| |||||
| |||||
عومه‌ر كوڕی خه‌تتاب زیندوو بێته‌وه چۆن فه‌توا بۆ سه‌رفتره ده‌دات؟ -پرۆژه‌ی كتێبی ئازادكردنی مرۆڤی موسڵمان فازڵ قەرەداغی عومه‌ر كوڕی خه‌تتاب به‌لای منه‌وه فه‌قیهترین كه‌سی ئیسلامه چونكه له مه‌به‌سته‌كانی ئیسلام تێگه‌یشتووه‌و كه‌متر له‌وانی تر خۆی به ده‌ق به‌ستۆته‌وه. تێبینیشم كردووه هه‌ر فه‌رمانێكی دابێت ڕه‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كردبوو، واته بیری لێده‌كرده‌وه چی بۆ خه‌ڵكه‌كه‌و ژیانیان باش بوو. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه ده‌بینین كاری به هه‌ندێك سوننه‌ت نه‌كردووه چونكه زانیویه‌تی مه‌به‌ستی پێغه‌مبه‌ر له‌و سوننه‌ته جێبه‌جێكردنێتی له‌و كات‌و شوێنه‌ی سوننه‌ته‌كه كراوه یان وتراوه، بۆیه ئه‌گه‌ر كات‌و شوێن گۆڕان سوننه‌تیش گۆڕانی به‌سه‌ر دێت. عومه‌ر ته‌نانه‌ت كاری به هه‌ندێك ده‌قی قورئانیش نه‌كردووه (ئه‌وه‌ی تا ئه‌م ساته ئاگام لێیه‌تی سێ ده‌قی قورئانه: ده‌قێك به‌شێوه‌یه‌كی كاتی‌و دوو ده‌ق به‌شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی). عومه‌ر هه‌ندێك كاری كردووه ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێكی سه‌رده‌می دواتر یان كه‌سێكی ئه‌م سه‌رده‌مه‌مان بیكردنایه به‌ردباران ده‌كرا، ئه‌مه‌ش بابه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی داهاتوومانه. كه‌واته ئه‌گه‌ر عومه‌ر زیندوو بێته‌وه‌و له‌باره‌ی زه كاتی فیترهوه موخاله‌فه‌ی زۆربه‌ی فه‌قیهه‌كانی ده‌كرد (جمهور اهل العلم)و وه‌كو ئه‌و كه‌مه فه‌قیهانه فه‌توای ده‌دا كه زه‌كاتی فیتر به پاره جائیزه‌و كاری به‌و فه‌رمووده‌یه نه‌ده‌كرد كه زه‌كاته‌كه به‌خواردنه. فه‌رمووده‌كه له صه‌حیحی بوخاری هاتووه له عه‌بدوڵڵا كوڕی عومه‌ره‌وه كه پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) ئه‌و زه‌كاته‌ی فه‌رزی كردووه‌و ئه‌ندازه‌كه‌ی صاعێك خورما یان جۆیه (بڕوانه بڕی صاع له‌خواره‌وه)و كاتی دانیشی پێش ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ نوێژی جه‌ژن ده‌ربچن. له فه‌رمووده‌یه‌كی تریش نافع له ئیبنو عومه‌ر ده‌گێڕێته‌وه كه خه‌ڵك رۆژێك یان دوان پێش جه‌ژن ئه‌و زه‌كاته‌یان ده‌رده‌كرد. گێڕانه‌وه‌یه‌كی ئه‌بو سه‌عید خودریش هه‌یه كه كاتی خۆی جگه له جۆ و خورما مێووژ و (اقِط)یان ده‌دا كه پێده‌چێت ئه‌میان (كه‌شك)ی لای خۆمان بێت، به‌ڵام جۆ و خورما زیاتر باس كراون، باسی گه‌نمیش نه‌كراوه چونكه ئه‌و كاته كه‌م بوو، دواتریش كه گه‌نمی شام په‌یدا بوو موعاویه نیو صاع گه‌نمی كرده به‌رامبه‌ری صاعێك جۆ (بۆ فه‌رمووده‌كانی بوخاری‌و