بۆ له هاوڵاتی كه‌وتنه ته‌قه!
عه‌دنان عوسمان
له‌م ڕۆژانه‌دا ڕ‌وونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌لایه‌ن ڕاگه‌یاندنی ئاسایشی
گشتی و هه‌واڵێك له‌كوردستانی نوێ و وتارێكی عه‌ره‌بی له ماڵپه‌ره‌كه‌یاندا،
كه هه‌رسێكیان هێرشێكی سه‌یریان كردۆته سه‌ر هاوڵاتی، جێ سه‌رنج و تێڕامانێكی
قوڵن بۆمان.
له ڕ‌وونكردنه‌وه‌كه‌ی ئاسایش‌دا تۆمه‌تی خۆڵ له‌چاوی خه‌ڵك كردن و له هه‌واڵه‌كه‌ی
كوردستانی نوێ‌دا به كه‌ناڵی جه‌زیره‌مان ده‌شوبهێنن له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی
تیرۆریستان‌دا و له‌نو‌وسینی سایته‌كه‌شدا داواده‌كرێت هاوڵاتی ئیدانه بكرێت.
سه‌ره‌تا با له ڕ‌وونكردنه‌وه‌كه‌ی ئاسایشه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین. ئێمه له ژماره
317دا ڕیپۆرتاژێكمان له‌سه‌ر هاوڵاتییه‌ك بڵا‌وكرده‌وه كه‌وا له زیندانی
ئاسایش‌دا ئه‌شكه‌نجه‌دراوه‌و به‌و هۆیه‌وه چاوێكی له‌ده‌ستداوه. بۆ ئاماده‌كردنی
ئه‌م بابه‌ته چه‌ندین په‌یوه‌ندیمان به به‌رپرسه‌كانی ئاسایشه‌وه كرد به مه‌به‌ستی
لێكۆڵینه‌وه له‌وباره‌یه‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ته‌نها داوای ئه‌وه‌مان لێكرا "ئه‌م
بابه‌ته بڵا‌ونه‌كه‌ینه‌وه". ئێمه له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕیپۆرتاژه‌كه‌دا ئه‌ركێكی
ڕۆژنامه‌گه‌ریی خۆمان به‌جێهینابوو. به ساده‌یی مرۆڤ دوای خوێندنه‌وه‌ی بابه‌تێكی
له‌م چه‌شنه (و به‌تایبه‌ت له‌سایه‌ی ئه‌و دیموكراسیه‌ته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم به
خه‌ڵكی كوردستانی به‌خشیوه، به‌گوێره‌ی سایتی PUK!) چاوه‌ڕێی ئه‌وه ده‌كات
به‌رپرسانی ئه‌و ده‌زگایه لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه پێكبهێنن و ڕێكخراوه‌كانی
مافی مرۆڤ بانگهێشت بكه‌ن و ئاكامه‌كه‌شی هه‌رچی بێت بڵا‌ویبكه‌نه‌وه. پێكنه‌هێنانی
لیژنه‌یه‌كی له‌م چه‌شنه‌و ئه‌نجام نه‌دانی هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك و ئیكتفاكردن به
ڕ‌وونكردنه‌وه‌یه‌كی لاواز، نیشانه‌ی "ئاوه‌ژوو كردنی ڕاستییه‌كان و خۆڵ له‌چاوكردنی
خه‌ڵكییه"، نه‌وه‌ك ئه‌و كاره‌ی هاوڵاتی. له‌ڕاستیشدا ئه‌وه‌ش ئه‌وپه‌ڕی
بێحورمه‌تییه به‌رامبه‌ر مافی هاوڵاتییان و كه‌رامه‌ت و ژیانیان و بره‌ودانه به‌و
كاره نائینسانییانه‌ی كه له ڕاپۆرته‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاشدا
ئاماژه‌ی پێدراوه.
