به‌شێكی پرۆژه‌ی كتێبێك به‌ناوی كاتیی (ئازادكردنی مرۆڤی موسڵمان)
پرسیاركردن ڕێگه‌ی زانیارییه. ئه‌مه شتێكی زانراوه، به‌ڵام پرسیاركردن هه‌موو كاتێك سوودبه‌خش نییه. پرسیاركردن جاری وایه زیابنه‌خشه، نموونه‌یه‌كی ئه‌وه‌ش له فیقهی ئیسلامی ده‌یبینین.
فیقهی ئیسلامی بابه‌تێكی زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌و ده‌یان هه‌زار كتێب له‌باره‌یه‌وه نووسراون‌و سه‌دان مه‌زهه‌ب و هه‌زاران موجته‌هیدی كۆن‌و نوێ هه‌بوون، ئه‌و دهوڵهمهندییهش بۆته مایه‌ی شانازیی زۆر موسڵمان، به‌ڵام به‌شێكی ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندییه بوو به به‌ڵا به‌سه‌ر ئوممه‌تی ئیسلامی به‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغییه‌كی دروست كه ژیان مرۆڤه‌كانی ئوممه‌تی ئاڵۆز كرد.
له بابه‌تێكی پێشوو باسی ئازادكردنی عه‌قیده‌م له فیكر كرد كه چۆن بیربۆچوونی به‌شه‌ریی زۆر تێكه‌ڵ به ئیمان‌و عه‌قیده بوون‌و كرانه به‌شێك له‌و ئیمان‌و عه‌قیده‌یه‌و چۆن ئه‌مه بووه هۆی كاره‌ساتی زۆر بۆ ئوممه‌تی ئیسلامی.
له‌م بابه‌ته‌ش باسی جۆرێكی تری ئازادكردن ده‌كه‌م كه ئازادكردنی مرۆڤه له‌و بۆچوون‌و ئیجتهادانهی ناوی فیقهـ و مه‌زهه‌بی فیقهییان لێ نراوه‌و بوونه‌ته به‌شێك له ئاین.
دروستبوونی عه‌قیده به‌و شێوه ئاڵۆزهیو به‌و هه‌موو بابه‌تانه‌ی له‌خۆی گرتبوون به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی نێوان موسڵمان بوو و دواتر بووه هۆی قووڵتركردنی ئه‌و ناكۆكییانه. به‌ڵام دروستبوونی فیقهـ به‌هۆی جیاوازیی تێگه‌یشتنی موسڵمانان بوو له ده‌قه‌كانی قورئان‌و فه‌رمووده‌و به‌هۆی چۆنێتیی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌قانه بوو و چۆنێتیی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كانی تایبه‌ت به حوكمی شه‌رع له مه‌سه‌له‌كان. دروستبوونی مه‌زهه‌به فیقهییه‌كان بووه هۆی ناكۆكیی نێوان شوێنكه‌وتووانی ئه‌و مه‌زهه‌بانه، به‌ڵام ئه‌و ناكۆكییانه، كه خه‌تای شوێنكه‌وته نه‌زانه‌كان بوون، نابنه پاساو بۆ فڕێدانی فیقهـ چونكه ئه‌وه دوو بابه‌تی جیاوازن.
به‌ڵام ئایا فیقهـ یان به‌شێكی زۆری فیقهـ به‌ڕاستی شایه‌نی ئه‌وه نییه فڕێ بدرێت؟ ئایا پێویستمان به‌و هه‌موو ورده‌كارییانه‌ی فیقهـ هه‌یه؟
ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له ته‌نها زۆری‌و قه‌ره‌باڵغیی مه‌سه‌له فیقهییه‌كان بێت ڕه‌نگه كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆمان نه‌بێت به‌ڵام كێشه‌ی فیقهـ و مه‌زهه‌به‌كانی ئه‌وه‌یه ژیانی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵمانانیان قه‌ره‌باڵغ كردووه به (نابێت)ـهكانو كارێكیان كردووه كه فیقهـ بۆ هه‌موو شتێك قسه بكات به‌مه‌رجێك چه‌ند ده‌قێكی كه‌م بۆمان ئاشكرا ده‌كه‌ن ئه‌م ده‌ستوه‌ردانه‌ی فیقهـ له هه‌موو شتێك له‌گه‌ڵ ئیسلام یه‌ك ناگرێته‌وه. هه‌ر بۆیه خۆ ڕزگاركردن له فیقهـ هه‌وڵێك نییه له ده‌ره‌وه‌ی ئیسلام‌و ده‌قه‌كانییه‌وه به‌ڵكو هه‌وڵێكی گونجاوه له‌گه‌ڵ ئیسلام‌و ده‌قه‌كانی.
ئاین له‌به‌رده‌ستی بێكاره‌كان
به‌بۆچوونی خۆم دروستبوونی فیقهـ و مه‌زهه‌به‌كانی به‌هۆی ((به‌تاڵی))یه‌وه بوو. ڕه‌نگه به‌لای زۆربه‌وه ئه‌مه وشه‌یه‌كی قورس بێت به‌ڵام ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كێشه‌كانمان ناچارمان ده‌كات ئه‌و وشانه به‌كاربهێنن كه وه‌سفی حاڵه‌ته‌كه بكه‌ن ئه‌گه‌رچی قورس بن.
بهتاڵیو بێكاریی ئه‌و كه‌سانه‌ی خه‌ریكی فیقهـ بوون وایكرد زۆر له‌و بواره ڕۆبچنو باسی هه‌موو شتێك بكهنو بۆ هه‌موو شتێك حوكم ده‌ربكه‌ن ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و شته‌ش كه ئاشكرایه ده‌ق ده‌یتوانی قسه‌ی له‌سه‌ر بكات به‌ڵام فه‌رامۆشی كردووه (المسكوت عنه- ئه‌وه‌ی ده‌ق لێی بێده‌نگ بووه). به‌ڵكو ته‌نانه‌ت لای هه‌ندێكیان‌و به‌تایبه‌تی فیقهی حه‌نه‌فی بووه قسه‌كردن له‌و حاڵه‌تانه‌ی هێشتا ڕوویان نه‌داوه یان ڕوودانیان شتێكی ده‌گمه‌نه ئه‌ویش به‌بیانووی ئه‌وه‌ی پێویسته فه‌قیه ئاماده بێت كاتێك ڕوو ده‌ده‌ن.
