دین و حزبایه‌تی
ئیشكالییه‌تی بوونی حزبی ئیسلامیی له كۆمه‌ڵگا موسڵمان نشینه‌كاندا
ته‌ها ئه‌حمه‌د
یه‌کشه‌ممه-13-تشرینی دووه‌م(مانگی 11)-2011
زۆر ده‌میكه ده‌مه‌ویت بڕوای خۆم و قه‌ناعه‌تی خۆم له‌م باره‌وه له چوار چێوه‌ی نووسینێكدا بخه‌مه روو، به‌لاَم له‌به‌ر نه بوونی كات ئه‌م نووسینه‌م له‌م باره‌یه‌وه دواخست، به‌لاَم بلاَو بوونه‌وه‌ی چه‌ند بابه‌تێك له‌م باره‌وه به‌بۆنه‌ی نزیك بوونه‌وه‌ی كۆنگره‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی زۆری بۆ هێنام كه‌چیتر بۆ چوونی خۆم له‌م باره‌وه دوانه‌خه‌م و بتوانم ئه‌گه‌ر به كورتیشبێت قسه‌و باسێكی لێ بكه‌م، هه‌رچه‌نده پێده‌چێت زۆرێك له كه‌سایه‌تی و به‌رپرسانی لایه‌نه ئیسلامییه‌كانیش هه‌مان ئه‌م بۆچوونه‌یان هه‌بێت، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ندێك رێگر نه‌تۆنن ئه‌م بۆچونه‌یان بخه‌نه روو، ئه‌وانه‌شی باسی لێوه‌ده‌كه‌ن به حه‌زه‌ر و ترسێكی زۆره‌وه وه‌ك بڵێت ترسیان له‌وه هه‌بێت به‌ر غه‌زه‌بی حزب و ئه‌وانه‌ی ناسراون كه بۆچوونی توندیان هه‌یه نه‌كه‌ون.
حزبایه‌تی و ئیسلام
به‌پیێی پیێناسه باوه‌كه‌ی حزب بریتیه له هۆكارێك (وه‌سیله‌یه‌ك) كه له ڕێگه‌یه‌وه ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكی كه له‌سه‌ر بیرێكی دیاریكراو رێكه‌وتون ده‌یانه‌وێت بگه‌ن به ئامانجێك، واتا حزب خۆی ئامانج نییه وه‌ك هه‌ندێك پێیان وایه.
ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی كه حزب له ئاین جیاده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه حزب خۆی ئامانج نییه به‌لاَم دین خۆی ئامانجه، بۆیه ده‌شێت ئاین حزب بێت به‌لاَم ناشێت حزبێك بریتیبێت له هه‌موو ئاین، به‌شێوه‌یه‌كیتر بڵێن ناكرێت ئاین له تاكه حزبێكدا كۆبكه‌ینه‌وه، له‌به‌ر فراوانی گه‌وره‌یی ئاین ناكریت له حزبێكدا بیخزینین، حزب یان ده‌وڵه‌ت هۆكارێكه كه‌ده‌شێت جۆره‌ها مرۆڤی تێدا كۆببێته‌وه به‌لاَم ناشێت دینێك چه‌ند بیر‌و بۆچونیكی دژ به‌یه‌كی تێدا بێت.
راسته دین حزبه به‌لاَم تێگه‌یشتنمان بۆ حزب یان ده‌وڵه‌ت تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه‌یه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته ئاینییه‌كه‌ی سه‌رتای ئیسلام هه‌موو جۆره كه‌سێكی له ناو خۆیدا جێ كردبۆوه، ته‌نانه‌ت وه‌ك دینیش به‌لاَم ئه‌میان جێگای وردبوونه‌وه‌ی زیاتره.
دین حزبه به‌لاَم حزبایه‌تی له دیندا نییه و حزبایه‌تی حه‌رامه ، ئه‌مه بۆچونی په‌یره‌وانی به‌شێكه له بیری سه‌له‌فیه‌ته، ئه‌م بۆچونه راسته له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناشێت دین بخزێنرێته حزبێكی بچوكه‌وه ، یاخود ئاین به‌حزبایه‌تی بكرێت، واتا ئامانجی ئاینی كورت بكرێته‌وه له ئامانجی حزبێكدا یان بگۆردرێته‌وه یاخود سازش بكرێت له‌سه‌ر زۆرێك له مه‌بده‌ئه سه‌ره‌كی و بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ئاین له پیێناو حزب و گۆرانكارییه سیاسیه‌كانی حزب به‌پێی قۆناغه‌كانی كاری سیاسی و كردنه‌به‌ری به‌رگێكی ئاینی .
