مرۆڤ وه‌ك بونه‌وه‌رێكی سه‌رلێشێوێنراو
عه‌تا سه‌لیم
یه‌کشه‌ممه-20-تشرینی دووه‌م(مانگی 11)-2011
"إن الله لایغیرمابقوم حتی یغیروا ما بإنفسهم"الرعد11"
"خوا(باروحاڵی) هیچ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك ناگۆڕێت ،هه‌تا خۆیان (باروحاڵی) خۆیان نه‌گۆڕن"
سه‌رلێشێوان واته دۆخی نائاگایی و نه‌بینینی به‌رده‌می خوَ، واته له‌ده‌ست دانی توانای دور بینی و له‌ده‌ستدانی توانای ته‌ركیزكردن و وردبوونه‌وه له هه‌ڵوێست و ڕوداوه‌كان، یان ته‌نیا بینینی رواڵه‌ت و ڕووكه‌ش و ده‌رك نه‌كردن به‌ناوه‌رۆك و دوای په‌رده.
مرۆڤ خاوه‌نی گه‌لێك داهێنانی گه‌وره‌یه له هه‌مانكاتدا له‌ناو هه‌موو بونه‌وه‌ره‌كانی تردا راهێنه‌رو ئاراسته‌كه‌ری بونه‌وه‌رو گیانله‌به‌ره‌كانی تره .
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای میژووی مرۆڤایه‌تیه‌وه مرۆڤ هه‌وڵی داوه له ڕێگه‌ی سه‌رلێشێواندن و داوو ته‌ڵه‌كانیه‌وه چه‌ندین جۆر گیانله‌به‌ربگرێت و ده‌سته‌مۆو ماڵی بكات به‌شێوه‌یه‌ك كه هۆگری ببێت و سوودیان لێوه‌ربگرێت ،یان زیانی هه‌ندێكی تریان له خۆی دوور بخاته‌وه.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج و تێڕامانه زۆربه‌ی مرۆڤه‌كان خۆشیان هه‌میشه بوون و ئه‌بنه نێچیری به‌شێكی كه‌می مرۆڤه‌كانی تر، بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆی بزانێت ، ده‌كه‌وێته داوو ته‌ڵه‌ی پیاوه سیاسیه دیماگۆگه‌كان وبه‌كار ئه‌هێنرێن به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی سوودی تایبه‌تی و حزبی له كۆنترۆڵكردنی ده‌سه‌ڵات و پله‌و پایه‌و سه‌رچاوه‌كانی داهات و سامان .قسه‌یه‌ك هه‌یه ده‌ڵێت "مرۆڤی ژیر له‌كونێكه‌وه دووجار نا گه‌زرێت"ئه‌گه‌ر له‌مانای ڕواڵه‌تی ئه‌م قسه‌یه ده‌رچین ئه‌توانین بڵێین ناوه‌رۆكه‌كه‌ی باس له‌وه ده‌كات كه كه‌سێك یان كۆمه‌ڵێك ئه‌گه‌ر جارێك توشی زه‌ره‌رێكی سه‌خت هات ئه‌وا بۆ جاری دووه‌م خۆی ناداته‌وه له زه‌ره‌رێكی له‌و جۆره.
ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یبینین ڕێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌م په‌نده‌یه‌و مرۆڤ به‌گشتی و زۆربه‌ی كات ده‌بنه‌وه به نێچیری پیاوه‌سیاسیه زۆرزانه‌كان، هه‌ر جاره‌ی به ته‌ڵه‌یه‌ك و هه‌ركاته‌ی به داوێك سه‌ری لێ ده‌شێوێنرێت .ته‌نیا ئه‌وه‌نده هه‌یه كه شێوه‌و ڕه‌نگ و بۆیاخی ته‌ڵه‌و داوه‌كان ده‌گۆڕدرێن تا نێچیره‌كان سه‌ریان لێ بشێوێ و ته‌ڵه‌كان نه‌ناسنه‌وه . ته‌ڵه و داوه‌كانیش له سیاسه‌تدا ئه‌و دروشم و وه‌عدو به‌ڵێن و قسه زلانه‌ن كه حزب و پیاوه‌كانی له بۆنه جیاجیاكاندا به‌رزی ده‌كه‌نه‌وه به‌مه‌به‌ستی بزواندنی هه‌ست و سۆزی مرۆڤ و سه‌رلێ شێواندنی و دواجار ده‌ست به‌سه‌راگرتنی خێر‌و بێری وڵات وكۆنترۆڵ كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان بۆ خۆیان.ئه‌مه وێڕای گرنگی دانی به‌رده‌وامی سیاسییه‌كان به‌و هۆكارانه‌ی كه ئه‌بنه هۆی وروژاندنی ئاره‌زووه‌كانی مرۆڤ.