بۆیه ده‌شڵێم به‌تاڵی چونكه ئه‌وه‌ی به‌ته‌نها خه‌ریكی فیقهـ بوو شتێكی تری نه‌بوو مه‌شغووڵی بكات ئه‌ویش به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی خه‌ریكی بواری تر بوون وه‌ك بۆ نموونه فه‌رمووده یان قورئان. هۆكارێكی ئه‌و خۆخهریككردنهش به فیقهـ ئه‌وه بوو كه ئه‌و بواره ده‌رگایه‌كی واڵاتر بوو له‌چاو بواره‌كانی تر بۆ ناوبانگ ده‌ركردن‌و بۆ مونافهسهكردن بۆ به‌شداریكردن له ژیانی رۆژانه چونكه خه‌ڵك به‌رده‌وام پێویستیان به‌وه بوو بزانن حوكمی شه‌رع له كاره‌كانیان چییه.
موسڵمانانیش ئه‌وه‌نده خه‌ریكی فیقهـ بوون ئه‌وه‌نده خه‌ریكی زانسته‌كانی تر نه‌بوون به‌تایبه‌تی زانسته تهتبیقیو سروشتییه‌كان وه‌ك چۆن ئه‌بو حامدی غه‌زالی وتبووی كه ده‌بینی گوندێك چه‌ندین فه‌قیهی لێیه به‌ڵام پزیشكێكی لێ نییه بۆیه موسڵمانه‌كان ناچاری پزیشكه نه‌صرانییه‌كان ده‌بن. پێش ئه‌ویش شافیعی ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌بوو له فه‌رامۆشكردنی پزیشكی‌و ده‌یوت پزیشكی سێ یه‌كی زانسته به‌ڵام موسڵمانان فهوتانوویانهو داویانه‌ته ده‌ست جووله‌كه‌و نه‌صارا [1].
له ئه‌نجامی ئه‌و بهتاڵییهو له ئه‌نجامی ئه‌و ناوبانگه‌ی فیقهـ به خاوه‌نه‌كانی ده‌به‌خشی فیقهـ هێنده فراوان بوون كه بووه توراسێكی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ڵام وه‌ك وه‌تم توراسێك كه به‌ڵای بۆ ئوممه‌ت هێنا، گه‌وره‌ترین به‌ڵاش ئه‌و ناڕه‌حه‌تییه‌ی بۆ خه‌ڵك دروست بوو كه هه‌موو كارێكیان پێویستی به فه‌توا بوو به‌تایبه‌تیش كاتی ناكۆكیی فه‌تواكه له‌گه‌ڵ ژیانیان.
فیقهـ و قسه‌كردن كاتی نه‌بوونی ده‌ق
دوور له پێناسه باوه‌كانی فیقه، لێره فیقهـ به‌وه ده‌ناسێنین كه ده‌ستنیشانكردنی كاره‌كان‌و گوفتارهكانه له‌ڕووی پێگه‌یان له حهلاڵبوونو حه‌رامبوون له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی تری حوكمی شه‌رعی له‌ڕێگه‌ی دوو جۆر چالاكیی جیاوازه‌وه:
1- قسه‌كردن له‌سه‌ر ده‌ق.
3-قسه‌كردن كاتی نه‌بوونی ده‌ق
به‌شی یه‌كه‌م كه قسه‌كردنه له‌سه‌ر ده‌ق ئه‌و ئایه‌تانه‌ی قورئان ده‌گرێته‌وه كه حوكمێكی ئاشكرایان هه‌یه‌و قبووڵی دوو ته‌فسیر ناكه‌ن وه‌كو ئایه‌تی: إنما حرم عليكم الميتة والدم ولحم الخنزير وما أهل به لغير الله -البقرة:173). ئه‌م ده‌قه قبووڵی ته‌نها یه‌ك ته‌فسیر ده‌كات كه حه‌رامێتیی مرداره‌وه‌بوو و خوێن و گۆشتی به‌راز... تاد. كاری فیقهـ لێره قسه‌كردن نییه له‌سه‌ر ئه‌م ده‌قه، واته پێویستمان به فیقهـ نییه بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئه‌و شتانه حه‌رامن. كاتێكیش كاری فیقهـ ده‌بێته قسه‌كردن له‌سه‌ر ده‌ق كه ده‌قه‌كه ئه‌گه‌ری زیاتر له یه‌ك ته‌فسیری هه‌بێت یان ئه‌گه‌ر ده‌قێكی تر هه‌بێت به‌ڕواڵه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌قی یه‌كه‌م ناكۆك بوو.
نموونه‌یه‌كی ناسراو له‌سه‌ر ده‌قێك زیاتر له یه‌ك واتای هه‌بێت ئایه‌تی ((والمطلقات يتربصن بأنفسهن ثلاثة قروء –البقرة:228)) لێره وشه‌ی (ثلاثة) یه‌ك واتای هه‌یه ئه‌ویش (سێ) به‌ڵام (قرء) كه جهمعهكهی (قروء)ـه هه‌ردوو واتای (حه‌یز)و (پاكبوونه‌وه له حه‌یز) ده‌گرێته‌وه. قسه‌كردنیش له‌سه‌ر ئه‌م فرهواتاییه كاری فیقهه، بۆ ئه‌م نموونه‌یه فه‌قیه هه‌یه واتای یه‌كه‌میان وهردهگرێتو هه‌یه دووه‌میان.
شوێنێكی تریش كه فیقهـ قسه‌ی تیا بكات كاتێك باس له ورده‌كاری بكرێت. بۆ نموونه زانرا كه خواردنی گۆشتی مرداره‌وه‌بوو حه‌رامه به‌ڵام ئایا ده‌كرێت سوود له به‌شه‌كانی تری لاشه‌ی مردارهووبوو وه‌ربگیرێت بۆ نموونه پێسته‌كه‌ی یان خورییه‌كه‌ی یان ئیسكهكهی؟ بۆ ئه‌م نموونه‌یه‌ش شافیعی له دیارترین بۆچوونی ده‌ڵێت به‌كارهێنانی موو و خوری‌و ئێسكی مرداره‌وه‌بوو حه‌رامه، مالكیش ده‌ڵێت ته‌نها ئێسكه‌كه‌ی حه‌رامه به‌ڵام كه‌سانی تر ڕه‌تی ئه‌وه‌یان كردووه چونكه ئه‌م به‌شانه ژیانیان تیا نییه تا به مرداره‌وه‌بوو حساب بكرێن [2]، ئه‌و فهقیههش كه بڕیار له‌سه‌ر حهڵالێتییان ده‌دات پشت به چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌ك ده‌به‌ستێت كه یه‌كێكیان ده‌قه ئه‌ویش فه‌رمووده‌یه‌كی بوخارییه كه ته‌نها خواردنی مرداره‌وه‌بوو حه‌رامكراوه [3].
