نیگاركێشی مەزن (نۆڤلێت) فازڵ قەرەداغی چیرۆكەكە باسی خەڵەتانی خەڵكە بە كەسایەتییەكان. وێنەكێشێكی گەورە كە هەواداری زۆری هەیە بەتایبەتی گەنجان و كە ئیلهابەخشی رۆمانسیەتە دەبێتە قوربانیی گەنجێكی ماتۆرسواری كە بە ملهۆری لێدەخوڕێت. كاتێك دانا دەبینێت چ زیانێكی بە وڵات و هونەر دابوو بڕیار دەدات پێش ئەوەی خۆی رادەست بكات شتێك بكات بۆ یادی قوربانییەكەی ئەویش بەرهەمهێنانی فلمێك لەسەر ژیان و تابلۆكانی وێنەكێشە گەورەكە. سەرباری ناوداریی وێنەكێشەكەش، كەس زانیاریی زۆری لەسەر ژیانی نابێت چونكە كەسێكی گۆشەگیر بوو تێكەڵ كەس نەدەبوو و بەتەنیا دەژیا. دانا بڕیار دەدات دزە بكات بۆ ماڵی وێنەكێشەكە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری. قەناعەتیش بە ڕامانی پوورزای دەكات لەو پرۆژەیە بەشدار بێت. بەپێچەوانەی داناش، رامان گەنجێكی وریا و قسەخۆشە و دەوری گەورە دەبێنێت لە دەستكەوتنی زانیارییەكان. لەو ماڵە چۆڵە دوانەكە راستییەكیان بۆ ئاشكرا دەبێت كەس نەیزانیبوو.
نۆڤلێتەكە پەنجا لاپەڕەیە (لە نۆڤێللا كورتترە).عادەت وایە باسكردنی چیرۆك و رۆمان تا ئێرە بەس بێت و ئەگەر هەمووی باس بكرێت موفاجەئەكە نامێنێت. بەڵام لەبەر ئەوەی كتێبەكە هێشتا نەكراوە بە كوردی رەنگە باسكردنی كۆتاییەكە ئاسایی بێت (ئەمە پێی دەوترێت سپۆیڵەر و كە نووسەر پێشوەخت خوێنەری لێ ئاگادار دەكاتەوە):
سپۆیڵەرەكە:
لەو خانووە چۆڵە دانا و رامان كەسێك دەبینن خەریكی وێنەیەكی وێنەكێشەكەیە. سەرەتا وادەزانن خێوی وێنەكێشەكەیە ئینجا دەزانن مرۆڤە خەرێكی تێكدانی وێنەكەیە. كە دەچنە ژوورەوە دەبینن كچێكە لە تەمەنی خۆیانە و كەمئەندامە. دوای قسەكردن دەزانن خوشكەزای وێنەكێشەكەیە و ئەو خاوەنی هەموو وێنەكانە و وێنەكێشەكە خۆی كردبووە خاوەنیان. ئینجا وێنەیەكی منداڵانە دەبینن كە هی خاڵی كچەكەیە و تێر پێی پێدەكەنن: پیاوێك بە قاتێكی ناڕێك و كڵاوەوە لەسەر شەقامێك بەشێوەیەكی نارێك رادەكات و لە پشتەوە سەیارەیەكی بچووكی منداڵانە لەسەر شەقامەكەیە و دوو سەیارەی بچووكتر لەدواوەی ریز كراون وەك چۆن منداڵێك بە سەیارەی بچووك شەمەندەفەرێكی دروست كردبێت.
بەڵام كە قسەكان بەردەوام دەبن. كچەكە نهێنییەكی تریان بۆ دەدركێنێت: خاڵەكەی حەزی لە وێنەكێشان بوو بەڵام باوكی نەیدەهێشت ئەو حەزە بكاتە كردار و لەجیاتی ئەوە بردبوویە قەسابخانە گەورەكەی خۆی. دوای مردنی دایكی كچەكە خاڵەكەی دەیباتە لای خۆی. لەوێ فێری وێنەی دەكات تا ئەو رۆژەی پێشی دەداتەوە، بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی رقلێبوونی. دواییش كچەكە قەناعەتی پێ دەكات خۆی بكاتە خاوەنی وێنەكان. دوای ناوداربوونی خاڵەكە، زۆر دەكات لە خۆشكەزاكەی بەردەوام بێت لە وێنەكێشان و تەنانەت لێشی دەدات كاتێك وادەزانێت خاوەخاوە دەكات.
كچەكە دەڵێت لەلایەكەوە خاڵی ئازاری دەدا بەڵام لەلایەكی ترەوە بۆ خاڵی دەگریا كە تەنها وێنەی منداڵانەی بۆ دەكرا. خاڵی سەرەتا بە باشی دەستی پێدەكرد بەڵام هەر زوو وێنەكەی دەبووە منداڵانە وەكو ئەوە بێت گەڕابێتەوە بۆ دۆخی منداڵی. ئەو وێنەیەش كە بینیبوویان خودی خۆی پیشان دەدات كە لە منداڵیی خۆی رادەكات.
چیرۆكەكە خەفەت بە دانا و رامان دەدات. سێ گەنجەكە بیر دەكەنەوە چی بكەن. كچەكە دەڵێت با خاڵی لە گۆرەكەی بە ئاسوودەیی راكشێت و با خەڵك هەر بزانن نیگارەكان هی ئەون. بڕیاریش دەدات چیی تر وێنە نەكێشێت تەنها یەك دانە نەبێت. سێ گەنجەكە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی لەو ماڵە ئەنجام دەدەن بۆ پیشاندانی وێنە نەبینراوەكانی وێنەكێشە مەزنەكە. كچەكەش بڕیار دەدات وەك میراتگری خاڵی قەسابخانە گەورەكە بفرۆشێت و بیكاتە مۆزەخانە بۆ بەرهەمەكانی خاڵی. دواییش دەچێتە سەر گۆری و بەسەریا دەگری و پێی دەڵێت: ((لێت خۆشبووم لە هەرچییەك لەگەڵت كردبووم. ئاسوودە بە مناڵە گەورەكە. خەڵك هەر وا دەزانن تۆی نیگاركێشە گەورەكەی)).
دوای ماوەیەكیش دەچێتەوە سەر گۆڕی و دوایین نیگار لەسەر كێلەكە دەكێشێت: دەموچاوی خالی بە وردترین و جوانترین شێوە و لە خوارەوە بە بچووكی ئەو نیگارەی كە دانا و رامان پیی پیكەنین: پیاوەكە بە جلە ناڕێكەكانی و كڵاوەكە و راكردنە ناڕێكەكەی و كە لە منداڵیی خۆی رادەكات، لە پشتییەوەش سەیارە منداڵانە بچووكان بەشێوەی شەمەندەفەر.
نوسخەی كاغەز:
https://www.amazon.com/dp/9933924737
نوسخەی كندڵ:
https://www.amazon.com/dp/B0GHT5LQ1Y
17-04-2026
https://www.zagros.org/kurdish-books-2026-04-17-011941 2903 جار بینراوه |