ودایه‌كی "سنگ فراوان" بۆ ئیسلامییه مته‌نه‌وره‌كان (وه‌ك خۆی به سوعبه‌ت ده‌یگوت!) و ناسیۆنالیسته‌كانیش له‌نیشتیمانی عه‌ره‌بیدا، ئه‌وانه‌ی به‌ڕووی ئیسلامدا كرابوونه‌وه. له‌م دوو ساڵه‌ی دوایی، هه‌ر كه‌ته‌له‌فۆنم بۆی ده‌كرد، ئه‌وا ده‌گه‌ڕێمه‌وه به‌یروت، گه‌ر بیه‌وێت شتێك بنێرێت، دووباره به‌گۆیمدا ده‌یچرپاند: به‌خوا ئێره‌ییم پێت دێت بۆ به‌یروت، وێڕای جه‌نگ و ماڵوێرانی! خۆزگه ده‌متوانی ته‌نیا بۆ هه‌فته‌یه‌كیش بێت بۆ به‌غدا بگه‌ڕێمه‌وه!
به‌ڵام فازڵی كۆچكردوو، بۆی نه‌نووسرابوو به‌غدا ببینێت و به گولله‌ی تاوانباران، له ئیواره‌ی 13/7/1989، له ڤییه‌ننادا شه‌هید بوو. كوژرانێك ئه‌و چاوه‌ڕێی نه‌ده‌كرد له تاراوگه دووره‌كه‌ی، ئێمه‌ش ئه‌وه‌مان بۆی چاوه‌ڕێ نه‌ده‌كرد!
(*) ڕزوان ئه‌لسه‌یید یه‌كێكه له به‌رزترین و ناودارترین هزرڤانانی لوبنان و عه‌ره‌ب. ئه‌م وتاره له گۆڤاری وه‌رزی (منبر الحوار) ژماره 14ی هاوینی ساڵی 1989 به عه‌ره‌بی بڵاو بووه‌ته‌وه.
------------------------
www.zagros.org/content/articles/articles-2010-07-09-003.html