بواری دووه‌می فیقهـ كه قسه‌ی له‌سه‌ر بكات نه‌بوونی ده‌قه. هه‌ر سه‌باره‌ت به نموونه‌كه‌ی خۆمان ئه‌و پرسیاره هه‌یه: ئایا جائیزه گۆشتی مرداره‌وه‌بوو بدرێته ئاژه‌ڵ وه‌ك بۆ نموونه باز و ئاژه‌ڵی تر؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر بازه‌كه خواردی، وازی لێ بهێنین بیخوات یان نه‌یهێڵین؟ [4] ئه‌وه‌ی ((چاوه‌ڕێكراوه)) ئه‌وه‌یه جیاوازیی بۆچوون هه‌بێت له‌نێوان جائیز بوون‌و حه‌رام بوون.
وه‌كو بنه‌مایه‌كی گشتیش ئه‌وه‌ی ((چاوه‌ڕێكراوه)) له فیقهـ ئه‌وه‌یه بۆچووونی زۆر و جیاواز هه‌بن و ناكۆكی له‌نێوان فه‌قیهه‌كان زۆر بێت چونكه تێگه‌یشتنی فه‌قیهه‌كان تێگه‌یشتنی مرۆڤه‌و مرۆڤه‌كان وه‌كو یه‌ك ته‌ماشای شته‌كان ناكه‌ن. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش فیقهـ ده‌ست پێبكات ئیتر هیچ شتێك نییه بیوه‌ستێنێت.
ئه‌وه‌ی ده‌ق لێی بێده‌نگه
ئه‌وه‌ی ده‌ق لێی بێده‌نگه (المسكوت عنه) ئه‌و بابه‌تانه‌یه كه ده‌ق قسه‌ی نه‌كردووه له‌باره‌یانه‌وه. ده‌ق ده‌یتوانی به حه‌ڵاڵكردن یان حه‌رامكردن قسه له‌سه‌ر ئه‌وانه بكات، به‌ڵام بۆچی قسه‌ی نه‌كردووه؟
بێگومان موسڵمان ناڵێت قسهنهكردنهكه له‌به‌ر له‌بیرچوونه‌وه یان كه‌مته‌رخه‌می یان نه‌زانی بووه چونكه به‌و شێوه‌یه ئه‌و نوقسانییانه ده‌داته پاڵ ده‌ق. ئه‌وه‌ی ئاشكرایه‌و له‌گه‌ڵ نه‌بوونی هیچ له‌و هۆكارانه قسه‌نه‌كردنی ده‌ق له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی موسڵمانان بووه بۆ ئه‌وه‌ی واجب‌و حه‌رامیان بۆ زیاد نه‌كات چونكه دیاره كه ده‌ق قسه بكات یان به حه‌رامكردنه یان به حهڵاڵكردنو به‌م جۆره ئه‌گه‌ری حه‌رامكردن نیو به‌نیو ده‌بێت به‌پێچه‌وانه‌ی قسه‌نه‌كردن كه ئه‌گه‌ره‌كان یه‌كن ئه‌ویش حهڵاڵێتیی ئه‌و شته، واته ئه‌گه‌ر ده‌ق قسه نه‌كات ئه‌و بابه‌ته ده‌بێته حه‌ڵاڵ، ئه‌وه‌ش وه‌ك به‌زه‌ییه‌كی خوداییه بۆ موسڵمانان، ئه‌و به‌زه‌ییه‌ی زۆرێك له فه‌قیهه‌كان له‌به‌ر بهتاڵیو به‌هه‌ره‌مه‌ند نه‌بوونیان له چالاكی به‌رهه‌مداری تر له موسڵمانانیان زه‌وت كردووه.
زه‌ڕووڕه‌تی بێده‌نگبوون له‌و شتانه‌ی ده‌ق لێیان بێده‌نگ بوو بۆچوون نییه به‌ڵكو ده‌ق خۆی ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت بۆیه پرسیارهكردن له‌باره‌یانه‌وه مه‌ترسیی ئاڵۆزبوونو ناڕه‌حه‌تبوونی ژیانی موسڵمانی به‌دواوه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌شه ئه‌و جۆره قسه‌كردنه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ده‌ق لێی بێده‌نگ بووه هه‌روه‌ها پرسیاركردن له ده‌ق پرسیارێكی قه‌ده‌غه‌یه چونكه پرسیارێكی زیبانبهخشه.
پرسیاره قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان
پرسیاری زیانبه‌خش له قورئان باس كراوه، له‌سه‌ر موسڵمانانیش قه‌ده‌غه‌كراوه، به‌ڵام دیاره فه‌قیهه‌كان فه‌رمانه‌كه‌یان فه‌رامۆش كردووه‌و له‌وه‌وه بواری فیقهیشو ژیانی موسڵمانانیشیان ئاڵۆز‌و قورس كردووه. قورئان موسڵمانانی ئاگادار كردۆته‌وه كه پرسیار له‌باره‌ی شته‌وه نه‌كه‌ن تا ئه‌و كاته‌ی وه‌حی خۆی له‌باره‌ی ئه‌و شته‌وه دێته خواره‌وه:
يا أيها الذين آمنوا لا تسألوا عن أشياء إن تبد لكم تسؤكم وإن تسألوا عنها حين ينزل القرآ‌ن تبد لكم عفا الله عنها والله غفور حليم * قد سألها قوم من قبلكم ثم أصبحوا بها كافرين (المائدة: 101-102).
واته: ئه‌ی ئیمانداران؛ پرسیار ده‌رباره‌ی شتانێك مه‌كه‌ن ئه‌گه‌ر بۆتان ئاشكرا بكرێن پێتان ناخۆش دهبێتو ئه‌گه‌ر ئه‌و كاته پرسیار بكه‌ن كه قورئان دێته خواره‌وه بۆتان ئاشكرا ده‌كرێن. خوا چاوی له‌و شتانه پۆشیوه. كه‌سانێكیش پێش ئێوه پرسیاریان له‌باره‌یانه‌وه كردبوو و (دوایی وه‌ڵامه‌كه كه بۆیان هات) باوه‌ڕیان پێ نه‌هێنا.
كه‌واته رێگه‌ی سه‌لامه‌تی ئه‌وه‌یه نه‌پرسین ئه‌م شته حه‌ڵاڵه یان حه‌رامه ئه‌گه‌ر ده‌ق لێی بێده‌نگ بووه، یان وه‌كو زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵك ده‌پرسن: ((حوكمی فڵانه شت له شه‌رع چییه؟))، فه‌قیهیش وه‌ڵام ده‌داته‌وه چونكه فه‌قیه نابێت بڵێت نازانم یان بڵێت مه‌پرسن ده‌قی له‌سه‌ر نییه.