گه‌وره‌ترین رێگر له‌به‌رده‌م به حزبی كردنی ئاین یان كورتكردنه‌وه‌ی ئاین له حزبێكدا ئه‌وه‌یه كه ته‌نها پێغه‌مبه‌ران ده‌توانن و بۆیان هییه نوێنه‌رایه‌تی ئاین بكه‌ن له ناو تاكه حزبێكدا.
حزبایه‌تی له دیدی سه‌له‌فیه‌ته‌وه:
به‌شێكی زۆر له موسڵمانان كه خۆیان به په‌یره وانی رێبازی سه‌له‌فی ده‌زانن، هه‌موو جۆره حزبایه‌تییه‌ك له ئیسلامدا ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه، یان پێیان وایه له دیندا حزبایه‌تی نییه، واتا دین كاری به‌سه‌ر حزبه‌وه نییه، یان رونتر بڵێین دین له‌گه‌ڵ ئه‌م شێوازه له حزبایه‌تییه‌ی كه له ئێستادا په‌یره‌و ده‌كرێت ناكۆكه‌و دینداری شتیكه‌و حزبایه‌تیش شتیكیتر.
هه‌موو ئه‌مانه راستن تا ئه‌وه‌ی حزبێك نه‌بێت به‌ناوی دینه‌وه و خۆی به تاكه نوینه‌ری راسته‌قینه‌ی ئه‌و دینه بزانێت، به‌لاَم په‌یره‌و كردنی كاری حزبایه‌تی وه‌ك هۆكارێك بۆ به‌رێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگا و كاركردنه له حزبدا به‌م شێوه‌یه هیچ دژایه‌تییه‌كی نییه له‌گه‌ڵ ئایندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك یان ده‌سته‌یه‌ك ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت بۆ به‌شداریكردن له به‌رێوه‌بردنی كاروباری هاولاَتیانی ولاَته‌كه‌یان له چوار چێوه‌ی حزبێكدا كۆببنه‌وه كه‌س نا‌توانیت بڵێت ئه‌م كاره حه‌رامه و به‌كارێكی ناشه‌رعی دانانرێت، چونكه ئه‌وكات هیچ جیاوازیه‌كی نابێت له‌گه‌ڵ هه‌ر ده‌زگایه‌كیتری و كۆمه‌ڵه‌و ده‌سته‌یه‌كیتری به‌رێوبردنی ولاَت، رونتر بڵێن نمونه‌ی وه‌ك سه‌ندیكای پزیشكان و كۆمه‌ڵه‌ی پارێزگاری كردنی ژنگه و هه‌موو ئه‌م كۆمه‌ڵه‌و رێكخراوانه‌ی له شوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیدا كاره‌كانیان راده‌په‌رێنن، ئاشكرایه كه ئه‌م رێكخراوانه خۆیان به نوینه‌ری دین و خوا نازانن به‌سه‌ر خه‌ڵكییه‌وه و كاریكی پیشه‌ی و كارگیری ده‌كه‌ن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه تائێستا كه‌س نه‌ی بیستووه بوترێت ئه‌مانه كاریكی حه‌رامه و له رووی شه‌رعه‌وه نادروسته، بوونی حزبیكی سیاسی وه‌ك هۆكارێك بۆ به‌رێوه بردنی ولاَت هه‌مان شكڵ و شێوه له‌خۆ ده‌گرێت ئه‌گه‌ر هاتوو خۆی نه‌كاته نوێنه‌ری دینێكی دیاریكراو.
بانگه‌واز و حزبایه‌تی:
ئه‌شێت ئه‌وانی دژی ئه‌م بۆ چونه‌ن، پرسیاری ئه‌وه بكه‌ن ئه‌گه‌ر خزبێك نه‌بێ له رێگه‌یه‌وه بانگه‌واز بكه‌ن بۆ لای دین، ئه‌و دینه چۆن له ناو خه‌ڵكیدا بلاَو ده‌بێته‌وه و خه‌ڵكی په‌یره‌وی لێ بكه‌ن؟ له‌كاتێكدا دین بۆ خه‌ڵكه‌و بۆ ئه‌وه‌یه له ژیانی رۆژانه‌ی سیاسی و كۆمه‌لاَیه‌تیاندا لێی دانه‌بڕێن و تێكه‌ل ببێت پێیان؟ ئه‌ی ئه‌و حزبه ئیسلامیانه چی بكه‌ن و ئه‌ركیان چی ده‌بێت له دوای ئه‌مه.
