شێواندنی خوێنه‌ر كارێكه نه‌ك ته‌نها نووسه‌ره ده‌ستپێكه‌ره‌كان ده‌یكه‌ن به‌ڵكو زۆر جار نوخبه‌ش ده‌یكه‌ن، ئه‌و كاره‌ش هێنده دووباره ده‌بێته‌وه ده‌گه‌یته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه نوخبه به كه‌مته‌رخه‌مییه‌وه باسی كهسهكانو شتهكانو بیروبۆچوونه‌كان دهكهنو بهكهمتهرخهمییهوه ته‌ماشای بابهتهكانیانو خوێنه‌رانیان ده‌كه‌ن. ئه‌و نموونانه‌ش كه‌م نین كه نوخبه هێنده‌ی خوێنه‌ری ئاسایی زانیاری‌یان هه‌یه‌و هێنده‌ی ئه‌و له زانیارییه‌كانیان ورد نابنه‌وه. ڕه‌نگه جارێك یان دوان مروڤ به‌گرنگی نه‌زانێت قسه بكات به‌ڵام كه هه‌ڵه دووباره بێته‌وه ئه‌و هه‌سته دروست ده‌بێت كه خه‌له‌لێك هه‌یه پێویسته قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت، به‌لای كه‌مه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بابهتهكان وریاتر بنووسرێن. له ده‌رفه‌تی تردا شتم له‌م باره‌یه‌وه نووسیبوو، لێرهشداو له‌به‌ر ڕووپێوی ڕێگه‌پێدراو ته‌نها دوو نموونه، له دوو بواری جیادا، هه‌ڵده‌بژێرم كه دوو بابه‌تی ستوونه‌كه‌ی دوكتۆر مه‌ریوان وریا قانعن له (ئاوێنه).
1-ماكیاڤێللی
كاك مه‌ریوان له بابه‌تی (له‌نێوان فارابی‌و میكیافیلیدا، 14/9/2011) بیروبۆچوونی فارابی سه‌باره‌ت به دهوڵهتو سه‌رۆكه‌كه‌ی به‌رز دهنرخێنێتو مه‌رجه‌كانی فارابی بۆ سه‌رۆك ده‌ژمێرێت. ئه‌وه‌ی كاك مه‌ریوان باسی ده‌كات له به‌رهه‌مه‌كه‌ی فارابیدایه "بیروبۆچوونه‌كانی شاری ڕهوشتچاك (ئه‌گه‌ر ئه‌م وهرگێڕانهمان دروست بێت)و دژه‌كانی"، كه به‌شی زۆری له‌و به‌شه‌ی فیقهی ئیسلامی هه‌یه كه پێی ده‌وترێت (سیاسه‌تی شه‌رعی)، ئه‌وه‌ش كه فارابی داوای ده‌كرد تیۆرییه له‌كاتێكدا ماكیاڤێللی واقعیتر قسه‌ی ده‌كرد.
كاك مه‌ریوان له‌باره‌ی ماكیاڤێللییهوه هه‌ڵه‌ی كه‌سانی ئاسایی دووباره ده‌كاته‌وه كه له‌ڕێگه‌ی ڕسته‌یه‌كه‌وه ده‌یناسن: ((ئامانج پاساوه بۆ وه‌سیله))و له‌مه‌شه‌وه بووه بنه‌مایه‌كی ماكیاڤێللییانه كه گرنگ نییه چ ڕێگه‌یه‌ك ده‌گریته به‌ر، گرنگ بگه‌یته ئامانج. خه‌ڵك ماكیاڤێللی له‌ڕێگه‌ی كتێبی (میر)ـه‌وه ده‌ناسن، كه كه‌میان خوێندوویانهتهوهو زۆربه‌یان ته‌نها قسه‌یان له‌باره‌وه بیستووه، كتێبه به‌نرخه‌كه‌ی تری ماكیاڤێللیشیان نه‌خوێندۆته‌وه؛ (دهمهتهقێكان له‌سه‌ر ده كتێبی یه‌كه‌م تیتوس لیڤیوس). نوخبه‌ش به‌شێكه له‌و زۆربه‌یه، سه‌رباری ئه‌وه‌ش ته‌نها نموونه "سلبییه‌كانی" میر دهزاننو ئاگایان له شتی باشی زۆری نییه.