ده‌قێكی تر هه‌یه ته‌نانه‌ت پرسیاركه‌ر به تاوانبارێكی گه‌وره ناو ده‌بات:
((إن أعظم المسلمين جرما، من سأل عن شي‌ء لم يحرم فحرم من أجل مسألته)). [5]
ئه‌وه له صه‌حیحی بوخاری، له‌فزێكی صه‌حیحی موسلمیش:
((إن أعظم المسلمين في المسلمين جرما ، من سأل عن شي‌ء ، لم يحرم على المسلمين ، فحرم عليهم من أجل مسألته)). [6]
واته: تاوانبارترین موسڵمان به‌رامبه‌ر موسڵمانانی تر ئه‌و كه‌سه‌یه كه پرسیاری كرد ده‌رباره‌ی شتێك كه حه‌رام نه‌كراوه ئیتر به‌هۆی ئه‌و پرسیارهیهوه شته‌كه حه‌رام كرا.
واتای ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ش مه‌سه‌له‌یه‌كی سه‌یر له‌خۆ ده‌گرێت: شته‌كه لای خوا‌و له عیلمی خوا حه‌رامه، كاتێكیش موسڵمانێك له‌باره‌یه‌وه ده‌پرسێت ده‌قێك له‌باره‌یه‌وه داده‌به‌زێت كه حهارمێتییهكهی ئاشكرا ده‌كات. ئه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌س لێی نه‌پرسی؟ لای خوا هه‌ر به حه‌رامێتی ده‌مێنێته‌وه به‌ڵام خوا بۆ خه‌ڵكی به حه‌ڵاڵ ده‌زانێت. به‌واتایه‌كی تر ده‌بێت چه‌ندین شت كه ده‌یانكه‌ین لای خوا حه‌رام بن به‌ڵام چاوی لێ پۆشیون چونكه كه‌س ئه‌و كاته پرسیاری نه‌كردووه ئاخۆ حه‌ڵاڵن یان حه‌رام بۆیه ئه‌و شتانه به حه‌رامی لای خوا ماونه‌ته‌وه به‌ڵام خوا به حه‌رامیان نازانێت بۆ ئێمه، ئه‌وه‌ش ئاسانكارییهكو به‌زه‌ییه‌كی گه‌وره‌یه.
به‌ڵام بێگومان ئه‌مه به‌شێكی زۆری كاری فه‌قیهه‌كان ده‌گرێته‌وه بۆیه فه‌قیهه‌كان فه‌رمووده‌كه‌یان به‌لایه‌كی تر بردووه وه‌ك چۆن ئیبنو حه‌جه‌ر قسه‌ی ژماره‌یه‌ك فه‌قیه نه‌قڵ ده‌كات (خۆیشی پشتگیریی ئه‌و بۆچوونه‌یان ده‌كات)و یه‌ك له‌وانه قازی ئه‌بو به‌كر بن ئهلهعهربی كه ده‌ڵێت: هه‌ندێك بێ‌ئاگا وایانزانیوه كه مه‌به‌ستی ئه‌و ئایه‌ته (لا تسألوا عن اشياء...) پرسیار نه‌كردنه له‌و ڕووداوه نوێیانه تا ئه‌و كاته‌ی ڕووده‌ده‌ن به‌ڵام وا نییه چونكه ئایه‌ته‌كه ئه‌و پرسیارانه ده‌گرێته‌وه كه به‌هۆیه‌وه حوكمه‌كه دێت، زاهیری ئایه‌ته‌كه‌ش ئه‌وه‌یه ئه‌مه تایبه‌ته به كاتی وه‌حی. به‌ڵام چه‌ند بیر له‌و وه‌ڵامه بكه‌یته‌وه نازانی جیاوازییه‌كه چییه چونكه ئاكامی هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه حه‌رامكردنه: ئه‌وه‌ی كاتی وه‌حی حه‌رام ده‌كرێت به‌هۆی پرسیاری كه‌سێكه‌وه، ئه‌وه دوای كاتی وه‌حیش كه فه‌قیه حه‌رامی ده‌كات به‌هۆی پرسیارێكی كه‌سێكه‌وه یان به‌هۆی پرسیاری خۆیه‌وه. جیاوازییه‌كه‌ش ته‌نها له‌ڕووی به‌هێزیی حهرامكردنهكهوهیه: ئه‌وه‌ی وه‌حی حه‌رامی ده‌كات حه‌رامه‌و ئه‌وه‌ی فه‌قیه حه‌رامی ده‌كات مه‌رج نییه حه‌رام بێت‌و مه‌رج نییه به‌گوێی بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌مه‌ش به‌ش به حاڵی خۆی كێشه‌ی هه‌یه (بڕوانه خواره‌وه، به‌شی: ئایا واجبه به‌گوێی فیقهـ بكه‌ین؟).
فه‌رمووده‌یه‌كی تری بوخاری‌و موسلم هه‌یه كه پرسیاركردنی له‌و جۆره نه‌ك ته‌نها ده‌بێته تاوانباربوونی پرسیاركه‌ر به‌ڵكو پرسیاری زۆر ده‌بێته هۆی تیاچوونی میلـله‌تیش به‌تێكڕا:
((دعوني ما تركتكم؛ فإنما أهلك من كان قبلكم كثرةُ سؤالهم، واختلافهم على أنبيائهم. فإذا نهيتكم عن شي‌ء فاجتنبوه، وإذا أمرتكم بأمر فأتوا منه ما استطعتم)) [8]. ئه‌مه‌ش له‌فزی بوخارییه.
چه‌ندێك وازتان لێ ده‌هێنم ئێوه‌ش وازم لێ بهێنن. ئه‌و شته‌ی بوو به هۆی تیاچوونی میلـله‌تانی پێش ئێوه پرسیاری زۆریانو ناكۆكیی زۆریان له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌رانیان. جا ئه‌گه‌ر پێم وتن شتێك مه‌كه‌ن مهیكهنو ئه‌گه‌ر فه‌رمانی دا شتێكم دا به‌پێی تواناتان بیكه‌ن.
ئه‌م فه‌رمووده‌یه كه پێویسته ببێته بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كیی فیقهـ ئاشكرای ده‌كات كه ئه‌سڵی هه‌موو شتێك حهڵاڵبوونه مه‌گه‌ر ده‌ق حه‌رامی بكات‌و ئه‌سڵی هه‌موو شتێك واجب نه‌بوونه مه‌گه‌ر ده‌ق فه‌رمان به كردنی بكات، ده‌قیش بۆ هه‌موو شتێك نه‌هاتووه كه حه‌رامی بكات یان بیكاته فه‌رمان. به‌واتایه‌كی تر فه‌رمووده‌كه ده‌ڵێت ده‌ق مه‌ورووژێنن به پرسیاركردن كه ئایا فڵانه شت حه‌رامه یان حه‌ڵاڵه یان واجبه یان واجب نییه. به‌ڵكو ده‌شڵێت ئه‌وه‌ی واجبه به‌پێی توانا جێبه‌جێی بكه‌ن.
