| |||||
| |||||
تیره‌كه‌ی حافز ئه‌سه‌د چه‌ته‌و به‌دكار بوون فازڵ قەرەداغی له‌م چه‌ند رۆژه قسه‌یه‌كی پرۆفیسۆر عزالدین ڕه‌سوول بڵاوبووه‌وه كه بنه‌ماڵه‌ی حافز ئه‌سه‌د (دیكتاتۆری سووریا‌و باوكی به‌ششاری دیكتاتۆری ئێستا) به‌ئه‌سڵ كوردی خانه‌قین بووه‌و سه‌ر به تایفه‌ی عه‌لی ئه‌ڵڵاهی بوو و دواتر چووبووه سووریا. نازانم دوكتۆر عزالدین ئه‌مه‌ی له‌كوێ هێناوه به‌ڵام ئه‌وه‌ی زانراوه ئه‌وه‌یه كه باوكی حافز، واته علی سلیمان الاسد سه‌ر به تیره‌ی (الكلبیه) بوو. له خواره‌وه‌ش لینكێكی ویكیپیدیا سه‌باره‌ت به‌و تیره‌یه به ئینگلیزی كه ته‌نها به‌و زمانه له‌باره‌ی ئه‌و تیره‌یه شت نووسراوه‌و ته‌نانه‌ت به عه‌ره‌بیش نییه: له 1850 كان ئه‌ویش ساموێل لاید Samuel Lyde كه نێردراوێكی بهمهسیحیكردن بوو له‌ناویان ژیابوو و كهنیسهیهكو قوتابخانه‌یه‌كی دروستكردبوو. دوای ئه‌وه به‌سه‌رهاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵیان بڵاوكرده‌وه كه باسێكی سلبییه به‌ڵام به‌ربڵاو و ناسراوه. له‌و باسه نووسیبووی كه قه‌ناعه‌تی بۆ دروست بووه ئه‌وانه وه‌كو ئه‌و بتهپهرستانهن كه پۆلس باسی كردبوون: ((پڕن له گوناهكاری، خراپه‌كاریی سێكسی، به‌دكاری، چاوچنۆكی، پڕمهزهڕهت)). كابرا ڕه‌خنه‌ی گرتبوو له كاره‌كانیان: چهتهییو ڕقهبهرایهتییو درۆكردن‌و ته‌لاقدان، كۆمه‌ڵگه‌كه‌شیان دۆزه‌خێكی سه‌ر زه‌وییه. كه‌واته نه‌ك ته‌نها ئه‌و دیكتاتۆره‌و كوڕه‌كه‌ی شایه‌نی شانازی پێوه‌كردن نین، به‌ڵكو تیره‌كه‌شیان هی ئه‌وه نییه مرۆڤ شانازیی پێوه بكات‌و بیكاته كورد. ڕه‌نگه ئه‌وانه‌ی ڕژێمه‌كه‌ی سووریایان خۆش ده‌وێت بڵێن: كێ ده‌ڵێت لاید ڕاستی كردووه؟ به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌موو قسه‌كانیشی ڕاست نه‌بن به‌شێكی ڕاستن‌و ئه‌و به‌شه به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س شانازییان پێوه نه‌كات. سه‌رچاوه‌یه‌كی بابه‌ته‌كه نووسینێكی ده‌یلی ته‌له‌گرافی به‌ریتانییه كه لنكهكهی له‌خواره‌وه هه‌یه. نووسه‌ره‌كه‌ی، كریستۆفه‌ر هاوس، ئاماژه بۆ قسه‌كه‌ی ئیبنو ته‌یمیه ده‌كات له‌باره‌یانه‌وه كه نوصهیرییهكان (عه‌له‌وییه‌كان) له‌چاو نهصرانیو جووله‌كه‌و بتهپهرستهكانی هیندستان بێباوهڕترن. به‌ده‌ریش له توندیی ئیبنو ته‌یمیه له فه‌توا به‌ڵام باوه‌ڕ ناكه‌ین له‌خۆڕا ئه‌و قسانه‌ی كردبێت به‌رامبه‌ریان‌و ڕه‌نگه هه‌ڵه‌كه‌ی ئیبنو ته‌یمیه ئه‌وه بووبێت كه ته‌نها ڕووه ئاینییه‌كه‌ی بینیوه‌و نه‌چووبووه ناو شیكاریی كۆمه‌ڵایه‌تی نوصهیرییهكان، ئه‌گینا نوصه‌یری له شوێنی تریش ههنو به‌و جۆره باس نه‌كراون. هاوس له‌كۆتایی باسه‌كه‌ی ده‌ڵێت كه ناتوانین تاوانه‌كانی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌سه‌د بكه‌ینه خه‌تای بیروباوه‌ڕه‌كانی ئه‌و تایفه‌یه وه‌ك چۆن ناتوانین تاوانه‌كانی سه‌ددام بكه‌ینه خه‌تای ئیسلامی سوننی. ئه‌مه تا ڕاده‌یه‌ك ڕاسته به‌ڵام قسه‌كه‌مان له‌سه‌ر تیره‌ی ئهلكهلبییهیه كه ڕه‌فتاریان چۆن بوو. بۆیه سه‌یر نییه له‌ناو تیره‌یه‌كی وا كه‌سانی به‌دكاری وه‌ك بنه‌ماڵه‌ی ئه‌سه‌د په‌یدا ببن، ئینجا ئه‌گه‌ر بنه‌ماكانی حزبی به‌عس بچێته پاڵ پاشخانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه به‌رهه‌مه‌كه‌ی ئه‌وه ده‌بێت كه بینیمان‌و ده‌یبینین. ئێستاش كێ پێی خۆشه با بڵێت تیره‌ی ئهلكهلبییه كورد بوون، به‌ڵام كۆتا قسه‌مان ئه‌وه‌یه نه‌ك ته‌نها به‌ڵگه نییه له‌سه‌ر كوردبوونی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌سه‌د به‌ڵكو ته‌نانه‌ت كه‌سانێك هه‌ن گومانیان هه‌یه كه سه‌ر به ئهلكهلبییه یان هه‌ر تیره‌یه‌كی عه‌له‌وی بن‌و ده‌ڵێن مێژووی بنه‌ماڵه‌كه كه نووسراوه مێژوویه‌كی دروست نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا ئێستا له‌به‌رده‌سته مێژووی چه‌ته‌گه‌ری‌و به‌دكارییه. به‌ڵام ته‌نها ئه‌وه جێگه‌ی گاڵته‌جاڕی نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ش كه حافز ئه‌سه‌د به‌عسی بووه‌و كاری بۆ ڕه‌وتی قه‌ومیی عه‌ره‌ب كردووه. حافز ساڵی 1946 په‌یوه‌ندیی به حزبی به‌عسه‌وه كردبوو پێش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حزبی سۆشیالیست یه‌ك بگرێت‌و ببێته حزبی به‌عسی عه‌ره‌بیی سۆشیالیست، واته په‌یوه‌ندیی به حزبه قهومییهكه كردبوو نه‌ك سۆشیالیستهكه. بابه‌ته‌كه‌ی ویكیپیدیا: https://en.wikipedia.org/wiki/Kalbiyya بابه‌ته‌كه هه‌روه‌ها ئاماژه بۆ بابه‌تێكی كورت له ده‌یلی تیلیگرافی به‌ریتانی: http://www.telegraph.co.uk/news/religion/8684113/Secretive-sect-of-the-rulers-of-Syria.html
07-01-2017 www.zagros.org/kurdish-articles-2017-01-07-212953 10093 جار بینراوه |