|
|

|
ئیمزاكردنی گرێبه‌ست له‌نێوان كونسوڵی هۆڵه‌نداو وه‌زیری شاره‌وانی به‌ئاماده‌بوونی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی شوێنه‌وارو زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین- به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری هه‌ولێر یه‌كه‌م كه‌سه لای چه‌په‌وه |
|
|
|
|
|
|
|
له‌جیاتی هاندانی هاتنی تیمه بیانییه‌كان بۆ كوردستان
به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری هه‌ولێر هه‌ڕه‌شه‌ی هێنانی زێڕه‌ڤانی بۆ گوندێكی ته‌قته‌ق‌و ده‌بێته هۆی په‌كخستنی كاری شوێنه‌واریی زانكۆی لایدنی هۆڵه‌ندی
شه‌ممه-29-ئایار(مانگی 5)-2010
تایبه‌ت به زاگرۆس- به‌هه‌وڵی تیمی كارمه‌ندانی شوێنهواریو به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی ته‌قته‌ق‌و به‌درێژایی 25 ڕۆژ توانرا كاری پشكنینی شوێنه‌واریی زانكۆی لایدنی هۆڵه‌ندی له گردی سات‌و قه‌ڵای سه‌ر به ناحیه‌ی ته‌قته‌ق، كه یه‌كێتی تێیدا باڵاده‌سته، به‌شێوه‌یه‌كی ڕێك‌وپێك بكرێت‌و ئه‌نجامی باش بهدهستبكهون، به‌ڵام پاش سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری هه‌ولێر كاره‌كه شێواو گوندنشینه‌كان بڕیاریان دا هاوكارییه‌كه‌یان بوه‌ستێنن.
حه‌یده‌ر حه‌سه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری هه‌ولێر، كه پۆستێكی حزبیی دیاری هه‌یه له لقی دووی پارتی، به دوو سه‌یاره‌و چه‌ند كامێرایهكهیهوهو بههاوڕێتیی نزیكه‌ی 15 كه‌س سه‌ردانی سات‌و قه‌ڵای كرد‌و له‌میانه‌ی سه‌ردانییه‌كه خه‌ڵكی گونده‌كه داوای قه‌ره‌بووی خانووه‌كانیان كرد وه‌ك چۆن دانیشتوانی قه‌ڵای هه‌ولێر قه‌ره‌بوو كران. به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری هه‌ولێر ئه‌و داواكارییه‌ی قبووڵ نهكردو داوای تاپۆی خانووه‌كانی كرد‌و له‌مه‌وه ده‌مه‌قاڵه له‌نێوان هه‌ردوو لا ڕووی دا‌و ناوبراو هه‌ڕه‌شه‌ی كرد كه هێزی زێڕه‌ڤانیی سه‌ر به پارتییان بۆ دێنێت ((بیانكاته ژووره‌وه)). پاش مشتومڕه‌كه گوندنشینه‌كان بڕیاریان دا كار له پرۆژه‌ی پشكنینی شوێنه‌واری نه‌كه‌ن‌و ڕێگه‌ش به‌و كاره نه‌ده‌ن كه زانكۆی هوڵهندیی (لایدن) به‌هاوكاریی زانكۆی ئه‌ڵمانیی (لایپتزیگ) له گرده‌كه‌دا ده‌یكه‌ن.
به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری هه‌ولێر پاش ئه‌وه سه‌ردانی قائیمه‌قامی كۆیه كرد‌و پاشتر سه‌ردانی پارێزگاری هه‌ولێری كرد‌و مه‌سه‌له‌كه‌ی وه‌كو كێشه‌ی نێوان گوندنشینهكانو زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین باس كرد.
پاش ئه‌و ڕووداوه‌ش جێگری باڵیۆزی هۆڵه‌ندا له عیراق سه‌ردانی لقی دووی هه‌ولێری دا‌و هه‌رچه‌نده ڕاگه‌یاندنی پارتی باس له بابه‌تی سه‌ردانییه‌كه‌ی كرد كه بریتی بوو له باسكردنی ((ڕه‌وشی ئێستای هه‌رێمی كوردستان)) به‌ڵام ئاشكرایه هۆی سه‌ردانه‌كه ئه‌و كاره نه‌شیاوه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری هه‌ولێر بوو.
ئاگاداران له كاروباری شوێنه‌واری كوردستان ئه‌و كاره‌ی ناوبراو بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێننه‌وه كه تیمه بیانییه‌كه له ناوچه‌ی یه‌كێتیدا كار دهكاتو ئه‌مه یه‌كێكه له هه‌وڵه‌كان بۆ په‌كخستنی كاری شوێنه‌واری له سنووری یه‌كێتیدا هه‌رچه‌نده گرێبه‌ستێك هه‌یه له‌نێوان كونسوڵی هۆڵه‌ندا له هه‌ولێرو وه‌زاره‌تی شاره‌وانی، كه فه‌رمانگه شوێنه‌وارییه‌كان سه‌ر به‌ون.
شایه‌نی باسه ناوبراو شوێنه‌وارناس نییه‌و ده‌رچووی په‌یمانگه‌یه له بواری شانۆ و زیاتر خه‌ریكی كاروباری حزبییه‌و كاری شوێنه‌واری له سایه‌یدا زۆر لاوازه‌و له‌لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه ڕێزی لێ ناگیرێت.
------------------------
www.zagros.org/content/news/news-2010-05-29-010.html