ئه‌ی فیقهـ چی ده‌كات؟ فیقهـ ئه‌و ده‌قه دهورووژێنێتو ده‌قه‌كان ده‌خاته گۆ بۆ ئه‌وه‌ی قسه بكه‌ن له‌سه‌ر شتانێك كه قسه‌یان له‌سه‌ر نه‌كردووه. بۆ نموونه ده‌ق باسی حه‌رامێتیی گۆشتی به‌راز ده‌كات. فیقهیش دێت‌و ئه‌و ده‌قه ده‌خاته گۆ له‌سه‌ر شتێك كه باسی نه‌كردووه كه پێستی به‌رازه كه ئایا به‌كارهێنانی حه‌رامه یان حه‌ڵاڵه. یان ده‌ق حهڵاڵێتیی مرداره‌وه‌بووی شتێك وه‌ك كولـله ڕاده‌گه‌یه‌نێت به‌ڵام فه‌قیه ده‌پرسێت: ئه‌گه‌ر بۆ خۆی مردبوو حه‌ڵاڵه یان ده‌بێت مرۆڤ كوشتبێتی وه‌ك مالكییه‌كان ده‌ڵێن [9]. هه‌روه‌ها ماسی به‌پێی ده‌ق به‌شێوه‌یه‌كی گشتی حه‌ڵاڵه به‌ڵام فه‌قیه دێت و ده‌پرسێت: ئه‌گه‌ر ماسییه‌كه به‌شێوه‌ی مرۆڤ یان سه‌گ یان به‌راز بێت خواردنی حه‌ڵاڵه؟[10]
تێكه‌یشتنی هه‌ڵه له فه‌رمووده‌ی ئیجتهادی حاكم
وه‌ك وتم بێ ئیشیی فهقیههكانو خه‌ریكبوونیان به‌و بواره‌ی خۆیانه‌وه وای كردووه ده‌ست وه‌ربده‌نه بواری (المسكوت عنه)، پاساوی فهتواكهشیان خه‌یاڵێكه كردوویان كه ئه‌گه‌ر پێكایان دوو پاداشتیان هه‌یه‌و ئه‌گه‌ر نهیانپێكا یه‌ك پاداشت. به‌ڵام به بۆچوونی خۆم ئه‌و فه‌رموده‌یه‌ی پشتی پێوه ده‌به‌ستن نایانگرێته‌وه به‌ڵكو ته‌نها ئه‌و قازییه ده‌گرێته‌وه كه ناكۆكیی نێوان دوو كه‌س چاره‌سه‌ر ده‌كات:
((إذا حكم الحاكم فاجتهد ثم أصاب فله أجران وإذا حكم فاجتهد ثم أخطأ فله أجر)) [11].
ئه‌گه‌ر حاكم ئیجتهادی كرد‌و پێكای دوو پاداشتی هه‌یه‌و ئه‌گه‌ر نه‌یپێكا یه‌ك پاداشتی هه‌یه.
حاكم لێره ئاشكرایه كه‌سێكه حوكم له‌نێوان كه‌سه‌كه‌كان دهكاتو به‌تایبه‌تی قازی‌و په‌یوه‌ندیی به موفتییه‌وه نییه چونكه ئه‌گه‌ر موفتی یان فه‌قیه بوونایه ده‌قه‌كه ناوی ده‌بردن چونكه هه‌ردوو وشه‌كه ئه‌و كاته هه‌بوون. ئه‌ی چۆن فه‌قیهه‌كان ئه‌وه‌یان بۆ كاری فه‌قیه و موفتی چه‌سپاند؟ زمانه‌وانی ئه‌وه قبووڵ ناكات چونكه ئه‌و دووانه حاكم نین، به‌ڵام له زمانه‌وانی بگهرێینو ته‌ماشای زیانی فه‌توای هه‌ڵه بكه‌ین: حاكم ئه‌گه‌ر له قه‌زییه‌كه نه‌یپێكا زهرهرمهندهكه كه‌سێك ده‌بێت به‌ڵام فه‌قیه ئه‌گه‌ر نه‌یپێكا ڕه‌نگه لایه‌كی ئوممه‌ت به فهتواكهیهوه گیرۆده بن. به‌واتایه‌كی تر فه‌قیهێك فه‌توایه‌ك ده‌داته ده‌بێته مایه‌ی مهشهققهتو ناڕه‌حه‌تی بۆ خه‌ڵكێكی زۆر‌و ڕه‌نگه خه‌ڵكێكی زۆریش له‌به‌ر ئه‌و ناڕه‌حه‌تییه ئه‌و فه‌توایه جێبه‌جێ نه‌كه‌ن‌و هه‌ست به گوناهباری بكه‌ن یان به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌مه ببێته هۆی یاخیبوونیان له شه‌رع. ئه‌مانه هه‌مووی لهلایهكو ئاڵۆزكردنی ژیانی خه‌ڵك به فیقههكهی خۆی له‌لایه‌ك ئینجا برای فه‌قیه به‌ته‌مای پاداشتێكه له‌و نه‌هامه‌تییانه ده‌ستی بكه‌وێت.