سه‌ره‌تا ئێمه ده‌ڵێن له كۆمه‌ڵگایه‌كی موسڵماندا پێویست به حزبی ئیسلامیی ناكات، هه‌روه‌ها له واقعیشدا ده‌شبینین ئه‌وانه‌ی خۆیان به په‌یڕه‌و كه‌رانی رێبازی سه‌له‌فی ساڵح ده‌زانن بانگه‌وازیش ده‌كه‌ن پێویستیشیان به حزب نییه بۆ كاری بانگه‌واز كردنه‌كه‌یان.
پاشان بانگه‌وازیش به‌گشتی بۆلای دین ته‌نها له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پێویسته، وه‌ك له ئایه‌ته‌كاندا ئاماژه‌ی پێكراوه، هه‌روه‌ها ده‌شكرێت له رێگه‌ی دروستكردنی ده‌سته و گروپێكی سه‌ربه‌خۆ له چوارچێوه‌ی رێكخراوێكدا و دوور له كاری حزبایه‌تی كه له سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سایه‌تییه به‌توانایانه‌ی لایه‌نه ئیسلامییه‌كانه‌وه پێك بهێنرێت كه ته‌نها ئامانجی ئه‌م رێكخراوه بانگه‌واز كردنبیت بۆ دین نه‌ك بۆ لای لایه‌نێك یان حزبێكی دیاریكراو، واتا به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ئامانجی سیاسی له پشتیه‌وه نه‌بێت، هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی گشتی لێی بروانیین، دواجار ئه‌م بانگه‌واز كردنه‌ش خزمه‌ت به ره‌وتێك و سیاسه‌تێكی دیاریكراو ده‌كات، كه ئه‌ندامانی حزبێك په‌یره‌وی لێده‌كه‌ن له چوارچێوه‌ی رێخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا.
ئه‌م جۆره له كاركردنه‌ش دور له حزبی سیاسی ده‌ستی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه ولاَتر ده‌كات بۆ سه‌ر له‌نوێ گێرانه‌وه‌ی بانگه‌وازی دیی بۆ ناو مزگه‌وته‌كان، ئه‌ویش له دوو روانگه‌وه جێگه‌ی هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر كردنه. یه‌كه‌م: له روانگه شه‌رعییه‌كه‌یه‌وه:
به‌پێی ده‌قه‌كانی قورئان كه له ئایه‌ته‌كانیدا ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه مزگه‌وت بۆ خوایه به‌ده‌ر له خوا بانگه‌واز كردن بۆ هه‌ر شتێكی‌تر شه‌ریكه و بریاردانه بۆ خوا و كارێكی ناشه‌رعییه، ئه‌و كادره حزبییه‌ی كه "گرن نییه سه‌ر به‌چ حزبێكه" كاتێك له مزگه‌وتدا له پاڵ بانگه‌واز كردن بۆ لای خوا خه‌ڵكیش بۆ لای حزبه‌كه‌ی بانگ ده‌كات، ئه‌وكات ئه‌م حزبیانه به‌م كاره‌یان و به‌م كرده‌وه‌یان دژی ئایه‌ته‌كانی قورئان ناكه‌ن؟ ئایا ئه‌مه گه‌وره‌ترین ئیشكالیه‌ت ناهێنێته ئاراوه له به‌رامبه‌ر هه‌رڵگرانی بیری به حزب كردنی دیندا؟ بێگومان به‌ڵێ ئه‌مه گه‌وره‌ترین ناكۆكی دروست ده‌كات.
