|
كاكه حه‌مه بێئاگایه‌و به براده‌ران ده‌ڵێت: بخوێننه‌وه
فازڵ قه‌ره‌داغی
یه‌کشه‌ممه-20-ئه‌یلوول-2015 ئه‌مه له سه‌ده‌ی بیست‌و یه‌ك، له هه‌زاره‌ی سێیه‌م، به‌ڵام زۆریش ئاساییه... ئێره كوردستانه كه هێشتا له مه‌ده‌نیبوون دووره‌و له عه‌شایه‌رگه‌رییه‌وه نزیكه. حه‌مه‌ی حاجی مه‌حموود له دیمانه‌یه‌كی كه‌ناڵی زاگرۆسی سه‌ر به پارتی ده‌ڵێت: له هه‌موو دنیا سه‌رۆك له‌ناو خه‌ڵك هه‌ڵبژێردرا كامیله‌ن ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه. ده‌شڵێت: ئامۆژگاریی ئه‌و براده‌رانه‌ش ده‌كات (دیاره مه‌به‌ستی گۆڕان‌و یه‌كێتی‌و كۆمه‌ڵه): پێم وایه ئه‌و براده‌رانه زۆریان بچن بخوێننه‌وه... بخوێننه‌وه، تێبگه‌ن له پرۆتۆكۆلات، له دنیا، له ده‌ستووری دنیا، له قانوونه‌كانی دنیا، ئه‌گینا له دنیا نییه سه‌رۆك له‌ناو خه‌ڵك هه‌ڵببژێردرێت‌و پرۆتۆكۆلی بێت (...) ئه‌مه خۆخه‌ڵه‌تاندنه یان خه‌ڵك خه‌ڵه‌تاندنه. ده‌بوایه كاكه حه‌مه خۆی شتی بخوێنایه‌ته‌وه چونكه ده‌ڵێت له هه‌موو دنیا سه‌رۆك له‌ناو خه‌ڵك هه‌ڵبژێردرا ده‌سه‌ڵاتی كاملی هه‌یه. كاكه حه‌مه نازانێت كه ئه‌مه ڕاست نییه چونكه بۆ نموونه له كۆماری ئایرله‌ندا نیزام په‌رله‌مانییه‌و سه‌رۆكی كۆمار ته‌شریفییه به‌ڵام ئه‌و سه‌رۆكه به ده‌نگدانی ڕاسته‌وخۆ هه‌ڵده‌بژێردرێت، ئه‌ویش بۆ ماوه‌ی حه‌وت ساڵ‌و ته‌نها جاری دووه‌م رێگه‌ی پێده‌درێت، به‌هه‌مان شێوه‌ش بۆ كۆماری نه‌مسا به‌ڵام ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌میان شه‌ش ساڵه، هه‌روه‌ها كۆماری فنلندا كه تا ساڵی 2000 نیزامه‌كه نیوه سه‌رۆكایه‌تی بوو و دوای ده‌ستكاریی ده‌ستوور له ساڵی 2000 و ده‌ستكارییه‌كی تر له 2012 ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك بوونه ته‌شریفاتی ئه‌گه‌رچی وه‌كو نه‌مسا سه‌رۆك به‌ده‌نگدانی ڕاسته‌وخۆ هه‌ڵده‌بژێردرێت (بۆ شه‌ش ساڵ‌و ته‌نها دوو جار). ئه‌وه‌ی خۆشه‌و كاكه حه‌مه تێیكه‌وتووه ئه‌وه‌یه هه‌ر خۆی نموونه توركیا ده‌هێنێته‌وه كه سه‌رۆك به‌ده‌نگدانی گشتی ( یان وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: له‌ناو خه‌ڵك هه‌ڵده‌بژێردرێت) به‌ڵام سیسته‌مه‌كه په‌رله‌مانییه نه‌ك سه‌رۆكایه‌تی. كاك حه‌مه ئه‌مه به‌كاردهێنێت بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له‌و قسه‌یه‌ی ده‌ڵێت هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك به ده‌نگدانی ڕاسته‌خۆ سیسته‌مه‌كه ده‌كاته سه‌رۆكایه‌تی (كه ئه‌مه ڕه‌خنه‌یه‌كی ڕاسته ئه‌گه‌ر قسه‌ی وا كرابێت) به‌ڵام هه‌مان ئه‌و نموونه‌یه‌ی توركیا وه‌ڵامی كاكه حه‌مه بۆ قسه‌ی یه‌كه‌می (= ئه‌گه‌ر سه‌رۆك له‌ناو خه‌ڵك هه‌ڵبژێردرا ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی ده‌بێت) ده‌داته‌وه چونكه له توركیا هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك به ده‌نگدانی ڕاسته‌وخۆیه (دوای ده‌ستكاریكردنی ده‌ستوور به‌پێی ریفراندۆمی ده‌ستووریی ساڵی 2007) به‌ڵام ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك پرۆتۆكۆلین نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی كامل. بێگومان كاكه حه‌مه باسی ئه‌وه‌ش ناكات كه ئه‌ردۆغان ویستی حزبه‌كه‌ی زۆرینه‌یه‌كی وا به‌ده‌ست بهێنێت رێگه‌ی پێبدات ده‌ستوور ده‌ستكاری بكات به‌جۆرێك ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك زیاد بكات به‌ڵام ڕووبه‌ڕووی به‌ره‌نگارییه‌كی گه‌وره بووه‌وه. كاك حه‌مه باسی ئه‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه ناكات كه‌چی ده‌یه‌وێت سه‌رۆك له كوردستان ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوه‌تیی هه‌بێت. كۆتایی قسه‌كانم ئه‌وه‌یه قسه‌ی له‌جۆری ((له قامووسی هه‌موو دنیا)) كه كاكه حه‌مه به‌كاریهێناوه له قامووسی هه‌موو دنیا به‌ده‌گمه‌ن ده‌دۆزرێته‌وه. نیزامی سیاسی شتێكه به‌پێی واقعی ئه‌و وڵاته داده‌مه‌زرێت بۆیه ئاساییه وڵاتێك له نیزامێكی په‌رله‌مانی ڕووبكاته سه‌رۆكایه‌تی یان به‌پێچه‌وانه‌وه، ده‌شكرێت سه‌رۆك به‌ده‌نگدانی ڕاسته‌وخۆ هه‌ڵبژێدرێت‌و له‌هه‌مان كات ته‌شریفاتی بێت. ئه‌مه په‌یوه‌ندیی به واقعه‌وه هه‌یه، واقعی كوردستانیش ئه‌وه‌یه كه‌سێك هه‌یه حزبێك‌و داهاتێكی زۆر‌و هێزێكی ئه‌منی‌و چه‌كداری گه‌وره‌ی له‌پشته‌وه‌یه‌و ئه‌گه‌ر ئه‌وه هه‌یه ببێته دیكتاتۆر، كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌و كه‌سه یان هه‌ر كه‌سێكی ده‌سه‌ڵاتداری تر كه بچێته جێگه‌ی پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی به‌و ڕێگا چه‌وته نه‌ڕۆین كه وڵاتانی رۆژهه‌ڵات پێی رۆشتوون. به‌ڵام كاكه حه‌مه له گۆشه‌یه‌كی تره‌وه قسه ده‌كات. لینكی ئه‌و به‌شه‌ی دیمانه‌كه: http://zagrostv.com/Default.aspx?page=article&id=56014&l=3 www.zagros.org/content/fadhil/fadhil-2015-09-20-081.html |