ئایا واجبه به‌گوێی فیقهـ بكه‌ین؟
قسه‌كه له‌سه‌ر ده‌قی ئاشكرای قورئان‌و فه‌رمووده‌ی صحیح نییه -ئه‌و ده‌قه‌ی كه قبووڵی یه‌ك ته‌فسیر ده‌كات- به‌ڵكو قسه‌كه له‌سه‌ر قسه‌كردنه له‌سه‌ر ئه‌و ده‌قه‌كه‌ی قبووڵی زیاتر له تهفسیرێك ده‌كات یان ده‌قی تر هه‌یه به‌ڕواڵه‌ت ناكۆكه پێی به‌جۆرێك ناچارین جه‌مع و ته‌رجیح بكه‌ین و په‌نا بۆ ته‌قییدی موتڵهقو تهخصیصی عامو باقیی ئامڕازه‌كانی فیقهـ به‌رین. له حاڵه‌تی له‌م جۆره ئه‌گه‌ر فه‌قیه وتی فڵانه كار حه‌رامه ئایا واجبه له‌سه‌رمان نهیكهینو ئه‌گه‌ر كردمان گوناهبار ده‌بین؟
ئه‌مه باسێكی زۆر كورتی زاراوه‌كانه بۆ ئه‌وه‌ی بزانین فه‌قیهه‌كان چۆن كار ده‌كه‌ن:
جه‌مع بریتییه له كۆكردنه‌وه‌ی دوو ده‌ق كه ناكۆكن یان به‌ڕواڵه‌ت ناكۆكن‌و ئه‌و كۆكردنه‌وه‌یه به‌جۆرێك بێت هه‌ردووكیان ڕاست بن. جۆرێك له‌وه ئه‌وه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌و دوو ده‌قه بۆ حاڵه‌تێكی دیاریكراو بێت، وه‌ك دوو فه‌رمووده‌ی تایبه‌ت به ئیمامی نوێژ، یه‌كێكیان ده‌ڵێت كه‌موكورتیی ئیمامه‌كه مه‌ئموومه‌كان ناگرێته‌وه‌و نوێژه‌كه‌یان دروسته‌و ئه‌وه‌ی تر به‌پێچه‌وانه‌وه. ئه‌م ناڕێكییه‌ی نێوان دوو فه‌رمووده‌كه به‌وه ته‌فسیر كراوه كه یه‌كه‌میان بۆ حاڵه‌تی نادیاربوونی كهموكورتییهكهیه كه دوای نوێژ ده‌رده‌كه‌وێت وه‌ك پیسیی شاردراوه به جله‌كانی ئیمامهكهوهو ئه‌وه‌ی تر بۆ حاڵه‌تی ئاشكرای وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وت ئیمامه‌كه كافره یان شێته [12] . جۆرێكی تری كۆكردنه‌وه ئه‌وه‌یه ده‌قی دووه‌م نه‌سخی ئه‌وه‌ی تری كرووه به‌ڵام فه‌قیه نازانێت[13]، واته هه‌ر دوو ده‌قه‌كه ناڕێك نین به‌ڵكو دووه‌میان نوێترهو حوكمی یه‌كه‌میانی هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه. حاڵه‌تی تر ئه‌وه‌یه به‌هه‌مان شێوه دوو ده‌قه‌كه ناڕێك نین به‌ڵكو دوو رێنمایی جیاوازن‌و هه‌ردووكیان ده‌شێن، حاڵه‌تی تریش ئه‌وه‌یه ده‌قی یه‌كه‌م عامه‌و دووه‌م خاصه[14]، ... تاد.
ته‌رجیح دوایه‌مین چاره‌سه‌ره ئه‌گه‌ر كۆكردنه‌وه‌كه نه‌كرا به‌جۆرێك یه‌كێكیان په‌سه‌ند بكرێت ئه‌وه‌یان تر په‌سه‌ند نابێت، وه‌كو ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه‌ی كه پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) مه‌یموونه‌ی ژنی هێنا كاتێك له ئیحرام بوو، گێڕانه‌وه‌یه‌كی تریش ده‌ڵێت له ئیحرام نه‌بوو. ئاشكراشه كه ناكرێت هه‌ردوو فه‌رمووده‌كه ڕاست بن بۆیه زۆریی فه‌قیهه‌كان دووه‌میان وه‌رگرتووه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان ناڕێكه له‌گه‌ڵ فه‌رمووده‌یه‌كی تر كه تایبه‌ته به ژنهێنان له ئیحرام كه قه‌ده‌غه‌یه هه‌روه‌ها به‌پێی ڕه‌خنه‌گرتنیان له گێڕه‌ره‌وه‌ی فه‌رمووده‌ی یه‌كه‌م كه ئیبنو عه‌بباسه كه ئه‌و كاته منداڵ بوو و كاتی ڕووداوه‌كه له‌و شوێنه نه‌بوو[15].
له‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ش كورتتر باسی مامه‌ڵه‌ی تر له‌گه‌ڵ ده‌ق ده‌كه‌ین:
ته‌قییدی موتڵه‌ق (سنووردانان بۆ ڕه‌ها): ده‌قێك باسی شتێك به ڕه‌هایی ده‌كات به‌ڵام ده‌قێكی تر ئه‌و ڕه‌هاییه‌ی ناهێڵیته‌وه وه‌ك ئه‌و ئایه‌ته‌ی خواردنه‌وه‌ی خوێن حه‌رام ده‌كات كه خوێن لێره بهڕههاییه به‌ڵام له ئایه‌تێكی تر باسی خوێنی ڕێژراو ده‌كات.
تهخصیصی عام (به‌تایبه‌تكردنی گشتی): ده‌قێك هه‌یه بۆ بابه‌تێكی دیاریكراو، ده‌قێكی تریش هه‌یه په‌یوه‌ست به‌هه‌مان بابه‌ت له حاڵه‌تێكی تایبهتو ده‌ریده‌خات ده‌قی یه‌كه‌م گشتییه (له نموونه‌كه‌ی سه‌ره‌وه مرداره‌وه‌بوو حه‌رامه كه ئه‌مه حوكمی گشتییه به‌ڵام ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ی رێگه‌ی داوه به به‌كارهێنانی پێستی مه‌ڕه مرداره‌وه‌بووه‌كه تایبه‌ته).
قیاس (پێوانه): حوكمدان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ك كه ده‌قی له‌سه‌ر نییه به‌پێی مه‌سه‌له‌یه‌كی تر كه هه‌مان هۆ كۆیان ده‌كاته‌وه (ئه‌مه‌ش پێناسه‌ی ته‌واوی نییه به‌ڵام بۆ ئاسانكاری نووسیمان).
فیقهـ سه‌رچاوه‌ی تریشی هه‌یه وه‌ك قسه‌ی صهحابیو مهصالیحی موڕسه‌له و ئیستحسان... لهمانهشو له‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ش فه‌قیهه‌كان بۆچوونی جیاوازایان هه‌یه له وه‌رگرتن یان وهرنهگرتنیانو چۆنێتیی وهرگرتینانو مه‌رجه‌كانیان، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت جیاوازییان هه‌یه له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئیجماع كه سه‌رچاوه‌ی سێیه‌می تهشریعهو ته‌نانه‌ت له شتی زۆری قورئان‌و سوننه‌تیش به‌جۆرێك ده‌توانین بڵێین فه‌قیهه‌كان له‌سه‌ر مه‌سه‌له فیقهییه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی ناكۆك بوون ئه‌وه‌نده ڕێك نه‌بوون.
ئه‌مانه ته‌نها سه‌رقه‌ڵه‌می له‌ڕاده‌به‌ده‌ر كورتن له‌سه‌ر جیاوازیی مامه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه‌كانی ته‌شریع ئه‌گینا ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و جیاوازییانه پڕ كتێبه‌كانی ئوصولی فیقهن. ئینجا لێره‌وه پرسیاره مهنتقییهكه ئه‌وه‌یه: ئه‌گه‌ر حاڵی فیقهـ به‌م جۆره بێت چۆن بتوانین خۆمان‌و خه‌ڵكی تر پابه‌ندی فه‌تواو بۆچوونه فیقهییه‌كان بكه‌ین؟
هه‌رچه‌نده زۆرێك له فه‌قیهه‌كان ده‌ڵێن شوێنكه‌وتنی بۆچوونه‌كانیان واجب نییه‌و موسڵمان ئه‌گه‌ر قه‌ناعه‌تی به بۆچوونێكی ئه‌وان نه‌بوو ده‌توانێت بچێته لای موفتییه‌كی تر، به‌ڵام ئه‌نجامی فیقهـ هه‌ستێكی موسڵمانه به گوناهباربوون به‌وه‌ی موخاله‌فه‌ی بۆچوونی فه‌قیهێك بكات، خۆ ئه‌گه‌ر موخاله‌فه‌ی هه‌موو فه‌قیهه‌كان بكات حاڵه‌كه‌ی خراپتر ده‌بێت.