دووه‌م: له روانگه‌ی سود گه‌یاندن به بانگه‌واز:
له لایه‌كی تریشه‌وه له كۆمه‌ڵگایه‌كی موسڵمان نشیندا كه‌س بۆی نییه رێگه بگرێت له بانگه‌واز كردن له ناو مزگه‌وته‌كاندا یان كه‌س ئیتر ده‌ست ناهێنێته رێی ئه‌و كه‌سانه‌ی بانگه‌واز ده‌كه‌ن و كاریان ته‌نها بلاَو كردنه‌وه‌و فێركردنی وانه شه‌رعییه‌كانه له ناو مزگه‌وت و ده‌ره‌وه‌ی مزگه‌وت و هه‌ر مینبه‌ر و سه‌كۆیه‌كی ئازادی ولاَتدا، خۆ ئه‌گه‌ر له ئێستادا رێگریش بكرێت له بانگه‌وازی ئاینی ئه‌وا زۆر رێگایتر كراوه و ئاوه‌لاَیه به‌رووی جۆره‌ها ناره‌زایه‌تی ده‌ربرین و پشتیگیری لایه‌نه سیاسیه‌كان و خۆپیشاندان و زۆر كاریتر كه له‌م چاخه‌دا له توانیداهه‌یه هه‌ر ده‌سه‌لاَتێك ناچار بكات به ملدان بۆ ویستی جه‌ماوه‌ره موسڵمانه‌كه‌ی خۆی، هیچ كه‌سێك نا‌توانیت به بیانووی كار كردن بۆ حزب رێگه بگیرێت له بانگه‌واز له ناو مزگه‌وت و هه‌ر شوێنێكیتر گشتیدا.
له‌مه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م جیاكردنه‌وه‌یه و وه‌رگرتنی پسپۆری له كاره‌كاندا ده‌بێته هۆی كه‌م كردنه‌وه‌ی بێسه‌روبه‌ری و تێك گیران و به‌ریه‌ك كه‌وتنی نه‌زانانه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگا موسڵمان نشینه‌كاندا و ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌نه‌شاره‌زای و ده‌مارگیری حزبایه‌تی ده‌كه‌ن به ناوی دینه‌وه و روو به‌روی ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی ده‌بێته‌وه و فه‌زایه‌كی پرله ئاشوب ده‌خاته‌وه.
مێژووی حزب و حكومه‌ت له ئسلام دا:
حزب و حكومه‌ت به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا له سه‌ر ده‌می هاتنی ئیسلام دا بوونی نه‌بووه، به‌ده‌ر له‌سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر كه نێردراوی خوا بووه بۆ مرۆڤ سه‌رجه‌می حكومه‌ت و ده‌سه‌لاَت داران به‌درێژای میژووی ئیسلام نه‌یان توانییه‌وه هه‌ردوو لایه‌نه‌كه له خۆیاندا كۆبكه‌نه‌وه و ناشتوانن خۆیان به‌خواوه‌نی دین و دنیای هه‌موو خه‌ڵكی بزانن، سه‌جه‌م ده‌سه‌لاَتداران به‌به‌رده‌وامی له لایه‌ن زانایان و شاره‌زایانی دینه‌وه چاودێری كراون و ئاگادار كراونه‌ته‌وه، زۆرجاریش به‌ریه‌كه‌وتن له‌نیوانیاندا رووی داوه و ده‌سه‌لاَتداران ویستویانه به‌وشێوه‌یه هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن كه خۆیان مه‌به‌ستیانه نه‌ك ئه‌وه‌ی دینی ئیسلام داوای ده‌كات لێیان، نمونه‌ش بۆ ئه‌مه له میژووی ئیسلام دا زۆر پێویستی به به‌ڵگه هێنانه‌وه ناكات، زۆرێك له زاناكان له لایه‌ن ده‌سه‌لاَتدارانی ئه‌وكاته‌وه ئه‌شكه‌نجه دراون و خراونه‌ته زیندانه‌كانه‌وه، یاخود زۆربه‌ی زانایان خۆیان له ده‌سه‌لاَتداران به دوور گرتووه و نزیك نه‌بوونه‌ته‌وه له ده‌سه‌لاَت، به‌رده‌وامیش ئامۆژگاری ده‌سه‌لاَت دارانیان كردوه و