چونكه "ئه‌و كارانه‌ی كه ئاره‌زوو ده‌جوڵێنن زیاتر خه‌ڵك به ده‌میانه‌وه ئه‌چێت و سه‌رنجیان ڕاده‌كێشێت له چاو ئه‌و كارانه‌ی كه سه‌رنجی عه‌قڵ ڕاده‌كێشن، نمونه‌ش له‌سه‌ر كاری ئاره‌زوو ئه‌وه‌یه كه سیاسیه‌كان و زااناكان كه‌متر ناودارن لای خه‌ڵك له چاو هونه‌رمه‌ندو وه‌رزش وانان ، گه‌وره‌ترین زانا بمرێت ته‌نها ستونێكی ده‌ست ده‌كه‌وێت له‌ڕۆژنامه‌كاندا ،به‌ڵام ئاره‌زوو ورژێنه‌ران زۆریان له‌سه‌ر ده‌وترێت و مردنیان به زیانێكی گه‌وره ده‌زانرێت ،ده‌شزانین كه سوودی زانا چه‌نده ".
"ئاره‌زوو نه‌زانی بڕیاره‌كانی گه‌ل ده‌شێوێنێ ،بۆیه گه‌ل پێویستی به فێركردن و په‌روه‌رده‌یه‌كی واهه‌یه كه به‌سه‌ر ئه‌و ئاره‌زوو نه‌زانیه‌دا سه‌ر بكه‌وێت"(ئه‌فسانه‌ی دیموكراسی-فازل قه‌ره‌داغی).
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاشكرایه په‌روه‌رده هه‌م كاریكی ئاسان نییه و هه‌م پرۆسه‌یه‌كی درێژخایه‌نه و پێویستی به دانانی پلانی ورد هه‌یه، به‌ڵام به‌هۆی ده‌ست به‌سه‌راگرتنی سیستمی په‌روه‌رده له لایه‌ن كه‌مایه‌تی فه‌رمانڕه‌وا ئه‌م چاره‌سه‌ره جێی ئومێد نییه، چونكه‌په‌روه‌رده‌یه‌كی ڕاست و ته‌ندروست له گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌مینه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار یه‌ك ناگرێته‌وه.
ئاخر ئه‌گه‌ر بڕیار بێت مرۆڤ بونه‌وه‌رێكی بیركه‌ره‌وه بێت چۆن ده‌بێت كار‌و كردار‌و ئه‌زموونی خۆی وده‌وروبه‌ره‌كه‌ی به‌بێ تێڕامان و بیرلێ كردنه‌وه به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕ ببێت؟ مرۆڤ زۆربه‌ی جار ئه‌وه له‌یاد ده‌كات كه ئه‌زموونی كردووه بۆ نمونه كاتێك ئێمه له عێراقدا ئه‌زموونمان له‌گه‌ڵ بێده‌نگی هه‌یه به‌رامبه‌ر سته‌مكاری و ده‌ره‌نجامه‌كه‌شی ئه‌وه بووه كه سته‌مكاری به‌عس به‌سه‌ر گه‌لی كورد و به‌راده‌یه‌كی كه‌متریش به‌سه‌رعه‌ره‌بیشی دا هێناوه ،چه‌ند نالۆژیكیه مرۆڤی كورد‌و عێراقی بێده‌نگی هه‌ڵبژێرێت له‌به‌رامبه‌ر تێرامان وبیركردنه‌وه له‌كارو ئه‌دای پیاوه سیاسی و حوكمرانه‌كان له عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش ،چه‌ند مایه‌ی خه‌مه كه خه‌ڵك سه‌رگه‌رمی هه‌ڵپه‌ڕكێ و چه‌پڵه‌ڕێزان بێت بۆ سیاسی خۆسه‌پێن و بێ به‌ڵێن، ئاخر چه‌ند جار ده‌ستمان چزا به ساجی به‌ڵێنی بێ ناوه‌رۆك و بێ كرداردا ،كه‌چی هه‌مان تاس و حه‌مام ده‌چینه‌وه به‌ر بێ ره‌حمه‌تیی و بێ حیكمه‌تیی پیاوه سیاسیه‌كان، بۆ چه‌نده‌مین جار ده‌ست ئه‌كه‌ینه‌وه به‌كونه‌كه‌داو ماره كه ده‌مانگه‌زێته‌وه؟! .