بۆ ئه‌وه‌ی بشزانین كه حه‌رامكردن له‌لایه‌ن فه‌قیهه‌وه وه‌كو نه‌بوو وایه نموونه‌ی به‌كارهێنانی پێستی به‌راز ده‌هێنینه‌وه كه بینیمان فه‌قیه هه‌یه به حه‌رامی ده‌زانێت:
وه‌ك زانراوه حه‌رام ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ له‌سه‌ر كردنی سزا ده‌درێت. له رۆژی قیامه‌تیش ئه‌وه‌ی گۆشتی به‌رازی خواردووه ئه‌و تاوانه‌ی پیشان دهدرێتو پێی ده‌وترێت گوناهێكت كردووه چونكه به ده‌قی ئاشكرای قورئان حه‌رام بوو و تۆش ده‌تزانی، به‌ڵام ئایا به‌و كه‌سه‌ی پێستی به‌رازی به‌كارهێناوه ده‌وترێت تۆ گوناهت كردووه چونكه به‌پێی ئیجتهادی فڵانه ئیمام حه‌رام بوو و تۆش زانیوته؟ ئه‌گه‌ر كه‌سێك بڵێت وای پێ ده‌وترێت ئه‌و كاته پێویسته بڵێت قسه‌ی فڵان ئیمام بووه حاكمه له رۆژی قیامه‌ت. بڕواش ناكه‌ین كه‌س وا بڵێت.
كه‌واته مرۆڤ له‌سه‌ر چی له قیامه‌ت سزا ده‌درێت؟ دیاره له‌سه‌ر سه‌رپێچیكردن له ئیجتهادی هه‌موو فه‌قیهه‌كان، به‌ڵام كوا ئه‌و ئیجتهادهی هه‌موو فه‌قیهه‌كان، به‌تایبه‌ت له‌دوای سه‌رده‌می هاوهڵانو به‌تایبه‌تیتر له سه‌رده‌می خۆمان، كه ده‌قی له‌سه‌ر نییه‌و ئیجماعیان له‌سه‌ر كردبێت؟ ئه‌گه‌ر مرۆڤ موخاله‌فه‌ی هه‌موو موجته‌هیده‌كان بكات موخاله‌فه‌ی ئیجماعی نه‌كردووه كه وجوودی نییه به‌ڵكو له‌وه‌ش زیاتر‌و به‌شێوه‌یه‌كی تر موخاله‌فه‌ی ئیجماعی نه‌كردووه چونكه ئه‌و مرۆڤه موخاله‌فه‌ی (قیاس)ی ئه‌و موجته‌هیدانه‌ی كردووه به‌ڵام ئیجماع (قیاس) خۆی ئیجماعی له‌سه‌ر نییه كه واجبه به‌كاربێت، به‌ڵكو هه‌یشه، وه‌ك زاهیرییه‌كان، به گوناهی زانیوه‌و وتوویه‌تی ئه‌وه‌ی قیاس بكات كارێكی كردووه كه خوا ده‌یكات ئه‌ویش ته‌شریعه.
ئه‌نجامی مه‌نتقیی ئه‌م قسه‌یه‌ش ئه‌وه‌یه هه‌ر كه‌سێك موخالیفی ئیجتهادی هه‌ر فه‌قیهێك یان ئیمامێك بكات به‌ئه‌كیدی موافقی ئیجتهادی ئیمامێكی تر بووه بزانێت یان نه‌زانێت، خۆ ئه‌گه‌ر موخالیفی هه‌موو ئیجتهاده جیاوازه‌كان بێت ئه‌وا له زۆریی حاڵه‌ته‌كان موافقی ئیجتهادێكی تره كه بڵاو نییه یان فه‌رامۆش كراوه یان كۆن هه‌بووه‌و نه‌قڵ نه‌كراوه یان ڕه‌نگه له داهاتوو هه‌بێت.
به‌واتایه‌كی تر حوكمی زۆر له‌و حاڵه‌تانه‌ی كه ده‌ق لێیان بێده‌نگ ده‌بێت یه‌ك ده‌گرێته‌وه له‌گه‌ڵ ئیجتهادێك كه له كۆن هه‌بووه یان له داهاتوو ده‌بێت یان ئێستا هه‌یه‌و پێی نه‌زانراوه. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ق لێیان بێده‌نگ بووه به حه‌ڵاڵ بزانین هه‌ڵه‌مان نه‌كردووه چونكه ئه‌وه‌ی ده‌ق لێی بێده‌نگ بووه جێگه‌ی ئیجتهادو ناكۆكیی زانایانه‌و به ئه‌كیدی یه‌كێك له ئیجتهادهكان به حه‌ڵاڵی ده‌زانێت.
مرۆڤی موسڵمان چی بكات؟
1-مرۆڤی موسڵمان شتێك ده‌رباره‌ی جیاوازیی بۆچوونه‌كانی فه‌قیهه‌كان بزانێت، ئه‌گه‌ر شتێكی زۆر كه‌میش بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بۆچوونی فه‌قیهه‌كان به پیرۆز نه‌زانێت‌و له‌وه‌وه تووشی ناڕه‌حه‌تیی زۆر بێت ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی ئه‌وان جووڵایه‌وه.
2-مرۆڤی موسڵمان داوای به‌ڵگه بكات له‌و كه‌سه‌ی فه‌تواكه‌ی ده‌داتێ، به‌لای كه‌مه‌وه تا بزانێت ئه‌مه‌ی پێی ده‌وترێت ده‌قه یان ئیجتهاده، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ده‌قه كه‌سی تر به‌جۆرێكی تر لێكی داوه‌ته‌وه یان به‌شێوه‌یه‌كی تر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كردووه، واته دڵنیا بێت كه ده‌قێكی قه‌تعییه له‌ڕووی گه‌یشتنی پێمانو له‌ڕووی واتاوهو مه‌به‌سته‌وه.
3-بپرسێت ئایا ئه‌و شته‌ی پرسیاری له‌باره‌وه ده‌كات ده‌چێته خانه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌ق لێی بێده‌نگه.