له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌لاَتی سیاسی و كارگێری حزمه‌تیان كردووه، چونكه له‌و باوه‌ره‌دا بوون كه ناتوانن كه له‌ده‌سه‌لاَت دابن وه‌ك ئێستایان بتوانن حه‌ق بگه‌ینن وه‌ك ئه‌وه‌ی دین داوایان لێده‌كات، جێی خۆیه‌تی لیره‌دا باس له دوو نمونه‌ی زیندو بكه‌م له مێژوودا كه‌ویش بریتیه‌له دوو زانای گه‌وره‌ی وه‌ك ئه‌حمه‌دی كوری حه‌نبه‌ل و ئه‌بو زه‌ری غه‌فاری، سه‌ره‌تا ئه‌بوزه‌ی غه‌فاری له دوای وه‌فاتی پێغه‌مبه‌ر خۆی كه‌ناگیر كرد ئه‌م خۆ كه‌ناگرتنه خوێندنه‌وه‌ی زۆری بۆ ده‌كرێت، شاره‌زایان پێیان وایه ئه‌م خۆ كه‌ناگرتنه‌ی غه‌فاری له‌و روانگه‌یه‌وه بووه كه ناكرێت له دوای پێغه‌مبه‌ری خواوه هیچ كه‌س رۆڵی پێغه‌مبه‌ر ببینێت ببێته جێنشینی، له روانگه‌وه‌ی سیستمی حكومه‌ت داری و سیستمی ئاینی پێكه‌وه كۆ بكاته‌وه و به‌رگێكی ئاینی ببه‌خشێته ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی و وه‌ك حاكمێكی ره‌ها مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا بكات.
خۆ ئه‌گه‌ر ئیسلامییه‌كان ده‌ڵێن ئێمه ئیدعایه‌ی واناكه‌ین و قه‌ت وامان نه‌وتوه، ئه‌وا با سه‌یری ئه‌وكاتانه بكه‌ن كه له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بۆ ده‌نگدان به چ میتۆدوو ئاراسته‌و بۆ چونێك مامه‌ڵه ده‌كه‌ن، ئایا ناڵێن و نه‌یان وتوه كه ده‌نگدان به ئێمه ده‌نگدانه به به‌هه‌شت و ده‌نگ نه‌دان به ئێمه ره‌تكردنه‌وه‌ی ئیسلام و دینه؟ تا ئه‌و راده‌یه‌ی له ناو خودی ئیسلامیه‌كانیشدا له ناو خۆیاندا ئه‌م تۆمه‌تانه حزوری هه‌یه، به‌ته‌نها ئه‌گه‌ر لایه‌نێكی ئیسلامی هاوپه‌یمانێتیه‌كیشی له‌گه‌ڵ حزبێكی نه‌ته‌وه‌یشدا كردبێت ئه‌وا ده‌ست به‌جێ تۆمه‌تبار كراوه و وتراوه هه‌ركه‌سێك ده‌نگ بدات به‌و لیسته ئه‌وا ده‌نگی داوه به دۆزه‌خ و دۆزه‌خی بۆ خۆی مسۆگه‌ر كردووه.
حزب و كۆمه‌ڵگا:
له ئێستادا حزب و حزبایه‌تی به‌هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی به‌گشتی له لای زۆربه‌ی هاولاَتیان بێزراوه، به‌لاَم دین به‌رده‌وام له لای خوڵك خۆشه‌ویسته.
ناكرێت ئێمه دین ناشرین بكه‌ین به‌م كاره‌مان به‌هۆی ناشرینی حزبایه‌تییه‌وه دینیش ناشرین بكه‌ین له‌به‌ر ئاره‌زوه‌كانی خۆمان و بڵێین هه‌رده‌بێت وابێت كێ له‌گه‌ڵی نییه كه‌یفی خۆیه‌تی، پاشان بالۆره‌ی ئه‌وه لێبدرێته‌وه كه له‌سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ریشدا بێباوه‌ره‌كان ئیسلامیان ره‌تكردۆته‌وه، جارێ ئه‌وه‌ی رقی زۆری له حزبایه‌تی و حزبی به‌ناو ئیسلامییه ئه‌وانه‌ن كه موسڵمانن، به‌لاَم ئێمه به‌زۆر له‌به‌ر ئه‌م هه‌ڵه په‌یره‌وكردنه ده‌مانه‌وێت به‌زۆر جه‌ماوه‌ره گشتییه موسڵمانه‌كه له بازنه‌ی ئیسلام وه‌ده‌ر بنێن، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنین بۆچونه‌كه‌ی ئێمه راسته.
پاشان هه‌موو مرۆڤێك هه‌ڵه‌ده‌كات، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ڵه‌یه به‌ناوی ئیسلامییه‌وه بكرێت ئه‌وا خه‌ڵكه ره‌شۆكه‌كه یه‌كسه‌ر ده‌ڵێن ئه‌ها ئیسلام چۆنه، به‌لاَم ئه‌گه‌ر هات و پاشگری ئیسلامیه‌كه‌ی پێوه‌نه‌بوو ئه‌وا هه‌ڵه‌كان ناخرێته ئه‌ستۆی ئیسلام، خۆئه‌گه‌ر باشه بینرا له‌و كۆمه‌ڵه ئه‌وا ده‌ڵێن ئه‌مانه ئه‌و حیزبه‌ن كه خه‌ڵكه موسڵماننه‌كانی تێدایه.
هه‌روه‌ها ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ی كه كاریان ته‌نها بانگه‌واز ده‌بێت باشتر خۆیان ته‌رخان ده‌كه‌ن بۆ كاری بلاَوكردنه‌وه‌ی په‌یامه‌كه‌یان.
پێویسته له‌سه‌ر لایه‌نه ئیسلامییه‌كان خه‌می زیاتر و له پێشینه‌یان بانگه‌وازی ئاینه‌كه‌یان بێت، به‌لاَم به‌داخه‌وه هه‌موویان خۆیان له حزبێكدا كۆ بوونه‌ته‌وه نه ده‌توانن وه‌ك پێویست بانگه‌واز بكه‌ن، نه كه‌سانێكی شاره‌زاشن له كاری حزبایه‌تی و سیاسه‌ت كردن‌دا، هه‌روه‌ها بوونه‌ته رێگر و جێگر له به‌رده‌م كه‌سانی شاره‌زاو پسپۆر له بواری سیاسی و كاری رێكخراویدا، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له‌و هۆكارانه‌ی كه بۆته هۆی به‌ره‌و دواوه بردنی بانگه‌وواز و هاتنه پێشه‌وه‌ی لایه‌نه ئیسلامییه له كایه سیاسیه‌كه‌دا.
بۆیه پێویسته سه‌ركرده لێهات و تێگه‌یشتوه‌كان له ناو ره‌وته ئیسلامییه‌كاندا ئه‌م باره قورسه له كۆڵ دین و كاری سیاسی بكه‌نه‌وه.
ئێستا له ناو كۆمه‌ڵگای موسڵماندا به‌گشتی و له هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی، ئه‌وه‌ی بۆته‌به‌ربه‌ست له به‌رده‌م به‌جه‌ماوه‌ری بوونی لایه‌نه ئیسلامییه‌كان و تێكه‌لاَو بوونی جه‌ماوه‌ر به و حزبانه‌ی هه‌ڵگری ئایدیایه‌كی ئیسلامین، ئه‌و پاشگره ئیسلامییه‌یه‌كه كه لایوسمینو وه‌لایوغنی من جوع، ئه‌مه‌ش غه‌یری موماره‌سه‌ی هه‌ڵه‌ی خۆمان و ناشرین كردنی ئیسلام له‌لایه‌ن خه‌ڵكانی نه‌زان و نه‌شاره‌زای ناو گروپه به‌ناو ئیسلامیه‌كان! وایان كردووه جه‌ماوه‌ر سڵ بكاته‌وه له لایه‌نه سیاسیانه‌ی كه زۆربه‌یان كه‌سانی دڵسۆز و خوره‌وشت به‌رز و ده‌ستپاكن له‌به‌رامبه‌ردا په‌نا ده‌به‌نه به‌ر كه‌سانێك له لایه‌نه سیاسییه‌كانیتر كه زۆرجار كار و ئامانجه‌كانیان پێچه‌وانه‌ی بیر‌و باوه‌ریشیانه و دنیایه‌ك نا داد په‌روه‌رییان له ولاَتدا بلاَو كردۆته‌وه، ئه‌مه هه‌ڵه‌ی كێیه؟ له‌كاتێكدا هه‌موو كۆمه‌ڵگا ئیسلامیی قبوڵه‌و به‌كرده‌وه‌ش له ژیانی كۆمه‌لاَیه‌تی و هه‌تا سیاسی و ده‌وڵه‌تداریشدا په‌یره‌وی ده‌كات، ئه‌ی ئه‌م رێگرییه ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت ئاخۆ چیبێت؟.