په‌یوه‌ست به لایه‌نی دووه‌مه‌وه، ئێمه ده‌مانزانی كه‌سانێك هه‌ن ناسنامه‌ی
دڵسۆزیی و شۆڕشگێڕێتی و كوردایه‌تی و هه‌ڵوێست و نیشتمانپه‌روه‌ری ده‌به‌خشنه‌وه‌و
و ئه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌وان و هاوشێوه‌ی ئه‌وان بیرنه‌كاته‌وه ئیتر بێبه‌شه له‌و مه‌كروماته
و گه‌ر بكرێت مافی هه‌ناسه‌دانیشی لێ زه‌وتده‌كه‌ن، به‌ڵام نه‌مانده‌زانی ئه‌م
به‌ڕێزانه له ئه‌خلاقیاتی ڕۆژنامه‌نو‌وسیی و شێوازی كاركردن له بواری ڕاگه‌یاندندا
پسپۆڕن و ده‌بێ پێش ده‌ستبردن بۆ هه‌ر مه‌له‌فێكی گه‌رم پرس به‌وان بكرێت.
كه‌م كه‌ناڵی ڕاگه‌یاندنی جیهانیی و به تایبه‌تیش ناوخۆیی هه‌ن كه به‌رده‌وام
هه‌واڵ و هه‌ڕه‌شه‌كانی گروپه توندڕه‌وه‌كان و لایه‌نگرانی قاعیده بڵا‌ونه‌كه‌نه‌وه،
گومانیشی تێدانییه كه بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاریی له‌مجۆره، به‌ڵگه‌ی لایه‌نگیرێتیی
ئه‌و كه‌ناڵانه نییه بۆ كرده‌وه‌و ڕێڕه‌وی كاركردنی ئه‌م گروپانه. له هه‌مو‌وشی
سه‌یرتر ئه‌وه‌یه ئه‌و هه‌واڵانه له زۆر سایتی تردا بڵا‌وكرابووه‌وه هاوكات له‌گه‌ڵ
هاوڵاتی دا، به‌ڵام بۆچی ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی یه‌كێتی له‌م نێوه‌دا ته‌نها
هاوڵاتی هه‌ڵبژاردووه بۆ ئه‌وه‌ی به ئه‌وپه‌ڕی بێشه‌رمییه‌وه وانه‌یه‌ك له
نیشتمانپه‌روه‌ریی و كاری ڕۆژنامه‌گه‌ریی پێبفرۆشێت. پۆزی ئه‌وه‌ش به‌سه‌ر ئێمه
و هه‌موو میلله‌تدا بدات كه ئه‌م هه‌موو ئازادییه له‌سایه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌واندایه‌و
ئه‌وه جۆره مه‌كرومه‌یه‌كه له‌و قیاده حه‌كیمه‌وه، كه به‌داخه‌وه ئێمه
نازانین چۆن كه‌ڵكی لێببینین! ئه‌وه‌ی ئه‌و وتاره بخوێنێته‌وه، ناتوانێت له
هیچ كون و كه‌له‌به‌رێكی ئه‌م دنیایه‌دا هاوشێوه‌یه‌كی بۆ بدۆزێته‌وه جگه له‌ڕاگه‌یاندنه
ستالینییه‌كان‌و سیسته‌مه دیكتاتۆرییه‌كان.
به داخه‌وه ده‌بێ ئه‌وه ئاشكرابكه‌ین و هه‌موو لایه‌ك و خوێنه‌ره دڵسۆزه‌كانی
هاوڵاتی له‌وه ئاگادار بكه‌ینه‌وه ئه‌م شاڵاوه بێبنه‌مایه هاوكاته له‌گه‌ڵ
هه‌ندێ سیناریۆدا كه هه‌ندێك خه‌ریكی سازدانین و دانیشتنیشی له‌سه‌ر كراوه بۆ
كپكردنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌نگه بوێره‌و هه‌وڵی داخستنی یه‌كجاریی، به هه‌ر بیانو‌ویه‌كه‌وه
بێت.
هاوڵاتی 319 له 28-03-2007