4-ئه‌گه‌ر زانی ئه‌و حوكمه ئیجتهادهو ده‌قی له‌سه‌ر نییه ناڕه‌حه‌ت نه‌بێت به جێبهجێنهكردنیو له‌جیاتی ئه‌وه بنه‌مای (استفت قلبك وان افتاك الناس- پرس به دڵی خۆت بكه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خه‌ڵك فه‌توایان پێ دای) [16] جێبه‌جێ بكات كه فه‌رمووده‌یه‌كه فه‌قیهه‌كان به‌كاریده‌هێنن، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و بڕیار كه دڵی ده‌یدات یه‌ك بگرێته‌وه له‌گه‌ڵ بهزهییو دادپهروهریو چاكه‌كردن بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ی به‌پێی حه‌زێكی نادروستی نه‌فس نه‌بێت.
توێژه‌ره‌وه چی بكات؟
كاری توێژه‌ره‌وه فراوانتر‌و گرنگتره:
1-خه‌ڵك فێری جیاوازیی موجته‌هیده‌كان بكات بۆ ئه‌وه‌ی هیچ ئیمامێك به موقه‌دده‌س نه‌زانن. 2-فیقهـ ئه‌گه‌ر ئیجتهاد بێت دین نییه تا ئه‌گه‌ر مرۆڤ به‌گوێی نه‌كات گوناهبار بێت به‌ڵكو فیقهی له‌و جۆره ته‌نها بۆچوونه‌و به‌و شێوه‌یه‌ش فیقهـ هه‌موو بۆچوونێكی خۆی نهخنێته ناو ژیانی موسڵمانانه‌وه.
3-ئه‌و فه‌توایانه بۆ خه‌ڵك ڕوون بكه‌نه‌وه كه ئیجتهادنو ده‌قیان له‌سه‌ر نییه یان ئه‌گه‌ر به‌پێی ده‌ق بن به‌ڵام پابه‌ندی تێگه‌یشتنی موفتییهكهیهنو مه‌رج نییه پێكابێتی.
4-داكۆكیكردن له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی ده‌ق لێیان بێده‌نگ بووه بۆ ئه‌وه‌ی له‌ژێر ده‌ستی فه‌قیه و موفتییه‌كان دهریانبكهنو بیانگه‌ڕێننه‌وه بۆ ئه‌سڵی خۆیان كه حهڵاڵبوونه.
5-ڕزگاركردنی فیقهـ له زۆربه‌ی شته زیاده‌كانی كه بۆچوونی فهقیههكانن.
6-ڕزگاركردنی ئیسلام له‌و فه‌توایانه‌ی كه ته‌نها بۆچوونن به‌ڵام بوونه‌ته بار به‌سه‌ر ئیسلام یان عه‌یبه بۆی.
په‌راوێز و سه‌رجاوه
1- محمد البلتاجي، أ.د.، مناهج التشريع الاسلامي في القرن الثاني الهجري، دار السلام، ط1، 1425-2004.ص 475. ئه‌مه بۆ قسه‌كه‌ی شافعی. سه‌باره‌ت به قسه‌كه‌ی غه‌زالی له شوێنێك بینیومه‌و ئێستا سهرچاوهكهیم له‌به‌رده‌ست نییه.
2- الفخر الرازي، التفسير الكبير (مفاتيح الغيب)، بيروت، دار الفكر، ط1، 1401-1981، ج5، ص16).
3- صحيح البخاري، كتاب الزكاة، باب الصدقة على موالي أزواج النبي.
4-الفخر الرازي، التفسير الكبير، ج5، ص18.
5- صحيح البخاري، كتاب الاعتصام بالكتاب والسنة، باب ما يكره من كثرة السؤال وتكلف ما لا يعنيه.
6-صحيح مسلم، كتاب الفضائل، باب توقير النبي وترك إكثار سؤاله عما لا ضرورة إليه أو لا يتعلق به تكليف وما لا يقع.
7-ابن حجر العسقلاني، فتح الباري بشرح صحيح البخاري، تحقيق عبدالعزيز بن باز، دار المعرفة، بيروت، ج 13، (دون تاريخ، مقدمة بن باز سنة 1379)، ج13، ص 266.
8-صحيح البخاري، كتاب الاعتصام بالكتاب والسنة، صحيح مسلم، كتاب الفضائل، باب توقير النبي وترك إكثار سؤاله....
9-الشوكاني، محمد بن علي بن محمد، نيل الاوطار من اسرار منتقى الاخبار، تحقيق وتعليق ابو معاذ طارق بن عوض، دار ابن القيم، الريلض، دار ابن عفان، القاهرة، ط1، 1426-2005، ج 10، ص265. الفخر الرازي، التفسير الكبير، ج5، ص19.
10-الشوكاني، نيل الاوطار، ج 10، ص 267.
11-صحيح البخاري، كتاب الاعتصام بالكتاب والسنة، باب أجر الحاكم إذا اجتهد فأصاب أو أخطأ. صحيح مسلم ، كتاب الأقضية، باب بيان أجر الحاكم إذا اجتهد فأصاب أو أخطأ.
12-محمد ابراهيم محمد الحفناوي، الدكتور، التعارض والترجيح عند الاصوليين واثرهما في الفقه الاسلامي، ط2، دار الوفاء، المنصورة، 1408-1987، ص18-19.
13-الحفناوي، ص 19.
14-الحفناوي، ص 20 به‌دواوه و له‌شوێنی تر كتێبه‌كه.
15-الحفناوي ص 70-71.
16-ئه‌حمه‌د ڕوایه‌تی كردووه‌و ئه‌لبانی له (صحیح الترغیب والترهیب) ده‌ڵێت (حسن لغیره)، صحيح الترغيب والترهيب،مكتبة المعارف، الرياض، ط1، 1421-2000، ج2، ح 1734. فه‌رمووده‌ی تری هاوشێوه‌ی هه‌یه. ئه‌و فه‌رمووده‌یه وه‌ڵامی پرسیاری هاوهڵێكه له‌باره‌ی چاكه‌و خراپه‌وه: ((يا وابصة، استفت قلبك، البر ما اطمأنت إليه النفس واطمأن إليه القلب، والإثم ما حاك في النفس وتردد في الصدر وإن أفتاك الناس وأفتوك)) واته ئه‌ی وابیصه: پرس به دڵی خۆت بكه. چاكه ئه‌وه‌یه نهفسو دڵ پێی ڕهحهتو دڵنیا بن، خراپه‌ش ئه‌وه‌یه كه له نه‌فس جووڵاو له دڵ هاتو چوو ئه‌گه‌ر خه‌ڵكیش فه‌توایان پێ دای‌و فه‌توایان پێ دای)) دووبارهكردنهكهش بۆ تهئكیدكردنه.
ئه‌م بابه‌ته له گۆڤاری (خاڵ) بڵاوكراوه‌ته‌وه، ژماره 5 – حوزه‌یرانی 2016، ل 42-51.