هه‌ندێك له شاره‌زایانی بواری په‌روه‌رده بڕوایان وایه كاتێك منداڵێك له‌لایه‌ن مامۆستاكه‌یه‌وه یان منداڵێكی تره‌وه هه‌راسانده‌كرێت و توندوتیژی به‌رامبه‌ر ده‌كرێت ئه‌ڵێن "به‌شێك له‌چاره‌سه‌ره‌كان ده‌بێ له‌خودی ئه‌و كه‌سانه‌وه ده‌ست پێ بكات كه هه‌راسانكراون ، هه‌ر كه‌سێك كه ئازار درابێت یاشكێنرابێته‌وه یان هه‌ر نامیهره‌بانییه‌كی تری له‌گه‌ڵدا كرابێت ده‌بێ ئه‌وه به به‌رامبه‌ره‌كه‌ی (كه‌سی هه‌راسانكه‌ر) ڕابگه‌یه‌نێت كه ئه‌و چیتر له ڕه‌فتاره‌كانی ئه‌و رازی نیه،تاوه‌كو كه‌سی هه‌راسانكراو زۆر به ئاشكرا ناڕه‌زایی خۆی بۆ هه‌راسانكه‌ر ده‌رنه‌بڕێت ئه‌وه ئه‌م پرۆسه‌یه له خۆیه‌وه كۆتایی پێ نایه‌ت"هه‌راسانكردنی منداڵ له‌نێوان ماڵ و...-،فایه‌ق سه‌عید. كه‌واته ده‌بێ ئه‌وه ڕوون بێت له لامان هه‌تا له‌خودی ماف خوراو بێ به‌شكراوانه‌وه ده‌نگی ناڕه‌زایی به‌رز نه‌بێته‌وه و ده‌ست پێ نه‌كات، ئیدی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه یاسا ناناسێت هه‌ر گیز ده‌ست له ئیمتیاز و حه‌زه پاوانخوازه‌كانی هه‌ڵناگرێت و به‌رده‌وام ده‌بێت، چاوه‌ڕوانیش هیچ دادێكی به‌ش مه‌ینه‌تان نادات.ئێمه داوای شۆڕش و ڕاپه‌ڕین ناكه‌ین ،به‌ڵكو داوای سه‌رنجدان و بیركردنه‌وه‌ونواندنی هه‌ڵوێستی مه‌ده‌نی و به‌رده‌وام و پشوو درێژ ئه‌كه‌ین،داوای په‌روه‌رده‌كردنی رۆحی ڕه‌خنه خوازی و بونی قه‌له‌ق ده‌كه‌ین له هه‌مبه‌ر ئاكارو ڕه‌فتاری ده‌سه‌ڵاتداران.
هه‌ر بۆیه له بار‌و دۆخێكی وادا بونی ئۆپۆززسیۆن پیۆستیه‌كی ژیانی و حه‌تمییه جا چ ئه‌وانه‌ی له‌به‌رگی حزبدان چ ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی چونكه ئه‌وه‌ی ڕۆڵی چاودێر‌و هێزی فشار ده‌بینن هه‌ر ئه‌وانن ، په‌رله‌مان وه‌ك ده‌زگایه‌كی چاودیری كردنی كاروباره‌كانی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداران ڕۆڵی تا بڵێی لاوازه و ده‌توانین بڵێین له جێی نه‌بوونه.هه‌ر بۆیه رۆڵی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن بڕوام وایه ئه‌مڕۆ وه‌ك پیشمه‌رگایه‌تی رابردوو پیرۆزه.
------------------------
www.zagros.org/content/articles/articles-2011-11-20-026.html