| |||||
| |||||
چه‌ند ڕێنماییه‌كی نووسینی ڕۆمان-1 بنه‌مایه‌كی رۆمان: پیشانی بده باسی مه‌كه فازڵ قەرەداغی هه‌رچه‌نده رۆماننووس ده‌توانێت پابه‌ند نه‌بێت به هیچ بنهمایهكو رێسایه‌كی ته‌كنیكیی رۆمان‌نووسین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی باوه‌و شایه‌نی ئه‌وه‌یه خانه‌كانی بڵاوكردنه‌وه قبووڵی بكه‌ن ئه‌وه‌یه نووسه‌ر تا ڕاده‌یه‌كی باش پابه‌ندی ئه‌و رێسایانه بێت. یه‌ك له‌وانه بنه‌مای ((پیشانی بده، باسی مه‌كه)) Show, don't tell . ئه‌مه نه‌ك ته‌نها بۆ ڕۆماننووس پێویسته به‌ڵكو خوێنه‌ریش سوودی لێ وه‌رده‌گرێت بۆ ناسینی ئاستی ته‌كنیكیی نووسه‌ر. باسكردن بریتییه له گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كه له‌كاتێك پیشاندان بریتییه له پێشكه‌شكردنی وێنه‌یه‌كی هاوشیوه‌ی فلمی سینه‌مایی. ڕهخنهگرانو خوێنه‌ران باسكردن وه‌كو نیشانه‌ی نووسه‌ری ته‌مبه‌ڵ ده‌زانن. نموونه‌ی باسكردن: سیروان به‌تووڕه‌ییه‌وه هه‌ڵساو ژووره‌كه‌ی به‌جێهێشت. له‌م نموونه‌یه نووسه‌ر بۆمان ده‌گێڕێته‌وه كه سیروان تووڕه بووه. پێویسته خوێنه‌ر وێنه‌كه بۆ خۆی دروست بكات، به‌ڵام نهههموومان ئاماده‌ین بۆ هه‌ر ڕووداوێك ئه‌و وێنه‌یه دروست بكه‌ین‌و نهههمووشمان توانای بیركردنه‌وه‌مان هه‌یه له وێنه‌یه‌كی به‌هێز. ئێمه ده‌زانین سیروان تووڕه بووه به‌ڵام چۆن؟ هه‌مان نموونه، ئه‌مجاره له‌جیاتی باسكردن پێشاندانه: برۆكانی سیروان دایان لهیهكو چاوی زه‌قبوونه‌وه، مشتی توندكردو كێشای به‌سه‌ر مێزی به‌رده‌می، پاڵێكی پێوه‌ناو هه‌ڵسا. كورسییه‌كه به‌لا كه‌وت. خێسه‌ی له هاوڕێكه‌ی كرد‌و بێئه‌وه‌ی هیچ وشه‌یه‌ك بڵێت به‌هه‌نگاوی خێرا‌و گه‌وره‌وه به‌ره‌و ده‌رگاكه ڕۆشت، كردییهوهو له‌دوای خۆی دای به‌یه‌ك. وه‌ك ده‌بینن، ((پیشاندان)) وشه‌ی زۆرتری پێویسته به‌ڵام دیمه‌نه‌كه‌مان به‌زیندوویی پێشكه‌ش ده‌كات. ((باسكردن)) به‌كورتی ده‌یبڕێنێته‌وه به‌ڵام وێنه‌یه‌كی تهمومژاویمان ده‌داتێ. هه‌ر بۆیه باسكردن به نووسینێكی ته‌مبه‌ڵ ناو ده‌نرێت. یه‌ك له نیشانه‌كانی تری باسكردن‌و ته‌مبه‌ڵیی نووسین به‌كارهێنانی ئاوه‌ڵكاری چۆنێتییه Adverb . له نموونه‌ی سه‌ره‌وه ((به‌تووڕییه‌وه)) ئاوه‌ڵكاری چۆنێتییه. قسه‌یه‌كی ناوداری رۆماننووسی ناودار ستیفن كنگ هه‌یه ده‌ڵێت كه باوه‌ڕی هه‌یه ڕێگه بۆ دۆزه‌خ به ئاوه‌ڵكار قیرتاو