هه‌روه‌ها ئه‌شێت كه‌سێكی بانگخوازی لێهاتو له حزبێكی سیاسی‌دا كار بكات، چونكه دینی ئیسلام دژی كاری حزبی و سیاسیی نییه به‌مه‌به‌ستی گرتنه ده‌ستی كاروباری ده‌وڵه‌ت، به‌لاَم به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و حزبه به نوێنه‌ری ئیسلام بزانێت، واتا وه‌ك چۆن له رێكخراوێكی پیشه‌یی وه‌ك مامۆستایان یان پزیشكان كارده‌كات، به‌هه‌مان شێوه‌ش له‌و حزب و گروپه‌دا خزمه‌ت بكات و بشتوانێت دین به‌بیری هاوریكانی بهێنێته‌وه وه‌ك وتراوه "دین ئامۆژگاریه"، له‌م پسپۆری جیاكردنه‌وه‌یه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كێ زۆرتر دڵسۆزی دین و بانگه‌وازه‌كه‌یه‌تی و كێش حه‌زی به‌كاری حزبایه‌تییه؟ پێده‌چێت خۆیه‌كلاكه‌ره‌وان بۆ بانگه‌وازی دینی ئیسلام به په‌نجه‌كانی ده‌ست ببژمێردرێن، به‌تایبه‌تی له ناو ئه‌وانه‌ی پسپۆریان له بواری شه‌رعیدا هه‌یه ، ئه‌مه‌ش ته‌نها له به‌ر خۆشه‌ویستیان بۆ ده‌سه‌لاَت و كاری سیاسی نه‌ك دین داری.
گۆرانكارییه‌كی پێویست:
له‌م گوزه‌ركردنه خێرایه‌ماندا به‌فكر و مێژوی مامه‌ڵه‌ی ئاین له‌گه‌ڵ حزب و حكومه‌تدا بۆمان روون ده‌بێته‌وه كه له ئێستادا پێویسته ئیسلامییه‌كان له ولاَتانی موسڵمان نشیندا شێواز و میكانیزمی كاركردنی خۆیان بگۆرن، بانگه‌واز و كاری ئیسلامی دابرنن له كاری سیاسه‌ت به‌و مانایه‌ی وه‌ك چۆن ئیستا به پێویست ده‌زانرێت راگه‌یاندن بێلایه‌ن بێت و پێیان وایه كه راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆ كاریگه‌ری زیاتره، به هه‌مان شێوه‌ش ئه‌مه بۆ بانگه‌وازوو كاری ئیسلامی دوور له حزبایه‌تی و كاری سیاسیی هه‌ر وایه، له‌به‌ر ئه‌وه كاری بانگه‌واز به شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ و له چوار چێوه‌ی رێكخراو و كۆمه‌ڵه‌ی جۆراجۆره‌وه گاریگه‌ریان زیاتره له رێگه‌ی وه‌رگرتنی پسپۆری له بواری بانگه‌وازدا له چوار چێوه‌ی قوتابخانه و په‌یمانگاكانی زانسته شه‌رعییه‌كانه‌وه ده‌توانرێت په‌یامی ئاینی به‌شێوه‌یه‌كی دروست بگه‌یه‌نرێته هه‌موو میلله‌ت، له لایه‌كیتریشه‌وه شانبه‌شانی ئه‌مه‌ش كه‌سانی پسپۆری بواری كارگێری و حزبایه‌تی و كاری سیاسی له چوارچێوه‌ی حزبێكی خزمه‌ت گوزار و دادپه‌روه‌ر و چاكه‌خوازدا به بێ هه‌ڵگرتنی پاشگری ئیسلامی هیچ رێگرییه‌كی تێدا نابینرێت، بگره ئه‌م شێوازه‌یان زیاتر له رۆحی بانگه‌وازی خواییه‌وه نزیكتره و ئه‌وانه‌شی كه ده‌ڵێن حزبایه‌تی له دیندا نییه و به‌لایانه‌وه حه‌رامه ئه‌وكات هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیان به‌ده‌سته‌وه نامێنێت بۆ له‌سه‌ر خویندن و تۆمه‌ت باركردنی