ئه‌وه‌ی كه‌مێك ورد دوو كتێبه‌كه به‌راورد بكات ده‌زانێت ماكیاڤێللی دوو ئامانجی هه‌بوو؛ دوور‌و نزیك. ئامانجه نزیكه‌كه یهكخستنو ڕزگاكردنی ئیتاڵیا بوو له ده‌ستی بێگانه، واته دهوڵهتو هێزه‌كانی تر ئه‌ورووپا، كه جاروبار به‌شێكی وڵاته‌كه‌یان داگیر دهكردو ده‌ستیان ده‌خسته ناو كاروبارییه‌وه. بۆ كاتی‌و بارودوخی سه‌رده‌مه‌كه‌شی پێویستی ده‌كرد میرێك ئه‌م كاره ئه‌نجام بدات، هیواشی به (لۆرێنزۆی گه‌وره)، میری فلۆرێنسا، بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو كتێبه‌كه‌ی پێشكه‌ش كرد. به‌ڵام ئایا ماكیاڤێللی حه‌زی له فه‌رمانڕه‌وایی میرهكانو پادشاكان بوو؟ ماكیاڤێللی كۆماریخواز بوو و له فلۆرێنسا، ئه‌و كاته‌ی نیزامه‌كه‌ی كۆماری بوو، پۆستی هه‌بووه. له (دهمهتهقێكان)یشدا، ئاشكرای ده‌كات كه ئامانجه دوورهكهیو نموونه به‌رزه‌كه‌ی نیزامی كۆمارییه‌و به‌تایبه‌تی مۆدێلی ڕۆمای سه‌رده‌می كۆماری.
خه‌ڵكێكی زۆر، له‌ڕێگه‌ی ماكیاڤێللییهوهو به‌بێ ماكیاڤێللی، سیاسه‌ت به فێڵ‌و چاڵههڵكهندنو درۆ ده‌زانن. كه‌مێكیشیان ته‌واوی وێنه‌كه ده‌بینن. كاك مه‌ریوان ده‌ڵێت:"لای میكیافیلی (كاك مه‌ریوان ناوه‌كه‌ی وا ده‌نووسێت) كه‌سایه‌تی ده‌سه‌ڵاتدار تێكه‌ڵه‌یه له كه‌سایه‌تی درۆزن‌و تاوانبار‌و بێ‌ویژدان، كه‌سێكه ئاماده‌یه له‌پێناوی مانه‌وه له ده‌سه‌ڵاتدا هه‌موو تاوانێك ئهنجامبداتو هه‌موو خراپه‌كارییه‌ك بكات"، به‌ڵام ئه‌مه ماكیاڤێللیی دهمهتهقێكان نییه چونكه له‌و كتێبه‌دا سیاسهتمهدارو سه‌ركرده‌و فه‌رمانده‌ی له‌خۆبورده ده‌كاته نموونه، به‌ڵام ته‌نانه‌ت له (میر)یشداو وه‌ك دواتر باسی ده‌كه‌م وێنه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری درۆزن‌و تاوانبار زاڵ نییه. له دهمهتهقێكاندا سیاسه‌تمه‌داری وا ده‌كاته نموونه كه به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی پێشده‌خات. به‌پشتبه‌ستن به تیتوس لیڤیوس نموونه‌ی (كینكینناتوس) ده‌هێنێته‌وه كه زه‌وییه چوار دۆنمییهكهی ده‌كێڵا كاتێك ئه‌نجوومه‌نی پیران به‌دوایدا ناردی بۆ ئه‌وه‌ی بیكات به دیكتاتۆر بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسیی (ئێكوییهكان)، ئه‌وه‌ش نموونه‌یه‌ك بوو به‌پاڵ نموونه‌ی تر كه له ڕۆمادا هه‌ژاری ڕێگر نه‌بووه له‌به‌رده‌می هاووڵاتییان پله‌ی به‌رز وه‌ربگرن، ئه‌وه‌ش ئه‌خلاقێك بوو چوار سه‌ده‌ی خایاند(كتێبی3ده‌مه‌ته‌قێی 25).
