| |||||
| |||||
تێگه‌شتن له سوننه‌ت -ته‌راویح چه‌ند ڕكعاته فازڵ قەرەداغی ئه‌م بابه‌ته بۆ ئه‌وه نییه بزانین ته‌راویح چه‌ند ڕكعاته چونكه باسكردنی ئه‌م شته كات كوشتن‌و ناكۆكییه‌كی ناپێویسته. بابه‌ته‌كه بۆ ئه‌وه‌یه بزانین چۆن له سوننه‌ت تێبگه‌ین. پۆخته‌ی وانه‌كه‌ش ئه‌مه‌یه: ئه‌گه‌ر فه‌رمووده‌یه‌كمان بینی باسی كارێكی كردووه پێویسته ئه‌و كاره به هه‌موو شتهكانییهوه ته‌ماشا بكه‌ین نه‌ك ته‌نها یه‌ك لایه‌نی ئه‌و كاره ببینین. پێویسته كات‌و شوێن‌و موناسه‌به‌ی قسه‌كه یان كرداره‌كه ڕه‌چاو بكه‌ین نه‌ك له‌سه‌ر ده‌قه‌كه بوه‌ستین. ئه‌وانه‌ی به هه‌ڵه له سوننه‌ت تێده‌گه‌ن ته‌نها ژماره‌ی یانزه ڕكعاتی ته‌راویح وه‌رده‌گرن نه‌ك سه‌رله‌به‌ری نوێژه‌كه كه چۆن بووه‌و ئه‌م ڕه‌فتاره‌یان نیشانه‌ی بیركردنه‌وه‌ی لاوازیانه، ئه‌وه‌ش جگه‌له‌وه‌ی ناكۆكی له‌گه‌ڵ بۆچوونی سه‌له‌ف كه خۆیان به شوێنكه‌وته‌یان ده‌زانن. ئه‌وانه‌ی ناوی سه‌له‌فی له‌خۆیان دهنێنو گوایه تێگه‌یشتنی سه‌له‌ف بۆ قورئان‌و سوننه‌ت وه‌رده‌گرن خۆیان ده‌به‌ستنه‌وه به فه‌رمووده‌كه‌ی عائیشه كه پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) نه له ڕهمهزانو نه له غه‌یری ڕه‌مه‌زان زیاتر له یانزه ڕكعاتی نه‌كردووه(صه‌حیحی بوخاری، كتاب صلاه التراویح). ئه‌وانه‌ش كه به بیست‌و سێی ده‌زانن ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ كاره‌كه‌ی عومه‌ر كوڕی خه‌تتاب ئه‌ویش كاتێك بینی خه‌ڵك تاك تاك و كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ نوێژیان ده‌كرد ئه‌ویش هه‌موویان له‌دوای یه‌ك قورئانخوێن، ئوبه‌ی كوڕی كه‌عب، كۆكرده‌وه (تا ئێره له صه‌حیحی بوخارییه)و ته‌راویحه‌كه‌ی كرده بیست‌و سێ ڕكعات (به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی تر). كردنی ته‌راویح به جه‌ماعه‌ت ئه‌سڵێكی هه‌یه ئه‌ویش كاتێك ژماره‌یه‌ك كه‌س له‌دوای پێغه‌مبه‌ر نوێژیان كرد بۆ دوو یان سێ شه‌و، دواییش له شه‌وی سێیه‌م یان چواره‌م (ئه‌مه له گێڕانه‌وه‌یه‌ك، له‌گێڕانه‌وه‌یه‌كی تر چواره‌م شه‌و) پێغه‌مبه‌ر نه‌هاته ده‌ره‌وه‌و بۆ به‌یانییه‌كه‌ی پێی وتن كه له‌و ده‌ترسا ئه‌و نوێژه ببێته فه‌رز به‌سه‌ریان (هه‌ردوو گێڕانه‌وه‌كه له بوخاری‌و موسلم). عومه‌ر كوڕی خه‌تتاب كه ته‌راویحی به‌و جۆره كرد یه‌كێك بوو له سه‌له‌ف، ئه‌ی بۆچی تێگه‌یشتنی بۆ سوننه‌ته‌كه هه‌ڵه بێت؟ به‌ڵام جگه له عومه‌ر خه‌ڵكێكی زۆر سه‌له‌ف باسی ژماره‌ی بیست و سێ به‌ڵكو له‌و ژماره‌یه‌ش زۆرتریان كردووه، به‌كورتیش به‌م جۆره‌یه: یانزه‌ی دوورودرێژ، سیانزه، بیستویه‌ك، لای مالك، ئیمامی مه‌دینه: یانزه ڕكعات، گێڕانه‌وه‌یه‌كی تر: بیست، كه‌سانی تر بیست‌و سێ، سی‌و شه‌ش (ئه‌و كاته‌ی عومه‌ر كوڕی عه‌بدولعه‌زیز والیی مه‌دینه بوو، مالكیش وتوویه‌تی كۆن لای خۆمان وابووه)، شافیعیش وتوویه‌تی بینیم له مه‌دینه سی‌و نۆ بوو و له مه‌ككه بیست‌و سێ بوو، ترمزیش ده‌ڵێت زۆرترین شت باسكراوه چل‌و یه‌كه، قسه‌یه‌كی تریش مالكیش سی‌و نۆ و ده‌ڵێت سه‌دو شتێك ساڵه ئه‌مه له مه‌دینه ده‌كرێت، بۆچوونی مهشهووریش له مالكه‌وه چل‌و نۆیه... تاد (بۆ ئه‌مانه‌و ورده‌كارییه‌كانی ڕكعاتهكانو گێڕانه‌وه‌كان: فتح الباری، ج4، ص 253-254). ئه‌مانه هه‌موو سه‌له‌ف بوون، كه‌واته ئه‌وانیش چۆن له سوننه‌ت تێگه‌یشتبوون؟ كردنی نوێژه‌كه به یه‌ك جه‌ماعه‌ت له‌لایه‌ن عومه‌ره‌وه دیار بوو بۆ كۆكردنه‌وه‌یان، به‌ڵام هیچ له‌و باسه دیار نییه كه بۆچی ژماره‌كه‌ی كرده بیست‌و سێ. ئه‌وه‌ی ده‌توانین لێی تێبگه‌ین ئه‌وه‌یه كه نوێژی پێغه‌مبه‌ر جیاواز بوو. نوێژه‌كه‌ی دوودرێژ بوو و به‌شێكی ئه‌و شه‌وه‌ی ده‌برد به‌ڵام هه‌موو كه‌سێك ئه‌و جۆره نوێژه‌ی پێ ناكرێت كه دوو یان سێ جوزئی قورئان یان زیاتر بخوێنرێنه‌وه، بۆیه نوێژی گونجاو بۆ خه‌ڵك به‌گشتی ئه‌وه‌یه ڕكعاتهكان زۆر بن و ئایه‌ته‌كان كه‌متر بن، به‌م شێوه‌یه‌ش ئه‌وه‌ی حه‌زی كرد هه‌ر بیست و سێكه یان هه‌ر سی‌و نۆكه.. تاد بكات دهیانكاتو ئه‌وه‌ی ویستی كه‌متر بكات یانزه یان شتێك زیاتر ده‌كات. بۆ زۆركردنی ڕكعاتهكانو كه‌مكردنی ئه‌و ئایه‌تانه‌ی له هه‌ر ڕكعاتێك ده‌خوێنرێنه‌وه قسه‌یه‌كی هه‌مان شێوه‌ی ئیبنو تهیمیهم بینی كه ده‌ڵێت پێغه‌مبه‌ر زۆر به‌پێوه ده‌وه‌ستا له شه‌ونوێژو له فه‌رمووده‌كه‌ی حوزه‌یفه له ڕكعاتێك سووره‌ته‌كانی به‌قه‌ڕه‌و ئالی عیمڕانو نیسائی ده‌خوێند، ئوبه‌ی كوڕی كه‌عبیش كه پێشنوێژیی بۆ كردن (واته سه‌رده‌می عومه‌رو له‌ناو موهاجیرو ئه‌نصاره‌كان) نه‌یده‌توانی زۆر به‌پێوه بیانهێڵیته‌وه بۆیه ڕكعاتهكانی زیاد كرد بۆ قه‌ره‌بووكردنی به‌پێوه‌وه‌ستانی درێژخایه‌ن. ئینجا ئیبنو ته‌یمیه ده‌ڵێت: وه‌ك بڵێی خه‌ڵكی مه‌دینه توانایان نه‌مابوو زۆر به‌پێوه بوه‌ستن بۆیه ڕكعاتهكانیان له‌وه‌ش زیاتر كرد تا گه‌یشتنه سی و نۆ ڕكعات (ابن