به‌رامبه‌ره‌كانیان به بیدعه چیی و هه‌موو بیدعه‌یه‌كیش گومراییه و هه‌موو گومراییه‌كیش بۆ دۆزه‌خه، یان ره‌خه‌نه گرتنی خه‌ڵكی له بوونی چه‌ند حزبێكی ئیسلامیی كه ده‌بێته ماییه‌ی ته‌فره‌قه له نێوان موسڵمانادا و ئه‌م تۆمه‌ت و شوبهه‌یه‌ش ده‌ره‌وێنرێته‌وه به یه‌ك جاری، چونكه حزبێك وه‌ك باقی ده‌زگا خزمه‌ت گوزاری و ئیدارییه‌كان له روی شه‌رعی و ناشه‌رعی بوونه‌وه كه‌س نا‌توانیت تانه‌ی لێ بدۆزێته‌وه، هه‌ر بۆیه له ئێستادا پێویسته حزبه ئیسلامییه‌كان خۆیان یه‌كلا بكه‌نه‌وه یان ئه‌وه‌تا بێنه ده‌ره‌وه له كایه سیاسییه‌كه‌و خۆیان وه‌ك كۆمه‌ڵه‌یه‌كی به‌نگه‌وازی رووت بناسێنن و ته‌نها كاری بانگه‌وازو بلاَوكردنه‌وه‌ی ئاینی ئیسلام بكه‌نه كاری سه‌ره‌كیان، یاخوود ته‌نها كاری سیاسی بكه‌ن وه‌ك حزبێك به‌بێ بوونی هیچ پاشگرێكی ئیسلامی و راده‌ستكردنی كاری بانگه‌وازی ئیسلامی به‌كه‌سانی تایبه‌ت مه‌ند له‌و بواره‌دا.
ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت ئه‌ولایه‌نه سیاسییه هه‌موو چالاكییه‌كی ئاینی له خۆی قه‌ده‌غه بكات، ته‌نها ئه‌وه‌یه كه بازنه‌ی كاركردنی له ناو میلله‌ته كه‌یدا كه زۆرینه‌شیان موسڵمانن فراوانتر ده‌كه‌ن و هیچی تر، ئه‌مه ئه‌ركی ئێستا و داهاتووی لایه‌نه ئیسلامییه‌كانه، خۆ ئه‌كه‌ر ئه‌م بۆ چوونه به‌لای هه‌ندێكه‌وه قورس بێت، ئه‌وا دڵنیام له ئاینده‌یه‌كی نزیك یاخود دور هه‌ر ده‌گه‌نه ئه‌م بروایه، هه‌روه‌ك زۆر قه‌ناعه‌تیتر كه‌له كاتیی خۆیدا به كوفری سیاسی داده‌نرا به‌ڵام له ئێستادا كارێكی زۆر ئاساییه به‌لایانه‌وه، ئه‌میش به هه‌مان شێوه هه‌روای لێدێت، به‌لاَم دواجار كاروانه‌كه بۆ ماوه‌یه‌ك له‌به‌ره‌و پێشچوون دواده‌كه‌وێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا په‌یره‌وی ده‌كه‌ن كه له‌كاتیی خۆیدا به كوفر‌و لادان موداهه‌نه‌یان ده‌زانی بۆ لایه‌نه ئیسلامییه‌كانیتر و ره‌خنه‌ی توندیان لئ ده‌گرتن له رووی كاری سیاسی و شێوازی كار و فیكر و بۆچونیاندا به‌دی ده‌كرا له سالاَنی نه‌وه‌ده‌كان و هه‌فته‌یه‌ك پێش داگیر كردنی عێراق باوه‌ریان پێی هه‌بوو، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وكاتانه ئه‌م گۆرانكاریانه‌ی كه ئێستا هاتوه به‌سه‌ر كاری سیاسی و بۆ چوونه‌كانیاندا ئێستا بیان كردایه، ئێستا حاڵه‌تی ئیسلامی له قۆناغێكیتر تردا ده‌بوو، به‌ڵام كاره‌كانمان چه‌ندێك له رۆح و جه‌و هه‌ری دینه‌وه دوور بێت ئه‌وه‌نده له ئامانجه‌كه‌ی دوورتر ده‌كه‌وێته‌وه و ناگه‌ین پێی و زۆر دره‌نگ ده‌گه‌ین به ئامانج.
------------------------
www.zagros.org/content/articles/articles-2011-11-13-025.html