ماكیاڤێللی له دهمهتهقێكاندا نه‌ك ته‌نها سیاسییه درۆزنه‌كان ناكاته نموونه به‌ڵكو ته‌نانه‌ت كه‌سێكی وه‌كو جوولیوس قه‌یسه‌ریش، كه وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی به‌تواناو فه‌رمانڕه‌وایه‌كی كهمهاوتا ناسراوه، به تاوانباری دهزانێتو خۆشیناوێت چونكه له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و نیزامی كۆماری ڕێگه‌ی تیاچوونی گرته‌به‌ر. پاش ژماردنی ئه‌و هه‌موو خراپه‌كارییانه‌ی تووشی ڕۆماو ئیتاڵیا‌و جیهان ببوون ئه‌و خراپه‌كارییانه ده‌خاته ئه‌ستۆی قه‌یسه‌ر(كتێبی1ده‌مه‌ته‌قێی10)، له‌گه‌ڵ به‌شێكی تری گوناهه‌كه بۆ گه‌لی ڕۆما كه گه‌نده‌ڵ ببوو و قه‌یسه‌رو ئه‌وانه‌ی دوای قه‌یسه‌ری قبووڵ كردبوو؛ قه‌یسه‌ر گه‌له گه‌نده‌ڵه‌كه‌ی گه‌نده‌ڵتر كرد.
ماكیاڤێللی دژ به بۆچوونه باوه‌كان ده‌وه‌ستێته‌وه كه جه‌ماوه‌ر بێباره(ك1د58). باسی ئه‌وانه ده‌كات كه شایه‌نی گاڵتهپێكردنن وه‌ك ئه‌وانه‌ی ئاین ڕیشه‌كێش دهكهنو ئه‌وانه‌ی پادشانشینو كۆماره‌كان دهڕووخێننو ئه‌وانه‌ی دژایه‌تیی چاكه‌و زانست‌و هه‌ر هونه‌رێك ده‌كه‌ن خێر‌و كه‌رامه‌تی مرۆڤایه‌تیی تێدا بێت (ك1د10). ده‌ڵێت كارێكی خراپه كۆمار یاسایه‌ك دابنێت‌و به‌پێچه‌وانه‌ی كار بكات به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر سه‌رپێچیكه‌ر یاسادانه‌ر بێت(ك1د45). ده‌نووسێت له‌و شوێنه‌ی یه‌كسانی نییه كۆمار دانامه‌زرێت‌و له‌و شوێنه‌ی یه‌كسانی هه‌یه میرنشین دانامه‌زرێت(ك1د55).
ئاشكرایه خه‌ونێكی ماكیاڤێللی زیندووكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ڕۆما بوو، رێگه‌ی فراوانخوازیی ڕۆماشی پێ باش بوو. ئاشكراشه چ فراوانخوازیو چ هه‌ندێك ڕه‌فتاری ڕۆماو چ خۆسه‌پاندنی رۆما جێگه‌ی قبووڵ نین به‌ڵام كرۆكی پرۆژه‌كه به‌سووده: نیزامێك پادشا یان میرێكی تاكڕه‌و حوكمی نهكاتو كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی بكرێت‌و ڕێز له یاسا بگیرێت..تاد.