تیمیه، مجموع الفتاوی، ج23، ص 113). ئیبنو ته‌یمیه بۆ ژماره جیاوازه‌كان ده‌ڵێت هه‌مووی هه‌ر باشه‌و ئه‌وه قسه‌ی ئه‌حمه‌د كوڕی حه‌نبه‌له، ژماره‌یه‌كی دیاریكراویش نییه به‌ڵكو به‌پێی كورتی‌و درێژیی بهپێوهوهستانهكهیه (هه‌مان سه‌رچاوه). ئیبنو حه‌جه‌ریش هه‌مان ئیحتمالی دانابوو واته به‌پێی دوورودرێژیی قورئان خوێندنه‌كه ژماره‌ی ڕكعاتهكان ده‌گۆڕێن (فتح الباری، ج4، ص 253). له‌مه‌شه‌وه ده‌زانین تێگه‌یشتنی هه‌ڵه له سوننهتو له قسه‌ی سه‌له‌فیش چییه: یانزه ڕكعات بكرێن‌و له هه‌شتیان جوزئێك قورئان یان شتێك كه‌متر بخوێنرێته‌وه كه به‌مه ناوترێت نوێژ به‌ڵكو ئه‌شكه‌نجه‌دان. ئه‌و كه‌سه‌ش كه توانای ئه‌وه‌ی نییه ناچار ده‌بێت كه‌متر له‌و یانزه‌یه بكات یان جه‌ماعه‌ت جێبهێڵێتو بۆ خۆی نوێژ بكات (وه‌ك جارێك به‌سه‌ر خۆم هات). تێگه‌یشتنی هه‌ڵه له سوننه‌ت، به‌ڵكو له‌وه زیاتر نیشانه‌یه‌كی بیرنهكردنهوهش، ئه‌وه‌یه ئه‌و كه‌سه‌ی ته‌راویحی به یانزه ڕكعات سنووردار كردووه ئاگای له‌و كه‌سه هه‌ره زۆرانه نییه كه قورئانیان له‌به‌ر نییه‌و به‌م جۆره هه‌ر زوو نوێژه‌كه‌یان ته‌واو ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر حه‌زیش بكه‌ن هی تر بكه‌ن تێگه‌یشتنی هه‌ڵه له سوننه‌ت ده‌بێته به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌میان. كه‌واته تێگه‌یشتنی دروست له سوننه‌ت له‌م مه‌سه‌له‌یه ئه‌وه‌ی عومه‌ره كه ژماره‌یه‌كی داناوه بۆ هه‌موو كه‌سێك بشێت، ئه‌وه‌ی حه‌زی له نوێژی زۆره‌و ئه‌وه‌ی حه‌زی لێی نییه. تێگه‌یشتنی زاناكانی دواتریش كه ژماره‌كه‌یان زۆركردووه دیسان دروستتره له ئه‌هلی یانزه كه خۆیان به ژماره‌یه‌ك به‌ستۆته‌وه بێئه‌وه‌ی ڕه‌چاوی هه‌موو شته‌كانی تری ئه‌و نوێژه بكه‌ن، سه‌رباری ئه‌وه‌ش ده‌زانن كه فه‌رمووده‌كه‌ی عائیشه فه‌رمانی نه‌كردنی زیاتر له یانزه ڕكعاتی تیا نییه به‌ڵكو باسی كارێكی پێغه‌مبه‌ره كه به‌ستراوه‌ته‌وه به سه‌رجه‌م نوێژه‌كه خۆی كه لایه‌كی شه‌وه‌كه‌ی ده‌برد. كه‌واته جارێكی تر ئه‌و سووده‌ی له‌م مه‌سه‌له‌یه وه‌ریده‌گرین ئه‌وه‌یه كاتێك فه‌رمووده ته‌ماشا ده‌كه‌ین پێویسته هه‌موو بارودۆخ‌و شته تایبه‌ته‌كانی كات‌و شوێن‌و موناسهبهكه ته‌ماشا بكه‌ین نه‌ك ته‌نها له‌سه‌ر ده‌قه‌كه‌ی بوه‌ستین. نموونه‌ی له‌هه‌مان جۆریش زۆرن. 26-06-2016 www.zagros.org/kurdish-sunna-2016-06-26-233730 7667 جار بینراوه |
![]() |