بارەگا سووتاوەکەی یەکگرتوو ناو بنێن : ڕێکخراوی خێرخوازیی پارتی..!
موحسين جوامێر
پێنجشهممه-08-کانوونی یهکهم(مانگی 12)-2011
کاتێ گەندەڵی تەشەنەی سەند و ئەزموونی حەڕامخۆری، دنیاخۆری، مەغرووری، لێنەپرسينەوە و بێویژدانی گەشەی سەند و قانوونی پێت دەوەستم و لە هیچ کەتنێ ناپرينگێمەوە و ڕاناوەستم، بووە دەستوور و سەرپشک و پەرەی سەند، ئەو حەلە چاکەکردن و پیاوەتیکردن بە ماڵی خەڵک و منەت بەسەر ڕەشوڕووتی وڵاتێکدا کە دەوڵەمەندە و خەڵکێکی زۆری لێ هەژار کراوە، دەخرێتە قاوغە و دەفری خێرخوازييەوە و ڕەنگبێ نوشتەی پڕ نەزيلۆکەيشی پێوە شۆڕ بکرێتەوە، وەک گوللـەبەندەکەی قەزافی.. ئا ئەم حاڵەتە ئێستە خۆی لە دەزگەيەک قاڵ کردووەتەوە کە تەنانەت نان و پیاز بەناوی ناسراوان دەخوا و ناو لەخۆی دەنێ : دەزگەی خێرخوازيی بارزانی.
کوردستان، بەو بودجە پڕ خێروبەرەکەتەی لە بەغداوە بۆی دێ، هاوڕێ لەگەڵ ئەو داهاتەی لە ئاوديوکردنی نەوتی تازە دۆزراو و دزراوەی نێو ڕەحمی خاکەکەی زەوت دەکرێ، کە وای کردووە لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە دەوڵەمەندتر بێ و هی ئەوەيە هەموو سکێ تێر بێ، هەموو گەنجێ ژنی هەبێ و حەوجە نەبێ بچێتە مەساجخانە بۆ پشتشێلانێ، هەموو خێزانێک خانوو و بەلانی کەمەوە سەيارەيەکی هەبێ و ژیان لەهەموو ڕوويەکەوە بۆ هەمووان دابین بکرێ، بگرە بەو پارەيە چاکە و خێريش بکرێ و شوێنی ديکەيش ئاوەدان بکرێتەوە، کەچی دەسەڵات زۆر بێڕووانە چوو بە سیناريۆيەک هیلالی ئەحمەری ئیماڕاتی فريواند و بێی ڕەچاوکردنی هیچ بەهايەکی کۆمەڵايەتی و کوردايەتی لە ڕابیتەی ئیسلامیی زەوت کرد و قلووفی کرد، لە کاتێکدا ڕابیتە دەيان ساڵە ئەرکی بەخێوکردنی چەندين خێزانی هەتیوباری دەئەستۆ گرتووە، کە زۆر لەوان لێقەوماوانی شەڕی نەگريسی ناوەخۆن.
هەر دەڵێی مەعیدەی ئەو دەسەڵاتە بەو هەموو داهاتەوە، کە کەس نازانێ چۆن دێ و چۆن دەچێتە قورگی عفريتەوە و تەنانەت بێئەدەبییە لێیشی بپرسی، عەمبارە و تێر نابێ، ئەوجا قەپاڵ دەگرێتە ئەو ماڵ و يارمەتییەی لەڕێگەی ئەوانیديکەوە بەسەر خەڵکی هەژار و بەلەنگازدا دابەش دەکرێ، بەو خەياڵەی دەنگ و پشتيوانیی چينێک لەخۆی خڕ بکاتەوە، دەشقەم ڕۆژی هەڵبژاردن بە ئیمتیاز گرەو دەباتەوە.. وەلێ پێدەچێ سەردەمی کڵاونانەسەر لە کوردستاندا بەڕێوە بێ ئۆغر بکا و پرسيارە ڕەسەنەکەی ( من أین لک هذا ؟ ـ ئەمەت لەکوێ هانیوە؟ ) لێکدالێکدا بکرێتە مەشخەڵی رێگەی جەماوەرێک کە دەسەڵاتەکەی کۆ لە کردنی هیچ ناهەقييەک لە بەرانبەريدا ناکا و بەهیچ نەولێک جێی چاوانی تێدا نەماوە، بگرە عەلی عەوڵا ساڵح ئاسا منەتی بە کەسیش نەماوە .
ئەم شيکردنەوە و گازاندە خێرايەش هی بابايەکە سەربەخۆ، لە کوردستانخوازی بەولاوە خاوەن هیچ چالاکییەکی سياسی نییە کە بۆنی حیزب و لايەنێکی لێ بێ، هاوکات بڕوای بەوەیە هەر لايەنێک حوکمداریی کرد، خۆی نەکاتە بتی سەر ئەرز، چونکە قانوونی دنیا حەوسەڵەی ئەو دياردەيەی نییە و ململانێ لەگەڵیدا ئەستەمە، شايەدی ئەم بانگەشەيەش ئەو زنجيرە داڕمان و داڕووخانەيە کە لە فيرعەونەوە دەستی پێ کرد و تا ئیستە و جارێ لە قەزافی پشوويەکی دا.
وەلێ بەر لەوەی ڕەوشی چاکتر و لەبەردڵانتر بێتە پێشەوە، خەڵکی زياتر هۆشيار بن و بچنە پێشەوە، بۆ داهاتوو پەند لەو هەڵەیە وەربگیرێ و لايەنەکان خۆ نەخەنە کێشەوە، بلا بارەگا سەرەکییەکەی لە تۆڵەی مەيخانە و شوێنی پشتشێلان و نازانم کوێشێلاندا لە بادينان سووتانديان، هەر بۆ تفەڕک و بەيادی کوردايەتی، هاوکات بە هەلهەلە و ستران و چەپڵەڕێزان و لاوکەوە، ناوی بنێن : ڕێکخراوی خێرخوازیی پارتی.
mohsinjwamir@hotmail.com
------------------------
www.zagros.org/content/articles/articles-2011-12-08-028.html