وه‌ك وتم ته‌نانه‌ت نموونه ئیجابییه‌كانی ناو (میر)یش زۆرن، ناشبێت ئامۆژگارییه خراپه‌كان ببنه تاكه پێوانه بۆ ئه‌و كتێبه‌ی. ماكیاڤێللی باسی جۆرێكی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات ده‌كات ئه‌ویش رهوشتنزمی، بۆچوونی خۆشی له‌باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ناتوانین سیفه‌تی رهوشتچاكی بنێین له‌و كه‌سه‌ی هاوڵاتیانی ده‌كوژێت‌و خیانه‌ت له هاوڕێكانی دهكاتو له په‌یمانه‌كانی پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌و واز له بهزهییو ئاین بهێنێت. ئه‌و ڕه‌نگه ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ده‌ست به‌ڵام قه‌ت شكۆمه‌ندیی ده‌ستناكه‌وێت(به‌شی8). له باسی پیسكهییو ده‌ستبڵاویی میر به‌باشتری ده‌زانی میر پیسكه بێت چونكه گه‌له‌كه‌ی ناڕه‌حه‌ت ناكات به سه‌پاندنی باجی زۆر یان دزیكردن لێی(به‌شی16). له‌باسی ترس‌و خۆشه‌ویستیدا ده‌ڵێت: ده‌كرێت خه‌ڵك له میر بترسن به‌ڵام بێئه‌وه‌ی ڕقیان لێی بێت‌و میر ده‌توانێت ئه‌مه‌ی ده‌ستبكه‌وێت به‌وه‌ی موڵكی كهسو ژنی كه‌س زه‌وت نهكاتو له‌ناوبردنی هه‌ر كه‌سێك به‌پێی پاساوێكی چاك‌و هۆیه‌كی ڕوون بێت(به‌شی17). باسی هه‌ڵبژاردنی وه‌زیر ده‌كات كه پێویسته كه‌سێكی باش بێت (به‌شی22)و زه‌ڕووره‌تی خۆپاراستن له دووڕووه‌كانی ناو كۆشك(به‌شی23).
زۆری تر هه‌یه له‌و دوو كتێبه‌ی ماكیاڤێللی‌و به‌تایبه‌ت دهمهتهقێكان فێر ببین، به‌ڵام چۆن ده‌توانین فێربین ئه‌گه‌ر نوخبه قسه باوه‌كانی خه‌ڵك دووباره ده‌كه‌نه‌وه‌و متمانه‌یان به خۆیان هه‌یه خوێنهرهكهیان باوه‌ڕ به هه‌موو شتێك ده‌كات ئه‌وان ده‌ینووسن؟
2-ماركس
كاك مه‌ریوانمان له بابه‌تێكی كۆنتردا باسی ماركس ده‌كات (بابه‌تی:دیسانه‌وه ماركس، ئاوێنه، 31/10/2009) به‌ڵام ده‌بینین ئه‌وه‌ی باسی ده‌كات ئه‌و ماركسه نییه كه ده‌یناسین. كاك مه‌ریوان ماركس وه‌ك یه‌كه‌م كه‌س ناو ده‌بات كه پرسیار ده‌رباره‌ی موڵكیه‌تی شته‌كان بكات: "له مێژووی فیكری سیاسی‌و فه‌لسه‌فیدا كارل ماركس یه‌كه‌مین كه‌سه پرسیار ده‌رباره‌ی ملكییهتی شته‌كان بكات. به‌ر له ماركس هیچ فهیلهسوفو بیریارێك پرسیاری خاوه‌ندارێتی مڵكییهتو چۆنیه‌تی رێكخستنی ملكیهتی نه‌كردوه". به‌ڵام زۆرێك پێش ماركس هه‌بوون ئه‌و پرسیاره‌یان كردبوو و ماركسیه‌ت ته‌نها قوتابخانه‌یه‌ك له‌ناو قوتابخانه زۆره‌كانی سۆشیالیزمی سه‌ده‌ی نۆزده، ئه‌وه ئه‌گه‌ر باسی ئه‌و سه‌ده‌یه بكه‌ین چونكه ئه‌و پرسیاره زۆر له‌وه پێشتر كراوه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت باوه‌ڕی ماركس وابوو به‌ر له سه‌رمایه‌داری خه‌ڵك شتیان بۆ به‌كارهێنان به‌رهه‌مده‌هێنا به‌ڵام له سه‌رمایه‌داریدا به‌رهه‌مهێنان بۆ فرۆشتنه، قسه‌یه‌كه ماركس نه‌یوتووه‌و بڕوا ناكه‌م كه‌سی تریش وتبێتی چونكه ئه‌مه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی واقع‌و مێژووه. لای ماركس زیاده‌ی به‌رهه‌مهێنان له كۆتایی قۆناغی یه‌كه‌می مێژوو، واته قۆناغی مه‌شاعه‌ی یه‌كه‌م، سه‌ریهه‌ڵداو له قوناغی دوای ئه‌وه، واته كۆیلێتی، زیاده‌به‌رهه‌م ئاڵوگۆڕ دهكراو ته‌نها بۆ به‌كارهێنان به‌رهه‌م نه‌ده‌هێنرا.
