| |||||
| |||||
منی حەوتەم رۆمانێکی کورت لەسەر گەندەڵکاران و تۆڵەکردنەوە لێیان فازڵ قەرەداغی بەشێکی نۆڤلێتی منی حەوتەم The Seventh Me (٢٠٢٣) دەچێتە خانەی رۆمانی ئاسمانی و رۆمانی زانستی، بەڵام رووداوەکان لەبارەی گەندەڵییە لە کوردستان. نۆڤلێتەکە پشت بەو ئایەتە دەبەستێت کە باسی حەوت ئاسمان و حەوت زەوی دەکات، هەروەها فەرموودەیەک (ئەگەر صەحیح بێت) کە لە هەر زەوییەک لەو حەوت زەوییە ئادەمێک وەک ئادەمی خۆمان هەیەو ئیبراهیمێک وەک ئیبراهیمی خۆمان و موحەممەدێک وەک موحەممەدی خۆمان. لەسەر ئەو بناغەیە، رامیار ناوێک هەیە لە زەویی شەشەم (رامیاری شەشەم) کە تەمەنی نزیکەی سی ساڵەو رامیارێکی تر لە زەویی حەوتەم (ئەمەی خۆمان) کە خەریک بێتە دنیا و رامیاری شەشەم پێی دەڵێت «منی حەوتەم». رامیاری شەشەم لاوێکی ساختەکارو دەستبڕە لەسەر ئاستی جیهانی و تەنها پارەی لا مەبەستە بە یارمەتیی کەسانێک لە زیندانێکی ئەمەریکی لە زەویی شەشەم بە کەشتییەکی ئاسمانی بۆ زەویی حەوتەم هەڵدێت کە رووداوەکانی سی ساڵ پێش رووداوەکانی زەوییەکەی خۆین. رامیار لە زەوییەکەی خۆی کاتێک لەدایک ببوو گەندەڵەکان باوکیان کوشتبوو. کاتێکیش خێزانەکەی وەک پەنابەر چووبوونە سوید، سۆشیالی سویدی فڕاندبووی و لە خێزانەکەی دبڕابوو و لەو کاتەوە دەستی دابووە کاری نایاسایی. لە زەویی حەوتەم، رامیار دایکی خۆی بە دووگیانی دەبینێت کە کۆرپەکەی سکی هەر خۆیەتی، بەڵام ئەمیان رامیاری حەوتەمە. باوکیشی دەبینێت و هەوڵ دەدات بیخەڵەتێنێت و سوودی لێ وەربگرێت بەڵام دوایی دەبێتە پاسەوانی نهێنی بۆی بەڵکو قەدەر بگۆڕێت و نەکوژرێت. کاتێکیش رووداوەکەی زەویی شەشەم دووبارە دەبێتەوەو گەندەڵکاران باوکی دەکوژن لەو کاتەی ئەو خەریکی دەستبڕینی خەڵک و قومارکردن بوو، سوێند دەخوات تۆڵەی بۆ بکاتەوە و قەسابخانە بۆ بەرپرسان و سەرمایەدارە شەریکەکانیان ئەنجام دەدات، هەر لە بەرپرسانەوە تا ئەوانەی نەوت و دەرمان و پرۆژەی نیشتەجێیان قۆرخ کردبوو. رامیار بە دایکی و خوشک و براکانی دەگات و بەزەحەمەتەوە دایکی تێدەگەیەنێت کە کوڕی خۆیەتی و نوسخەیەکە لە کۆرپەلە نوێکە. بڕیاریش بوو رامیار گوێڕایەڵ بێت بۆ دەسەڵاتدارانی زەویی شەشەم بەڵام سەرپێچییەکانی تووڕەیان دەکات و کەشتییەک دەنێرن بۆ گەڕاندنەوەی. بەڵام رامیار پلانی تری هەبوو. جگە لە دیمەنی تراجیدی و توندوتیژی لە بەشێک لە دیمەنەکان، گاڵتەجاڕی و رۆحسووکیی رامیار بەسەر نۆڤلێتەکە زاڵە. کتێبەکە بە دوو شێوەی ئەلکترۆنی و کاغەز لە ئەمازۆن هەیە: نوسخەی کندڵ: https://www.amazon.com/dp/B0CJZJDT7C نوسخەی کاغەز: https://www.amazon.com/dp/B0CK3ZZ1ZY
09-04-2024 www.zagros.org/kurdish-books-2024-04-09-151723 1794 جار بینراوه |