قسه‌كردن له‌سه‌ریان بڕوانه ابن حجر العسقلانی، فتح الباری، كتاب الزكاة، باب صدقه الفطر، ج 3، ص367 به‌دواوه). ئه‌گه‌ر عومه‌ر زیندوو بووایه ده‌یزانی چه‌ند نه‌گونجاوه بۆ ئه‌مڕۆ پێش نوێژی جه‌ژن چه‌ند كیلۆیه‌ك جۆ یان خورما بۆ ماڵی هه‌ژاره‌كه ببرێت چونكه كاتی خۆی جۆ دههاڕدراو ده‌كرایه نان و ئه‌وه خواردنی جه‌ژن بوو، خورماش به‌هه‌مان شێوه. ئه‌و ته‌نانه‌ت برنجیشی به گونجاو نه‌ده‌زانی وه‌ك چۆن هه‌ندێك فه‌قیهـ و موفتیی ((زیره‌ك)) بۆی چوون كه ئه‌مه خۆراكی سه‌رده‌مه، چونكه برنج به ته‌نیا چی بۆ ئه‌و ماڵه ده‌كات؟ ئه‌ی پۆشاكی جه‌ژن؟ ئه‌ی پێداویستییه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی جه‌ژن؟ كه‌واته به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی ((جومهووری ئه‌هلی عیلم)) عومه‌ر زه‌كاتی فیتری به‌م شێوه‌یه ده‌كرد: 1-ده‌یوت جائیزه به‌پاره بێت چونكه خه‌ڵك زیاتر پێویستیان به پاره‌یه‌و به‌و پاره‌یه ده‌توانن خواردن بكڕن یان له‌جیاتی ئه‌وه پۆشاك یان هه‌ر شتێكی تر كه پێویستیان پێیه‌تی. 2-باشتره ده‌ركردنی زه‌كاته‌كه زۆر پێش جه‌ژن بێت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌رگر كاتی هه‌بێت بۆ كڕینی خواردنه‌كه یان پۆشاكه‌كه. 3-ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی دیاریكراوه بۆ زه‌كاتی فیتر ناڕێكه (بۆ ئه‌مساڵ 3000 دیناره) چونكه دهرامهتو پێداویستییه‌كانی زه‌مانی زوو و به‌تایبه‌تی كاتی پێغه‌مبه‌ر كه ژیانی خه‌ڵكه‌كه زۆر ساده بوو زۆر كه‌مترن له‌چاو ئه‌وانه‌ی خه‌ڵكی ئێستا. جه‌ژنی ئه‌مڕۆ به خورما و جۆ یان به ته‌نها برنج به‌ڕێوه ناچێت، به 15000 دیناریش به‌ڕێوه ناچێت (زه‌كاتی خێزانێكی پێنج كه‌سی). ڕه‌نگه بوترێت برنج كڕین له كۆڵ هه‌ژاره‌كه بخه ئه‌ویش ئه‌و پاره‌یه‌ی بڕیاره بیدات به برنجه‌كه ده‌یدات به شتی تر، به‌ڵام ئه‌مه كاتێك قبووڵه كه زۆر پێش نوێژی جه‌ژن برنجه‌كه‌ی بده‌یتێ، هه‌روه‌ها كاتێك دڵنیا بی برنج له ماڵه‌كه‌ی نییه، ئه‌ی بۆچی پاره‌كه‌ی نادهیتێو خۆت له ڕمل لێدانه ڕزگار بكهیو سوودیش به هه‌ژاره‌كه بگه‌یه‌نی؟ پاشكۆ: صاع پێوانه‌ی قه‌باره‌یه كه بریتییه له چوار (مُد)، هه‌ر موددێكیش بریتییه له‌و قه‌باره‌یه هه‌ردوو چنگی كه‌سێكی مامناوه‌ند ده‌یانگرێت، بۆیه صاعهكه به كێش جیاوازیی هه‌یه بۆ جۆری خواردنهكانو هه‌یه ته‌قدیری ده‌كات به نزیكه‌ی دوو كیلۆو نیو و هه‌یه به شتێك كه‌متر له سێ كیلۆ، به‌ڵام بۆ خورما هه‌یه ده‌كاته كیلۆ و نیو و هه‌یه له‌وه زیاتره. 24-06-2016 www.zagros.org/kurdish-freeingmuslims-2016-06-24-223435 9819 جار بینراوه |
![]() |
|