كراوه. به‌ڵام بێگومان ئه‌وه موبالهغهیهو ڕهخنهگرانو نووسه‌ران ته‌نها داوا ده‌كه‌ن ئاوه‌ڵكاری چۆنێتی به‌كه‌مترین ئه‌ندازه به‌كاربێت. ئه‌مه ته‌نها نموونه‌یه‌كه له باسكردن‌و پیشاندان. بنه‌ما گشتییه‌كه ئه‌وه‌یه نووسینه‌كه‌ت ته‌مبه‌ڵ نهبێتو وه‌سفی جووڵه‌و كاردانه‌وه‌و ڕووداوه‌كان بكه‌ی. بۆ نموونه مه‌ڵێ: ((دڵشاد له خه‌و هه‌ستا)). هه‌ستانی دڵشادمان بۆ باس بكه: به ته‌مبه‌ڵی هه‌ڵسا یان به گورجوگۆڵی، ئه‌ویش به‌پێی وه‌زعه‌كه‌ی: خهبهربوونهوهیهكی ئاساییه یان شه‌وی پێشتر بڕیاری شتێكی دابوو؟ بۆ نموونه شه‌وی پێشتر بڕیاری دابوو كارێكی گرنگ بدات، به‌پێی كه‌سێتیی دڵشادیش به‌یانی كه له خه‌و هه‌ڵسا ساردببووهوه بۆیه به ته‌مبه‌ڵی هه‌ڵسا یان به‌پێچه‌وانه‌وه سووربوو له‌سه‌ر كاره‌كه‌و به‌گورجی هه‌ڵسا. كه باسی خهبهربوونهوهشی ده‌كه‌یت ده‌توانی به‌كورتی بیبڕێنیتهوهو بڵێیت به گورجی یان به ته‌مبه‌ڵی، به‌ڵام باشتره گورجییهكهیو تهمبهڵییهكهی پیشان بده‌ی وه‌كو: ته‌مبه‌ڵی: دڵشاد دوو چاوی كردنه‌وه‌و بڕیاره‌كه‌ی دوێنێ شه‌وی بیركه‌وته‌وه كه تۆڵه‌ی خۆی بكاته‌وه. به‌لای چه‌پی وه‌رچه‌رخاو دوو چاوی نووقاندنهوه. له‌به‌رخۆیه‌وه وتی: ((تۆڵه‌ی چی؟ بۆچی ده‌توانم ته‌نانه‌ت ته‌ماشای چاوه‌كانی بكه‌م؟)). ماوه‌یه‌ك له جێگه خۆی خڵهفاندو دوایی به چاوی نیوه نووقاوه‌وه له جێگاكه‌ی دانیشت. كاتی ویست تا هه‌ستێته سه‌رپێ. ئه‌مه‌ش گورجی: زه‌نگی كاتژمێره‌كه لێیداو دڵشاد ڕاچه‌نیو بڕیاره‌كه‌ی دوێنێ شه‌وی بیركه‌وته‌وه. په‌لی هاویشتو كاتژمێره‌كه‌ی بێده‌نگ. ئینجا به‌تانییه‌كه‌ی له‌سه‌ر خۆی لابرد‌و له‌جێگه‌كه‌ی بازی دا‌و هه‌ستایه سه‌رپێ. هێنده‌ش په‌له‌ی بوو به‌پێی خاوهس چووه لای دهستشۆرهكهو ده‌موچاوی شت. تنۆكه ئاوه‌كان به‌هه‌موو لایه‌ك پرژان. ده‌موچاوی هێشتا سابوونی پێوه بوو كه به خاولییه‌كه سڕییه‌وه‌و گه‌ڕایه‌وه ژووره‌وه بۆ خۆگۆڕین. بێگومان ته‌نها ئه‌م دوو حاڵتهمان نییه. حاڵه‌تی ترمان هه‌ن ئه‌ویش به‌پێی كه‌سایه‌تیی پاڵه‌وان‌و جۆری ڕووداوه‌كه. بۆ نموونه دڵشاد كه‌مێك دوودڵ دهبێتو له‌جێگه‌كه‌ی داده‌نیشێت، سه‌ر دادهنهوێنێتو بیرده‌كاته‌وه، پاشان بڕیار ده‌دات. بنه‌ما گشتییه‌كه‌یه ئه‌وه‌یه پێمان مه‌ڵێ ڕووداوه‌كه چۆن بوو یان كه‌سایه‌تییه‌كه چۆن هه‌ڵسوكه‌وتی كرد به‌ڵام دیمه‌نێكی ڕووداوه‌كه‌و هه‌ڵسوكه‌وتی كه‌سه‌كه‌مان پێ پیشان بده. ده‌شمێنێته‌وه ئه‌وه‌ی كه ناكرێت بۆ هه‌موو ههنگاوێكو ساتێك ئه‌مه جێبه‌جێ بكه‌ی چونكه ده‌توانی هه‌ندێك ڕووداو و جووڵه‌و هه‌ڵسوكه‌وت باس بكه‌ی، به‌ڵام ئه‌مه حاڵه‌تی زاڵ له كتێبه‌كه نه‌بێت. هه‌روه‌ها هه‌ندێك له‌م ڕووداو‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه لاوهكینو ده‌توانی له‌سه‌ریان نه‌وه‌ستی. ئینجا تۆ وه‌كو نووسه‌ر كه‌م یان زۆر ئه‌مه به‌كار ده‌هێنی؟ وه‌كو خوێنه‌ری ڕۆمانی كوردیش كه‌م یان زۆر ئه‌مه‌ت بینیوه؟ هه‌ڵبه‌ت هه‌موومان وه‌كو نووسه‌ر ئه‌مه‌مان كردووه بۆیه پێویستمان به نووسینه‌كانمان بچینه‌وه. ئه‌مانه‌ش چه‌ند ڕاهێنانێكن بۆ باسكردن‌و پیشاندان. هه‌ندێكیان چه‌ند پیشاندانێك هه‌ڵده‌گرن: جۆری یه‌كه‌می ڕاهێنان: ئه‌مانه بكه‌ره پیشاندان: -سیروان به گاڵته‌جاڕییه‌وه وتی: ((دیاره كاتژمێره‌كه‌ت نوستبوو وا له كاره‌كه‌ت دواكه‌وتی)). -ده‌نگێكی به‌رز له نهۆمی سه‌ره‌وه هات. دڵشاد به‌سه‌ر قادرمه‌كه سه‌ركه‌وت بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت چی بووه. -له ته‌قه‌ی ده‌رگا هاتو سیروانی خه‌به‌ركرده‌وه. سیروان به‌تووڕییه‌وه ده‌رگاكه‌ی كرده‌وه. -دڵشاد به‌ترسه‌وه ته‌ماشای هاوڕێكه‌ی كرد‌و لێی پرسی: ((ڕاست ده‌كه‌ی یان گاڵته‌م له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ی؟)). جۆری دووه‌می ڕاهێنان: كارێك بكه‌و وه‌سفی بكه. بۆ نموونه وابزانه بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك بوو و ترساوی ڕاده‌كه‌ی. (مه‌ڵێ: زه‌وی له‌رزیو ترسام‌و له ژووره‌كه هه‌ڵهاتم... ئه‌مانه وه‌كو دیمه‌ن پیشان بده). یان به فیعلی له كورسییه‌كه هه‌ڵسه‌و گڵۆپێك دابگرسێنه یان بیكوژێنهرهوهو وه‌سفی كاره‌كه بكه. جووڵه‌و هه‌ڵسوكه‌تی زۆرت له‌به‌رده‌مه بیانكه‌یته ڕاهێنان. جۆری سێیه‌می ڕاهێنان: رۆمانی نووسه‌رێك بگره‌و هه‌وڵ بده باسكردن‌و پیشاندانه‌كانی بدۆزیته‌وه. ئینجا هه‌وڵ بده باسكردنهكه بكه‌ی به پیشاندان. دوا تێبینیش ئه‌وه‌یه ئاگادار بی پیشاندانهكه نه‌كه‌یته وه‌سفی دوورودرێژ. هه‌رچه‌نده وه‌سفی دوورودرێژ یه‌كێكه له شێوازه‌كانی نووسین به‌ڵام زاڵبوونی وه‌سف ڕۆمان له په‌خشان نزیك ده‌كاته‌وه. تێبینی: ئه‌م بابه‌ته كاتییه‌و دواتر شتی تری بۆ زیاد بكه‌م. 04-08-2019 www.zagros.org/kurdish-writing-2019-08-04-220719 13824 جار بینراوه |
|