كاك مه‌ریوان چه‌مكی نامۆیی (ئه‌گه‌ر ئه‌م وه‌رگێڕانه دروست بێت)ی ماركسیه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی تر تێده‌گات. ئه‌و ده‌ڵێت كه له سهرمایهداریداو به‌پێی ماركس مرۆڤ شته‌كان به‌رهه‌مده‌هێنێت نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی به‌كاریان بهێنێت به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی بینافرۆشێ به كه‌سانی تر ئه‌مه‌ش نامۆبوونی ئینسان له شتهكانو له به‌رهه‌می كاری خۆی دروست دهكاتو ده‌یكاته بوونهوهرهێكی غه‌ریبی ناو دونیایه‌كی غه‌ریب به خۆی. ئه‌و واتایه‌ی چه‌مكی نامۆبوون Alienation ئه‌و واتایه نه‌بوو كه ماركس به وشه‌كه‌ی به‌خشیبوو، ئه‌و واتایه‌ی كاك مه‌ریوان ده‌یڵێت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یاسای موڵكداری‌و بریتییه له گواستنه‌وه‌ی ناوونیشانی خاوه‌ندارێتی له كه‌سێك یان لایه‌ك بۆ لایه‌كی تر له‌كاتێكدا ماركس، ماركسی لاو، ئه‌و چه‌مكه به‌واتایه‌كی تر به‌كارده‌هێنێت ئه‌ویش كه هێزی كار شتێك بهرههمدههێنێتو ئه‌و شته ده‌بێته هێزێكی جیا له كاره‌كه، واتا نامۆبوونی كرێكاره‌كه به به‌رهه‌مه‌كه‌ی چونكه ئه‌و خاوه‌نی نییه (نه‌ك خۆی شتهكانو به‌رهه‌مه‌كانی كاری خۆی بفرۆشێت وه‌ك كاك مه‌ریوان ده‌ڵێت). جۆرێكی تری نامۆبوون ئه‌وه‌یه نامۆبوونی كرێكار به خۆی‌و به چالاكیی به‌رهه‌مهێنان، ئه‌نجامی ئه‌و نامۆبوونانه جۆرێكی تری نامۆبوونه كه نامۆبوونی مرۆڤه‌كان به یه‌كتر، له‌ڕووی خاوه‌ن كاریشه‌وه كاری نامۆبوو موڵكداریی تایبه‌ت ده‌هێنێته به‌رهه‌م (ماركس-ده‌ستنووسه سیاسی‌و ئابوورییه‌كانی ساڵی 1844، ده‌ستنووسی یه‌كه‌م، به‌شی: كاری نامۆبوو). له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیست‌و كاتێك بیریاران ئاوڕیان له بهرههمو فیكری ماركسی لاو دایه‌وه، چونكه توخمی مروڤانه‌ی زیاتری تێدا بوو له‌چاو به‌رهه‌مه‌كانی ماركسی پێگه‌یشتوو، بایه‌خ به چه‌مكی نامۆبوون دراو شتی زۆری له‌باره‌وه نووسرا. تازه ئه‌و بابه‌تانه كۆن بوون به‌ڵام هێشتا لای ئێمه نه‌بیستراون یان وه‌كو ئه‌م حاڵه‌ته‌ی ئێستا به‌هه‌ڵه باسیان ده‌كرێت.
ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه دوو نموونه بوون، له‌و دوانه‌ش زۆرتر هه‌ن باسیان بكرێت، قسه‌كردنیش له‌سه‌ریان ڕه‌نگه هانی نوخبه بدات وریاتر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خوێنه‌رانیان بكه‌ن.
تێبینی: ناوه ته‌واوه‌كه‌ی كتێبه‌كه‌ی ماركس : (ده‌ستنووسه ئابووری‌و فهلسهفهییهكانی ساڵی 1844)ـه‌و دوای بڵابوونه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه له هاوڵاتی هه‌ستم به‌و هه‌ڵه‌یه كرد بۆیه لێره‌دا چاكی ده‌كه‌م(فازڵ).
له ڕۆژنامه‌ی (هاوڵاتی) ژماره (774) له 16/10/2011، لاپه‌ڕه (12) بڵاوبۆته‌وه